دواین هەواڵ

لە فەیسبوک چی گۆڕا؟

‌ئاسۆ وەهاب

31/10/2021

ڕۆژی پێنج شەممە ٢٨ی تشرینی یەکەم ٢٠٢١ بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای فەیسبوک مارک زۆگربرگ گۆڕینی ناوی کۆمپانیاکەی لە فەیسبوکەوە بۆ میتا ڕاگەیاند.

پێش ئەوەی باسی ئەم گۆڕانکارییە بکەین با کەمێک باسی کۆمپانیای فەیسبوک بکەین، لە ٢٠٠٤ کۆمپانیای فەیسبوک وەک کۆمپانیایەکی تایبەتی بواری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕاگەیندرا کە تاکە یەک خزمەتگوزاری پێشکەش دەکرد.

بەڵام لە ٢٠٢١ فەیسبوک خاوەنی ٩٣ خزمەتگوزاریی و بەرھەمە. فەیسبوک لە ساڵی ٢٠١٢ بە ١ ملیار دۆلار ئینستاگرامی کڕی، لە ٢٠١٤ بە ١٩ ملیار دۆلار واتس ئاپی کڕی، ھەمان ساڵ بە بەھای ٢ ملیار دۆلار کۆمپانیای Oculue VR ی کڕی، کە کۆمپانیایەکی پسپۆڕە لە بواری چاویلکەکانی واقیعی گریمانەیی.

لە دوایەمین پرۆسە کۆمپانیای Giphy کڕی کە بریتییە لە داتابەیس و ئامرازێکی گەڕانی تایبەت لە وێنەی جوڵاوی gif , ئەمە ئەو وێنانەن کە دەتوانن لە کۆمێنت و چاتەکانتان داینێن.

لە ماوەی ١٦ ساڵ، فەیسبوک لە کۆمپانیایەکی خاوەن یەک خزمەتگوزاری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ٢٠٠٤ ، بووە خاوەن ٩٣ خزمەتگوزاری ٢٠٢١، فەیسبوک ئەو چەترەبوو کە ھەمووانی کۆکردبووەوە.

چی ڕوویدا؟

فەیسبوک، بڕیاریدا کەیانێکی تازە بەناوی میتا Meta دروست بکات و ببێتە چەتر بۆ ھەموو کۆمپانیاکان و لەناویشیاندا تۆڕە کۆمەڵایەتییەکەی فەیسبوک. لەئێستادا دەتوانین بڵێن، خزمەتگوزاری فەیسبوک، یەکێکە لەبەرھەمەکانی کۆمپانیای میتا، ھەمان شت بۆ خزمەتگوزاری واتس ئاپ و ئینستاو ماسینجر دروستەو ھەموویان ھی کۆمپانیای میتان.

پرسیاری گرنگ ئەوەیە چی وایکرد فەیسبوک ئەم کارە بکات؟

وەڵامی ئەم پرسیارە ئاسان و ڕاستەوخۆ نادەمەوەو دابەشی دەکەمە سەر دوو بەش. لە سەرەتادا، دەبێت ئەوە بزانین، پێش ماوەیەک کۆمپانیای فەیسبوک سەرمایەگوزارییەکی زۆری لە تەکنەلۆژیای میتاڤێرس Metaverose کرد ناوە تازەکەیش لێرەوە سەرچاوەی گرت.

میتاڤێرس چییە؟

دوور لە واتای فەرھەنگی ناوەکە، میتاڤێرس ئینتەرنتی تازەیە یان دەتوانین بڵێین ژیانی دیجیتاڵی دوای چەند ساڵێکی تر، بریتییە لە واقیعی گریمانەی، کە دەتوانین لە ڕێگەی چاویلکەی ٣ ڕەھەندییەوە پێی بگەین.

ئەمە چی دەگەیەنێت؟

بەکورتی، لە ئێستادا ھەمووان بۆ کارو خوێندن و گەڕان و پەیوەندیکردن لەگەڵ ماڵ و ھاوڕێی و شوێنی کار کۆمپیوتەرو تەلەفۆن و تەلەفزیۆن و کاتژمێرو ھەموو ئامێرێکی ژیر بەکار دەھێنین.

میتافێرس، واتا کۆکردنەوەی ھەموو ئەو شتانە لەناو یەک ئامێر کە ئەویش چاویلکەیەکە، چاویلکەیەک بەتەنھا. بە کورتی، تۆ کاتێک لە خەو ھەڵدەستی، دەبێت دوای خۆ ئامادەکردن، دەربچیت و بە ئامرازێکی گەیاندن بچیتە، قوتابخانە، زانکۆ، شوێنی کارەکەت یان چاوپێکەوتنی کار، بە بەکارھێنانی میتافێرس، دوای ھەڵسان لە خەو، دەموچاوت دەشۆری و چاویلکەکەت لەچاو دەکەیت و ھوپ خۆت لەبەردەم دەرگای قوتابخانەو زانکۆ و شوێنی کارەکەت دەبینیتەوە.

دەخوێنین و کاردەکەین و دیدارەکانمان ساز دەدەین لەڕێگەی چاویلکەکەمانەوە. چونکە ئەوانیتریش بەھەمان شێوەی تۆ لە ڕێگەی چاویلکەکانیانەوە دەگەنە ھەمان شوێن.

بۆ نموونە دەمانەوێت، پەیوەندی بە ھاوڕێیەکەوە بکەین داوا لە چاویلکەکە دەکەین پەیوەندییەکەمان بۆ ساز بدات، کات و ڕۆژ و ڕێکەوت بەردەوام لەسەر شاشەی چاویلکەکە ئامادەیی ھەیە، یان داوای لێدەکەین پیشانمانی بدات.

دەمانەوێت تەماشای یارییەک بکەین، لە ڕێگەی چاویلکەکەوە پلیت دەبڕین و شوێن دیاریدەکەین و پارەی پلیتەکان دەدەین و لەناو یاریگا ئامادەدەبین و دەوروبەرەکانمان و یاریکەرەکان دەبینین لە ڕێگەی چاویلکەکە بێ ئەوەی لەماڵ دەرنەچین.

دەتوانین بچینە میوانی و بدەین لە دەرگاو بچینە ماڵەوەو دانیشین گاڵتەو گەپ و قسەو باسی خۆمان بکەین لەڕێگەی چاویلکەکانەوە بێ ئەوەی لەماڵ دەربچین.

لێرەدا پرسیار ئەوەیە کەسایەتییەکان چۆن دەبێت؟

ھەروەک ناو بەرنامەو یارییەکان، ئەڤەتارەکان تا ڕادەیەکی زۆر ھاوشێوەی ئێمە دەکێشرێن بە شێوەی دیجیتاڵی، ئەو جلوبەرگانەی لە بەری دەکەین ئۆنلاین دەیانکڕین یان بەخواستن دەیدەین یان وەریدەگرین.

بەکورتی و بە کوردی ژیانمان دەگۆڕێت لە واقعەوە بۆ گریمانەیی لە ڕێگەی چاویلکەیەکەوە.

ئێستا بیربکەرەوە ئەمە ئاسانە؟

بەدڵنیاییەوە، تۆ بەراوردی ژیان بکە لە نێوان ٢٠٠٤ تا ٢٠٢٠ چەند گۆڕانکاری ڕوویداوە، دواتر چۆن لە پڕ ژیان وەستاو ھەموو شتێک کار، خویندن، سەردان و بازرگان و بازاڕکردن لە واقیعییەوە گۆڕان بۆ گریمانەیی، تەنھا جیاوازی ئەوەیە لەبری ئەوەی ئەو شتانە بە کۆمپیوتەر بکەین ئەمجارە بە چاویلکەیەک دەیکەین.

ئایا ئەم تەکنەلۆژیایە، تەنھا کۆمپانیای فەیسبوکی جاران و میتای ئێستا کاری تێدا دەکەن؟

لە ڕاستیدا نەخێر، کۆمپانیاکانی وەک مایکرۆسۆفت، سامسۆنگ، سۆنی، ئەپڵ و سەدان کۆمپانیای تر ھەزاران ھەلی کارایان بۆ ئەم بوارە ڕاخساندوەو چەندان داھێنانیان لەبواری واقیعی گریمانەیی و پاڵپشتیکراو ھەیە و کێبڕکێ دەکەن.

ئایە ئەمە چەندی پێدەچێت؟

ئەمەی باسیدەکەین لە بواری داھێنان و دۆزینەوەو لەھەندێک شوێنیش لەبواری جێبەجێکردندایە بەتایبەت لەناو یارییەکان و گەشت و سەردان و کۆبوونەوە گریمانییەکان، ھاوکات تا ئێستا خێرای ئینتەرنت یارمەتیدەر نییە بۆ جێبەجێکردنی، بەڵام لەگەڵ بەردەستبوونی تەکنەلۆژیای نەوەی ٥ خێراییەکە یارمەتیدەر دەبێت بۆ برەوسەندنی.

ئەم کارە چەند ساڵێکی تری دەوێت و زەمینەسازی بۆ دەکرێت، ببینن زۆر ناوەندی خوێندن و کۆمپانیا وێڕای ئاسایی بوونەوەی دۆخی ژیان دوای کۆرۆنا بەڵام بەردەوامن لەپشتیوانی کردنی خوێندن و کارکردن لەڕێگەی ئینتەرنتەوە.

بەدڵنیاییەوە دە ساڵی ئاییندە ئەم گۆڕانکاریانە دەبینین.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP