دواین هەواڵ

نهێنی جوانی و نەشتەرگەرییەکانی جوانکاری

‌ڤینۆس فایەق

29/07/2021

ھەموو ئادەمیزادێک کە دێتە دونیاوە، نھێنی جوانی خۆی لەگەڵ خۆی دەھێنێت. گرنگ ئەوەیە ئامادەیی ئەوەمان تێدابێت بە ھەموو کەموکورتییەکانمانەوە خۆمان قبووڵ بێت، ئەوجا ئەو ھەستە وەردەگرین کە لەلایەن ئەوانی ترەوە بۆ خاتری ناوەوەمان قبوڵکراوین، ئەمەش بە بڕێکی باش لە متمانە بە خۆبوون دەبێت، رۆماننووس و شێوەکاری فەرەنسی کریستیان پیژۆ، کوڕەزای خاوەنی ھێمای شێرەکەی ئۆتۆمبیلی پیژۆ، لە رۆمانی (بێنامووس بە و دەمت داخە) باس لەو ژنە خاوەن کەسایەتییە لاوازانە دەکات کە وەکو ژنانی بۆرژوا خۆیان بە قاوغێکی درۆزن پێچاوەتەوە،

ئەوانەی کە ھەموو کردەوەکانیان گەواھی ئەوە دەدەن لە خۆیان رازی نین و خۆیان قبووڵ نییە، کەچی گەمژانە لە خەمی رازیکردنی پیاوێکدان و گەمژانە خۆیان تەسلیم بە پیاوێک دەکەن ھەتا رادەی سڕینەوەی کەسایەتیی خۆیان. لەمجۆرە ژنانەش لە کۆمەڵگە دواکەوتووەکاندا زۆرن کە بەردەوام لە خەمی ئەوەدان خۆیان لە چاوی پیاوەکاندا جوان بکەن، لە کاتێکدا نازانن جوانی راستەقینە لە جێگەیەکی ترە.

کێشەکەش ئەوە نییە ئەوانی تر قبوڵمان بکەن یان نا، بەڵکو کێشەکە لە خۆماندایە کە بگەینە خاڵی ئاشتبوونەوە لەگەڵ خۆمان و راگەیاندنی ئاشتییەکی دەروونیی وەھا کە بەبێ توێکڵ و جوانکاریی رووکەشی لە خۆمان رازی بین و متمانەمان بە خۆمان بێت. ئەمەیە کە خولیای نەشتەرگەریی جوانکاری بیری بردووینەتەوە. لە ھەموو بۆنە ھونەرییەکاندا، جولیا رۆبێرتسی ئەکتەری ئەمریکیی تەمەن وەکو 54 ساڵ سەرنجڕاکێشترین دەردەکەوێت، چونکە بە ئاسانی نھێنیی جوانیی خۆی کە پێوەی لەدایکبووە دۆزیوەتەوە.

جا ئەو کاتەی ئێمەش بە جوانکردنی شکڵی دەرەوەمانەوە سەرقاڵین، کەچی جوانی کە لە چاو و لە رۆحدایە، لەو جێگەیەی هیچ پزیشکێک دەستی نایگاتێ دەستکاریی بکات. ئیتر تەنها شت کە زیاترین جوانی دەبەخشێتە ژن متمانەیەتی بە خۆی و دۆزینەوەی نهێنیی جوانیی خۆیەتی. من هەرگیز دژ بە نەشتەرگەرییەکانی جوانکاریی نیم، بگرە زۆر نایابە بیر لەوە بکەیتەوە جوان دەرکەویت. بەڵام لە کۆمەڵگەی ئێمەدا کە پەروەردەیەکی رووکەش وەردەگرین، پیاو لەسەر ئەوە چاو دەکاتەوە کە جەستەی ژن حەرامکراوە و بە زۆر بەهانەی دینی و کۆمەڵایەتیی دواکەوتوو لە جیھانی پیاو دوور خراوەتەوە، دەبێت شۆڕشێکی ئەقڵیت هەڵگیرساندبێت بۆ ئەوەی بەو لچ و کوڵمە بەرزکراوەوە بەسەلامەتی بەسەر شەقامدا بە بەردەم پیاودا گوزەر بکەیت یان کە وەکو بێژەرێک هەواڵم بۆ دەخوێنیتەوە قەناعەتم پێبکەیت راگەیاندکاریت و ئەکتەری سینەما و مۆدێل نیت.

ئاخر زۆرێک لە پیاوەکانی کۆمەڵگەی ئێمە کە ھێشتا ژن تەنھا وەکو شتێکی وروژێنەر و مەکینەیەکی سێکسی دەبینن، ئیتر چۆن کە ئەو دەموچاوە پلاستیکییە دەبینن ھەراسانی ناکەن؟ دیاردەی ھەراسانکردنی سەر جادە لەو کۆمەڵگایانەدا روو لە زیادبوون دەکات کە ژن و پیاو کەمترین هوشیاریان هەیە، وەکو کۆمەڵگایەکی دواکەوتووی پاتریارکی و دین باڵادەست ژنان زیادڕەوی لە خۆ جوانکردندا دەکەن و بێزاریش دەبن لەوەی لە سەر جادە ھەراسان دەکرێن.

ئاخر تۆ دەزانی ئەو کۆمەڵگەیە وەکو دەستاڕ ھەزاران کەسی لە ھەژاری و بێدەرامەتی و کێشەی مووچە و ئاو و کارەبادا ھاڕیوە، تۆش بە لچ و کوڵم و سنگ و سمتێکی بەرزکراوەوە دەچیتە سەر جادە دەبێت چاوەڕێی چی بیت؟ لە کۆتاییدا مەسەلەکە بڕوا بە خۆبوونە،

چەند بڕوات بە خۆت هەبێت ئەوەندە لە ناوەوە بۆ دەرەوە جوان دەردەکەویت، من دەزانم هیچ قانوونێک نییە رێگە لە نەشتەرگەرییەکانی جوانکاری بگرێت، بەڵام خۆ دەبێت بزانین لە کوێوە دەستپێبکەین بۆ خۆجوانکردن و چۆنی دەکەین و نەبینە گاڵتەجاڕ. ئەوەش بزانە هەموو نەشتەرگەرییەکانی جوانکاری رواڵەت گەنج دەکاتەوە، بەڵام هیچ شتێک ئاماژەکانی تەمەن لەناو چاوەکان و هەڵسوکەوتماندا گەنج ناکاتەوە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP