دواین هەواڵ

ئەو شەڕەی کە ئەبێ بکرێ !

‌شیروان تاڵیب

06/06/2021

ئەگەر شەڕی پەکەکە بەتەنیا بە ملی پارتیدا بێ ، ئەوا پارتی سەری پێوە نیە و بێ دوو دڵی ئەیکا ، چونکە دوورخستنەوەی مەترسی پەکەکە لە خاکی ھەرێم ، دوورخستنەوەی ھەڕەشەی تورکیاشە لەسەر ھەرێم !

ئەگەر قەرارە ( ھەر ) پارتی شەڕی پەکەکە بکا ، بۆ نا ، ئەیکا ، چونکە گەڕاندنەوەی پەکەکە بۆ مەیدانە ( چۆڵکراو )ەکەی خۆی ، گەڕاندنەوەی ئارامی و گەڕاندنەوەی ژیانیشە بۆ ناوچەیەک کە بەھۆی پەکەکەی دەستکێش و تورکیای لەشکرکێشەوە ، ساڵانێکە ھەم خاک و ھەم خەڵکەکەی ، لە ژیانێکی ئارام بێبەشن !
ئەوانەی لەم شەڕەدا سەنگەری سیاسیان لە پارتی گرتووە ، پێی بزانن یان نا ، سەنگەری تورکیایان ھەڵبژاردووە ! ئاخر شەڕی وەدەرنانی پەکەکە لە خاکی ھەرێم ، شەڕی وەدەرنانی تورکیاشە !

ئەوانەی لەم شەڕەدا سەنگەری میدیاییان لە پارتی توندکردووە ، لە پارتی چاکتر پەکەکە ئەناسن و لە پارتی باشتریش لە خەتەری پەکەکە تێگەیشتوون ،، بەڵام ئیتر ئەمە کوردە ، بڵێین چی !

پارتی لەوەتای ھەیە ، حیزبی کاری مەزن و حیزبی ئەرکە قورسەکانە ، ئێ شەڕێکیش کە دەستی ھێزێکی دەستکێشی تێدا ببڕدرێ تا لەوەزیاتر دەست بۆ حورمەتی خاک و کەرامەتی خەڵک درێژ نەکا ، شەڕێک نیە چەمکی براکوژی بۆ بشێ ، تا شەرمی لێ بکرێ !

شەڕێک کە بیانووی دوژمنان ببڕێ و سنوورێک بۆ پێ ڕاکێشانیان بکێشێ تا چیتر لە خاکی ھەرێمەکەی گیر نەکەن ، ئەوپەڕی غەشیمییە ناوی وەکالەتی لێبنرێ !
ئەو شەڕەی کە لەبەردەگا و لەناو حەوشەی ماڵی خۆتدا ئەیکەی ، شەڕی مان و نەمانە و بەسەری بەرزەوە ئەکرێ ، ئێ پارتیش عادەتییەتی ، تا خۆی ھەبێ ، ئەو سەربەرزیە بە کەسی تر نادا و پێشی ھەمووان ئەکەوێ !

ئەم شەڕە شەڕی خەڵکی ترە و لە جێی تر نایکەن ، لە بەردەرگای ئێمەدا نەبێ !

ئەم شەڕە گەمەیەکیشە ، گەمەی خەڵکی تر ، بەڵام دەست و قاچی ئێمەیان لێ ئاڵاندووە و ( بە ھەموویانەوە ) ئەیانەوێ سەریشمانی تێدابچێ !
ئەو شەڕەی پارتی ( بە تەنیا ) ئەیکا ، شەڕێکە بۆ ئاشتی ( ھەمووان ) ، بەڵام وەک چۆن ئاشتی بە یەکڕیزی نەبێ نابێ ، شەڕیش ھەروایە ، یەکڕیزی گەل و یەکھەڵوێستی سیاسی و یەکخستنی گووتاری ئەوێ !

بەڵام چی ئەڵێی لەگەڵ دەردەکورد دا ،،،
ھیچی لەگەڵدا ناکرێ .

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP