دواین هەواڵ

دوای ھەنگاوەکەی گوگڵ چی گرنگە بکرێت؟

‌ئاسۆ وەهاب

13/05/2022

گوگڵ دیالێکتی کرمانجی خواروو سۆرانی بۆ خزمەتگوزاری وەرگێڕانی خۆی زیادکرد، دەستخۆش بۆ ھەموو ئەوانەی کاریان لەسەر ئەم بابەتە کردو بەشێکبوون لە پرۆسەی قایلبوونی گوگڵ بە پێویستی زیادکردنی کرمانجی خواروو بۆ خزمەتگوزارییەکە.

بەڵام ئایە ئەمە کاری ناوێت؟

لەبنەڕەتدا ئەمە سەرەتایەو تەنھا دانی وشە فەرھەنگییەکان لە خزمەتگوزارییەکە بەس نییە تا ئەوپەڕی سوود لە خزمەتگوزارییەکە وەربگیرێت، چونکە وەک شارەزایانی زمان ئاگادارن، بابەتی سیمانتیک و پراگماتیک ڕۆڵی سەرەکیتریان ھەیە لە بابەتی وەرگێڕان تا وشەسازی و مانای ڕووتی وشە.

ئەو ژیری پیشەسازییەی گوگڵ و ئەپڵ و مایکرۆسۆفت و فەیسبوک بەکاری دەھێنن زۆر زۆر پێشکەوتووەو لەخۆوە فێر دەبێت بێ ئەوەی مرۆڤ ڕۆڵی سەرەکی ھەبێت لە پرۆگرامکردنی. بۆیە زۆر گرنگە بەکارھێنەری کورد وریای چەند وردەکارییەک بێت لەبەکارھێنانی خزمەتگوزارییەکانی گوگڵ بە گشتی تا کاریگەری ئەرێنی لەسەر خزمەتگوزاری وەرگێڕانی گوگڵ بەجێ بھێڵێت.

١- بەفۆنتی یونیکۆد گەڕان بکە. ئەمەیش ئەمانباتەوە سەر کێشە گەورەکە، ئەویش نەبوونی ناوەڕۆکی کوردییە بە دیالێکتی کرمانجی خواروو سۆرانی.

٢- پێویستە حکومەت، ناوەندە پەروەردەیی و زانستییەکان، زانکۆکان، ئیجبار بکات بۆ دانانی ناوەڕۆکی ئەکادیمی و زانستیەکان و ڕاپۆرتو لێکۆڵینەوەکانی دەرچوون لەسەر ئینتەرنت، بەو مەرجەی ناوی دۆکۆمێنتەکە بە کوردی و بەفۆنتی یۆنیکۆد دابنێن، تا پرۆسەی گەڕان کارا بکات.

٣- شارەزایانی ھەر زمانێک کە کورد زمانن، پێویستە ڕۆژانە بچنە سەر خزمەتگوزارییەکەو ڕستە وەرگێڕن و ئەگەر دروست نەبوو چاکی بکەن تا ھەموو گۆڕانکارییەکان لە ڕێگەی ژیر پیشەزاییەوە لەبەرچاو بگیرێن و لێوە فێر ببێت. مەرجیش نییە وەرگێڕانەکان کوردی ئینگلیزی یان ئینگلیزی کوردی بن. بگرە لە زمانەکانی تریشەوە ھەر گرنگە.

٤- ئەوانەی سیستەمی ئەندرۆید بەکاردەھێنن کە ھی گوگڵە پێویستە کیبۆردی کوردی داگرن و بەکاری بھێنن لە پرۆسەکانی گەڕان و نووسین و دوور بگرن لە نووسین بە پیتی لاتینی و ئەوەی پێیی ئێژین کوردزی.

٥- بۆ ئەوەی ئەم ھەنگاوە سەرکەوتوو بێت و کۆمپانیاکانی تری وەک ئەپڵ و فەیسبوک، کاری لەسەر بکەن پێویستە ھاوشێوەی خاڵی چوارەم مامەڵە بکەن.
لە کۆتاییدا دەستخۆشی بۆ ھەموو ئەوانەی لە پشت سەرکەوتنی ئەم کارەوە بوون، ھەمیشەیش سەرکەوتن خاوەنی زۆرە، ئەویشمان ھەر قەبووڵەو دەستی ئەو تاقمەیش خۆش بێت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP