دواین هەواڵ

ئێران، ڕژێمێک کە دوژمنەکەی ئەیپارێزێ!

‌شیروان تاڵیب

پێش 3 هەفتە

لە یەکەم دەققەی دوای تۆفانی ئەقساوە، ئیسرائیل ئەیویست بە پەلکێشکردنی ئێران و دەستکێشەکانی لەناوچەکە بۆ ناو جەنگەکە، بازنەی جەنگ فراوانتر بکا، قوڕاوی جەنگەکە لە پێی هەمووان بسوێ و گۆمەکە بۆ مەلەیەک خۆی ئەیەوێ، قووڵتر بکا، ئەوکات دەستکێشەکانی هێنایەناوەوە، بەڵام ئێرانی پێ نەهات!

ئیسرائیل لە لێدانی حەماس لەناوەوە و کوتانی حیزبوڵا و حوسییەکانیش لە دەرەوە، کەس نەک دەستی نەگرت، بگرە دەستیان لە شانیشی ئەدا، لای وابوو ئەگەر ڕاستەوخۆ لە ئێرانیش بدا، ئیشەکە لەچاوی دنیاوە ( بە دەستم نیە و بەدڵمە)یە و کەیفیان دێ، بەس نە وابوو، نە وایە، نە وەهاش ئەبێ!

لەم چەند ساڵەی دوایی و بەتایبەتیش لەدوای تۆفانی ئەقساوە، ئیسرائیل دەستی لەو ئێرانییانەی کە لەناو خاکی سووریادا، بە مەشغووڵکردنی ئیسرائیلەوە مەشغووڵ بوون، نەپاراستووە و وەشاندووە، بەڵام ئێران لەجێی دەستکردنەوە، پەنجەی هەڕەشەی ڕاوەشاندووە، پەنجەڕاوەشاندێک، کە زیاتر لە بێدەنگبوون ئەچوو تا وەدەنگ هاتنێکی جددی، هەربۆیەش لەبەرامبەردا، پاداشتی لە ئەمریکاوە پێگەیشتووە، پاداشتی عاقڵی و بێدەنگییەکەی!
ڕژێمی ئێران لەسەر دەستی گەلانی وڵاتەکەی، نزیکبوو بکەوێ، ئەوە ئەمریکا بوو کە بە وەسفکردنی ئەو خرۆشانە میللییانەی ناو ئێران بە( شەئنی داخلی)، گەلانی ڕاپەڕیوی ئێرانی تاحەددی بێ ئومێدبوون، ساردکردەوە، ڕژێمەکەیشی، لانیکەم مەعنەوییەن هەستاندەوە،، ئەمە لە ناوەوە!

لە دەرەوەش، ئێران لە ژێر باری ئابلوقەداندا، هی ئەمنی و ئابووری، خراپ گیرۆدەبوو، بەڵام ئەمریکا بە ئازادکردنی چەند وەجبەیەک پارەی بلۆککراوی ئێران لەبانکەکانی دەرەوە، بە چاوپۆشیکردنی لە ڕەوانەکردنی دۆلاری ئەمریکی لە عێراقەوە بۆ ئێران بەناوی کڕینی کارەبا و غازەوە، بە دەرفەتدان بە ئێران تا حەوشەی خەلفی خۆی لە عێراق لە ( دژبەرانی نیززام) خاڵی بکاتەوە، تەکانێکی سیاسی بە ڕژێمی ئێران دا و ئاهێکی وەهایشی بەبەردا هێنایەوە، تەنانەت خەلیجییەکانیش بیر لە دۆستایەتییکردنی بکەنەوە!

یەمینی ئیسرائیلی کە نتنیاهۆ ڕابەرایەتیان ئەکا، لەو کەینوبەینەی ئەمریکا و ئێران غافڵ نەبوون بەئاگابوون، ئەسڵەن هانی ئەمریکاشیان ئەدا، ئێران بۆ سەر مێزی گفتوگۆکانی ئەتۆمی بگەڕێنێتەوە، چونکە بەلای ئەوانەوە، قەوی کردنەوەی ملی ئێران، یەکسانە بە تۆقینی خەلیجییەکان، ئەو تۆقینەش، خێراتر و بە داخوازیی کەمترەوە، خەلیجییەکان بەرەو باوەشی تەلئەبیب ڕاو ئەنێ، تەبعەن ڕاویشی نان و چاکیش، بەڵام درێژەکێشانی جەنگی تۆفانی ئەقسا و خوێناوییبوونی جەنگەکە و پەشیمان بوونەوەی یەمینی ئیسرائیلی لە (حل الدولتین)، هەم نزیکبوونەوەی خەلیج و ئیسرائیلی سڕ و سارد کردەوە، هەم نتنیاهۆ و ئیدارەی یەمینییەکانیشی، کردە بارێکی قورس بەسەر شانی غەرب بە ئەمریکاشەوە، ئیتر لێرەوە، باری نتنیاهۆکان کەتە لێژی و سەر بەرەو خوار بوونەوە!

نتنیاهۆ، لە خراپترین دۆخی ناوخۆیی و جیهانیی خۆیدایەتی، عیلاجێک کە هیچ نەبێ دەرفەتێکی بۆ مانەوە پێ ئەبەخشێ، تەنیا شەڕە، شەڕ ڕاوەستێ، یەکسەر یان بۆ سجن، یان بۆ ماڵەوە، هەربۆیەش، دواجار دەستی بۆ ئیشێک برد، کە دەمێکە خەتی سوورە و خۆیشی چاک ئەیزانی سوورە، بەڵام چونکە لە وەزعێکدایە کەس حەسوودی پێ نابا، ئیتر ئەو خەتە سوورە لە چاوی ئەوەوە، سەوز ئەچووەوە!

گرێبەستێکی شەفەیی ئیمزانەکراو لەنێوان ئیسرائیل و ئێراندا هەیە( شەوی ئاگربارانەکەی سەر ئیسرائیل، پەیامنێری ئەلجەزیرەش لە تاران شتێکی لێ باسکرد)، بەپێ ئەو گرێبەستە بێ، ئیسرائیل و ئێران لە دەرەوەی خاکی خۆیاندا، هەرچییەک بەیەکتری و بە وەکیلەکانی یەکتری بکەن، ئازادن و ئاساییە، بەڵام هێرشکردنە سەر خاکی یەکتری لەلایەن خۆیانەوە، ئاسایی نیە، خەتی سوورە، جا نتنیاهۆ بە لێدانی کۆنسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق کە ئەکاتە خاکی ئێران، ئەو خەتە سوورەی بەزاند و تێپەڕاند، بیانووی لێدانەکەش کە کۆبوونەوەی کۆمەڵێک فەرماندەی پاسداران بوو، تاڕادەی هەزەلی، سەیر بوو!

کونسڵخانەی ئێران لە دیمەشق، جێیەکی مەعلوومە و ئیسرائیل وەک ناو لەپی دەستی خۆی لێی شارەزایە، جێی کۆبوونەوەی ڕۆژانەی ئێرانییەکانە، کاروانسەرای فەرماندە سەربازی و ئیتلاعاتییەکانە، ئەمڕۆش نیە وایە، لەوەتای لە ٢٠١١ەوە، شەڕ ناوخۆی سووریای گرتۆتەوە، ئەو کونسوڵخانەیە، جرت و فرتی ئێرانیەکانی لێ نەبڕاوە و فڕۆکەی ئیسرائیلیش بەسەر سەریانەوە، گڤەی هاتووە و چووە، بەڵام بۆچی نتنیاهۆ لەم کاتەدا لێی ئەدا؟!
ئەو حەرەکەیەی نتنیاهۆ، زۆر لەو حەرەکە بێ جەدوا و بێ نەتیجەیەی سەددام لە جەنگی گەردەلوولی بیابان( ١٩٩٠ـ١٩٩١) ئەچوو، کە بێ موناسەبە و تەنیا بۆ جوڵاندنی هەستی عەرەبایەتیی عەرەب و سەر لێشێواندنی ئەمریکا، کۆمەڵێک ساروخی گرتە ئیسرائیل و لە نەتیجەش، تەنیا مووشەک خەسارکردنی بۆ مایەوە!

نتنیاهۆش، ویستی بە کاری خۆی و کاردانەوەی ئێران، حەماسی غەرب لە پشتیوانیکردنی بۆ سەرخستنی ئەجینداکانی لە فەڵەستین و لە ناوچەکە( کە ماوەیەکە لێی ساردبوونەتەوە)، گەرم بکاتەوە، بەڵام سەددام چی لە حەرەکەکەی خۆی چنیەوە، نتنیاهۆش هەر ئەوەندە ئەچنێتەوە!

ڕاستە غەرب بۆ پارێزگارییکردن لە (دەوڵەت)ی ئیسرائیل، دەستوبرد هاتنەسەر خەت، بەڵام لەبەرامبەر هەر جووڵەیەک کە (وجوود)ی ڕژێمی ئێرانییش بکاتە هەدەف، بەنەوعێک لە نەوعەکان هەر دێنە سەرخەت و ئیتر بایی ئەوەندە ئەیپارێزن، کە کەڵکی گەمەپێکردنی پێوەبمێنێ، چونکە دواجار، ئەوەی جمهورییەتی وەلیوفەقیهـ بۆیان ئەکا، شا بە شاهەنشاهییەتی خۆی نەیکردووە!

نتنیاهۆ، تەرەقەی ڕوومانەیەکی ترازاند، سەددامئاسا، بەدەستی خۆیدا تەقییەوە، ئەو هەڕەشە و گوڕەشانەیشی کە لەدوای شەوی ئاگربارانەکەوە لە ئێرانی ئەکا، موناوەرەیە و دڵی ئەمریکا و بایدنی پێ دائەخورپێنێ، شۆیەکی ئیعلامییە و ئەیەوێ ئەویش (وەک ئێران) بە تۆقاندنی ئەمریکا، شتێکی لێ بەربداتەوە، ئەگەرنا، ئەمجارە خوێن لە لووتی هەر ئێرانییەک ( لەناو خاکی ئێران)دا بهێنێ، چونکە لە دەرەوەی ئیرادەی ئەمریکا و غەربە، ئەبێتە جۆرێک لە موغامەرە، موغامەرەیەک، کە تەمەنی حوکمڕانییەتی خۆی کورتتر و، هی ڕژێمی ئێرانیش درێژ ئەکا.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP