دواین هەواڵ

ئەمریکا دەگرى چین پێدەکەنێ

‌د. ئەرسەلان بایز

19/09/2021

شەڕى نەریت و بەرژەوەندى و دەسەڵات لە نێوان وڵاتانى ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوادا، شەڕێکى نەپساوەى سەدان ساڵەیە. هەریەکەو شانازى بە ڕێڕەوەى ژیان و کولتورى خۆیەوە دەکات. لەوەتەى دنیا دنیایە ئەو دوو هێلە هاوتەریب بەڕێوە دەچن و هەرگیز بەیەک ناگەن. ئەمڕۆش ئەو شەڕە بە شێوەیەکى سەردەمیانە لە نێوان هەردوو زلهێزەکەى دنیا، کۆمارى چینى کۆمێنست و ئەمریکاى سەرمایەدار بە توندى بەردەوامە، چاوەڕوان دەکرێت شەڕى بەرژەوەندى و دیدگاکانى ئەو دوو هێزە، وەکو گەردەلوولێک بگاتە ئاستێکى یەکجار بەرزو ترسناک. شیاوى باسە هەردوو لاشیان بانگەشەى ئەوە دەکەن کە سیاسەتەکانیان لە پێناوى بەرژەوەندى باش و ئایندەیەکى گەشاوەترە بۆ مرۆڤایەتى.

   چینیەکان پێیان وایە ئەمریکا وڵاتێکى خۆ بە زڵ زان و خۆ سەپێنەرە. بە زەبرى چەک و هەڕەشە وڵاتان داگیر دەکات، سەروەت و سامانیان تاڵان دەکات و بازاڕى چەکیان پێ گەرم دەکات. ئەمریکا لە ڕێگاى قازانجى کۆمپانیاکانى، وڵاتان بە گژ یەکتریدا دەکات و ئاژاوەیان لە نێواندا دەنێتەوە دواییش بەشکستى پاشەکشە دەکات. شەڕى ڤێتنام، عێراق،

ئەفغانستان، فەڵەستین...هتد. باشترین نموونەى سیاسەتى ئەمریکان لە جیهاندا. لە ناو خۆى وڵاتى ئەمریکاش شەڕى نێوان پێست ڕەش و پێست سپیەکان بەردەوامە. ساڵانە چەندین هاوڵاتى پێست ڕەش لە ژێر پۆستاڵى پۆلیسە سپیەکان گیان لە دەست دەدەن. هەر وەکو لەسەردەمى سەرۆک ترامپ بە بەرچاوى دەیان کامیراوە ڕوویدا. جیا لەو ئاژاوە گەورەیەى لایەنگرانى ترمپ کردیان و پەلامارى کاپیتۆلیانداو دارو بەردیان بەسەر یەکدا ڕووخاند. چینیەکان دەڵێن ئەمریکا هێندە خەمى بەختەوەرى مرۆڤایەتى نیە هێندەى لە خەمى قازانج و سەرماو گەرم کردنى فرۆشتنى بازاڕى چەکە.

  بە پێچەوانەى ئەمریکیەکان چینیەکان بە پێى ڕێنماییەکانى (کۆنفوشیوس) ((کۆنفۆشیوس: فەلسفەیەکى ئەخڵاقى کۆمەڵایەتیە، بایەخ بە پەروەردەو ڕەفتارى بەرزى مرۆڤ دەدات لە کۆمەڵگادا)) شانازى بەوەوە دەکەن هەر لە ساڵى (1949)وە، لەو ڕۆژەوەى لە ژێر چنگى داگیرکەر ڕزگاریان بووە، سەرقاڵى بیناکردنەوەى نێو ماڵى خۆیانن. هەرگیز بە خەیاڵیاندا نەهاتووە وڵاتان داگیر بکەن. چاوى برسیان نەبڕیوەتە سامانى کەسانى تر. هیچ سەربازگەیەکیشیان لە وڵاتاندا نیە. هەمیشە لە هەوڵى نەهێشتنى هەژارى و دابین کردنى خانووى نیشتەجێو خواردن و ئاوى پاک و خزمەتگوزارین بۆ هاوڵاتیان.

لە ماوەى ئەو سى ساڵەى ڕابردووشدا بە قەڵەمباز لە هەموو بوارەکاندا پێشکەوتنیان تۆمار کردووە. (99) ملیۆن کەسیان لە برسَیتى ڕزگار کردووە. هەر بۆیەش ئەمریکیەکان ئێرەییان پێ دەبەن و دژایەتیان دەکەن. لەو ساڵانەى ڕابردوودا چەندین هێندەى پێشتر داریان ڕواندووەو دارستانیان گەشە پێداوە، بە پێچەوانەى پڕوپاگەندەى ئەمریکیەکان کە دەڵێن چین هۆکارێکى پیس بوونى ژینگەیە. لە پێش هەموو وڵاتانیش توانیان کۆنتڕۆڵى نەخۆشى کوشندەى سەردەم (کۆڕۆنا) بکەن.

   هەر بە پێى ڕێنماییەکانى کۆنفۆشیوس پەروەردەو هۆشیارکردنەوەى نەوەى نوێ لە پێشى پێشەوەى هەموو ئەرکەکانى ترە. ئەگەر لاى ئەمریکیەکان قازانج لە پێشەوە بێت ئەوا لاى چینیەکان عەقڵى مرۆڤ گەورەترین سەرمایەى مرۆڤایەتیە. هەر بۆیەش دوا بڕیارى کاربەدەستانى ئەو وڵاتە، ماوەى تەنیا سێ سەعاتی ڕۆژانەیان بۆ مناڵان تەرخان کردووە بۆ یارى کردن بە یارییە ئەلیکترۆنیەکان. هەر بۆیەش (تیم کوک) سەرۆکى کارگێڕیی کۆمپانیاى (ئەپڵ) دەڵێ: بوونى کۆمپانیاى ئەپڵ لە چین بۆ ئەوە نیە کە دەستى کار لەوێ هەرزانە، هێندەى بۆ ئەوەیە کە تواناو لێهاتوویی چینیەکان لە ڕادە بەدەرەو کەمتر لە وڵاتانى تر دەست دەکەوێت.

ئەمریکا دواى بیست ساڵ مانەوە لە ئەفغانستان بەشکستى کشایەوە. فریاى ئەوەش نەکەوت تەواوى ئەمریکیەکان دەرباز بکات، بۆیە فرمێسک بۆ شکست و کوژراوەکانیان دەڕێژن. چینیش لەو سەرەوە دانیشتووەو بە زەردەخەنەوە سەیرى فلیمى کشانەوەى شکستى ئەمریکا دەکات.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP