ئەگەر ئەمڕۆ سەیری بازاڕەکانی کوردستان بکەین دەبینین، کە جۆرەها کاڵا و بابەتی جۆراو جۆر بوونی هەیە چ ئەو کاڵایانەی هاوردە دەکرێن؟، یاخود ئەو کاڵایانەی کە لە ناوخۆی کوردستان بەرهەمدەهێنرێت، بۆیە زۆربوونی کاڵا و جۆرەکانی وادەکات کێبڕکێ لە نێوان کۆمپانیاکان دروست ببێت و ئەو کێبڕکێیەش بگات بە ئاستێکی زۆر بەرز بە تایبەت لەڕووی بە بازاڕکردنی کاڵاکانیان ، چونکە ئەساسی ئەم کێبڕکێیە بۆ زیادبوونی فرۆش و گەیاندنی بەرهەمی کۆمپانیاکانە بە دەستی بەکاربەر، کە ئەمەش حەقی مەشروعی کۆمپانیاکانە بۆ ئەوەی زۆرترین بەکاربەر بەرهەمەکانی ئەوان بەکاربهێنن ئاستی ئەم کێبڕکێیەش بگەینن بە بەرزترین پلە، گشت ڕێگە و تەکنیکەکانی بازاڕگەری بەکاربهێنن بۆ گەیشتن بەم ئامانجە.
بەڵام ئەوەی جێگەی تێڕامان و هەڵوەستە لەسەر کردنە ئەم کێبڕکێیە لەسەر گیرفانی بەکاربەران ئەنجامدەدرێت کۆمپانیاکان دەیانەوێت ئەم ئامانجە لەسەر گیرفانی بەکاربەر بەدەست بهێنن، چونکە ئەم جۆرە لە کێبڕکێیە خەریکە هیچ مانایاک بۆ زانستی بازاڕگەری و بەبازاڕکردنی کاڵاکان ناهێڵێتەوە، وە خەریکە مانای بازاڕی ئازادیش ناشرین دەکات، چونکە لە زۆر کاتدا کێبڕکێیەکە نە لەسەر کوالێتی و نە لەسەر خزمەتکردنی کڕیارەکانە، وە نە لەسەر دابەزاندنی نرخی کاڵاکانە! بەڵکو زۆربەی هەرە زۆر ئەو کێبڕکێیە کە ئەمڕۆ هەیە لە بازاڕی کوردستان هەستی پێدەکرێت لەسەر هەلکڕاندنی گیرفانی کڕیارە!
لەسەر حسابی بەکاربەرانی بەرهەمەکانە بێ ئەوەی بەشێکی زۆر لە بەکاربەران هەستی پێبکەن کە لەنێو ئاشی کۆمپانیاکان دەهاڕدرێن و گیرفانیان خاڵیدەکرێت ، چونکە بە هیچ جۆرێک لە هیچ حاڵەتێکدا کۆمپانیایی بەرهەمهێن یاخود کۆمپانیایی هاوردەکاری کاڵا باجی کێبڕکێی نێوانیان نادەن، بەڵکو ئەوە ئێمەی بەکاربەرین بەزیادەوە ئەو باجە دەدەین! بۆیە ڕەنگە بە خستنەڕووی دوو نموونەی زۆر سادە و زەق مەبەست و کڕۆکی بابەتەکە زیاتر ڕوونببێتەوە،
یەکەم، جاران تەنەکەیەک ڕوون ١٥ کلغ ڕوونی سافی تێدابوو، ئەمڕۆ لەژێر فشاری ئەو کێبڕکێیەی کە باسمانکرد کۆمپانیاکان کێشەکەیان گۆڕیوە کردویانە بە ١٢ لیتر! ، وە بەوەشەوە نەوەستاون ١٢ لیترەکەشیان کردووە بە ١٠ لیتر!
دووەم، خۆراکی کەپسکراو (بەستە بەندی) کێشی یەک کیلۆگرام بوو، بەڵام ئەمرۆ کۆمپانیاکان هەندێکیان هەتا ٦٥٠ گرام کێشەکەیان دابەزاندوە! ( ڕەنگە زۆرێک لە کابانەکانی ماڵ گلەیی ئەوە بکەن بڵێن بەرەکەت لە خۆراکەکانمان نەماوە، چونکە جاران یەک کیسی کەپسکراو بەشی دوو ژەمی دەکرد! بەڵام ئەمڕۆ ئەگەر بەشی ژەمێک بکات! ئەوەی ڕاستیە بەرەکەتی خۆراک هەر لە شوێنی خۆیەتی و ئەگەر زیادینەکردبێت هەرگیز کەمی نەکردوە، بەڵکو ئەوەی کەمکراوەتەوە کێشی بەرهەمەکەیە بۆ نزیک لە نیوەی کێشی جارانی بێ ئەوەی ئێمەی بەکاربەر هەستی پێبکەین، چونکە بەشێوازێک کەپسدەکرێت کە قەبارەی وەکو قوبارەی پێشتر خۆی پیشانبدات، لە ئەساسدا لە هەر کیلۆیەک نزیک بە نیو کیلۆی کەمکراوەتەوە! بەرەکەت چۆن بمێنێت؟!)، ئەم نموونەیەو دەیانی تریش گەواهیدەری ئەو ڕاستیەن کە کێبڕکێیەکی یەکجار مەترسیداری ناشەریفانە لەسەر گیرفانی هاووڵاتیانی ئەم نیشتمانە لە نێوان کۆمپانیاکان دەگوزەرێ .
دەبێت ئەوەش بوترێت ڕەنگە ئێمەی هاووڵاتیش هۆکاربین وە نسبەیەک لە بوونی ئەم کێبڕکێیە بگرینە ئەستۆ، چونکە ڕەنگە زۆرێکمان هێندەی گرنگی بە قەبارە و ڕووکاری دەرەوەی بەرهەمەکە دەدەین هێندە گرنگی بە کێشی ڕاستەقینەی بەرهەمەکە نادەین، واتە لە کاتی بازاڕکردنمان چاو زیاتر بڕیاردەدات نەک ووردبوونەوەی زیاتر لە هەموو لایەنەکانی بەرهەمەکە، بۆیە دەبێت ئەم کێبڕکێ و بارقورسەیە لەسەر گیرفانی هاووڵاتیان لابدرێت وە سنورێکی بۆ دابنرێت، بنەمای کێبڕکێ لەسەر کواڵێتی بێت، دەبێت کێبڕکێ لەسەر گیرفانی کۆمپانیاکان بێت.
ئەمەش تەنها بە چاودێرییەکی توندی بێ بەرژەوەندی سەرکۆمپانیاکان ، وە بە دانانی ستانداردێک بۆ کێش و قەبارەی ئەو کاڵایانەی کە هاوردە دەکرێن یاخود لەناوخۆی کوردستان بەرهەمدەهێنرێن ، بەمەش ڕەنگە تا ڕادەیەکی زۆر کێبڕکێی ڕاستەقینە لەنێوان کۆمپانیاکان بێتە ئاراوە وە ئەم کێبڕکێیە بکەوێتە سەر ڕێچکەی سروشتی خۆی چیتر بەکاربەر نەبێتە چەقی یەکلاکەرەوە.