دواین هەواڵ

کاراکردنەوەی پەرلەمان هەرێمی پاراست ،نەك دوو پارچەکردن

‌موزەفەر ئەحمەد عەباس

2 کاتژمێر پێش ئێستا

لەم قۆناغە هەستیارەدا هەرێمی کوردستان پێویستیی زۆری بە یەکڕیزی،و هاوئاهەنگیی سیاسی، و دامەزراوەیی هەیە، ئەولێدوانانەی  باس( لەلەت بوون یان پارچەبونی هەرێم دەکەن) گوایە بەهۆی کاراکردنەوەی پەرلەمان پێویستی بە خوێندنەوەیەکی وورد و گفتوگۆیەکی سیاسی و واقیعیانەیە ، چونکە ئەم قسەیە تەنیا لێدوانێکی سادە نیە لەسەر دۆخی پەرلەمان، بەڵکوو پرسیارێك دەوروژێنێت دەربارەی مانا و ئەرکی دامەزراوەکان و سنووری بەرپرسیارێتی حزب و لایەنە سیاسییەکان بەرامبەر بە چارەنووسی هەرێم.
بێگومان، پارچەبوونی پەرلەمان و دابەشبوونی بۆ بلۆک و ئاراستە سیاسییە جیاوازەکان، ئەگەری هەیە ببێتە هۆی وەستانی پرۆسەی یاسادانان و لاوازبوونی چاودێری و نەبوونی بڕیاری هاوبەش، کێشەیەکی گەورەو  جدییە و نابێت بە شتێکی ئاسایی سەیر بکرێت، بەڵام چارەسەری ئەم کێشەیە لە نەبوون و پەککەوتنی پەرلەماندا نیە، یان لە گۆڕینی شێوازی مامەڵەکردنی هێزە سیاسییەکان لەگەڵ پەرلەمان و دامەزراوە دەستورییەکان؟

لە سیستەمێکی دیموکراتیدا پەرلەمان شوێنی بوونی جیاوازییە سیاسی، فکری و بەرنامەکانە، ئەگەر حزبەکان لەسەر شێوازی بەڕێوەبردنی حکومەت، دابەشکردنی دەسەڵات، بودجە، یاسا و بڕیارە نیشتمانییەکان جیاوازییان هەبێت، ئەوە بە مانای لەتبوونی هەرێم نایەت، بەڵکوو دەبێتە  بەشێك لە سروشتی پرۆسەی سیاسی وسیستەمی دیمموکراسی.
لێرەدا دەبێت جیاوازی لە نێوان فرەڕەنگیی سیاسی و دابەشبوونی دەسەڵاتدا بکرێت، فرەڕەنگیی سیاسی مافی حزبەکان و نوێنەرانی خەڵکە کە بۆچوونی جیاواز بخەنەڕوو، بەڵام دابەشبوونی دەسەڵاتی یاسایی و ئیداری کێشەیەکی ترە و پێویستی بە چارەسەری سیاسی و دەستووری هەیە.
ئەگەر پەرلەمان لەبەر جیاوازییەکانی نێوان فراکسیۆنەکان کار ناکات، ئەوا پرسیارەکە دەبێت ڕوو بەڕووی ئەو لایەنە سیاسییانە بکرێتەوە کە ناتوانن لە چوارچێوەی یاسا و ڕێکارە پەرلەمانییەکاندا بە یەکەوە کار بکەن، نابێت تاوانی ناکۆکییە سیاسییەکان بخرێتە ئەستۆی بنەمای بوونی پەرلەمان.
پەرلەمان ئەو شوێنەیە دەنگی زۆرینە و کەمینە تێیدا دەبیسترێت، چاودێری دەسەڵاتی تێدا دەکرێت و بڕیارە گشتییەکان لە ڕێگەی گفتوگۆ و یاساوە ڕێک دەخرێن، ئەگەر ئەم شوێنە لاواز بکرێت، ئەوا ناکۆکییەکان لەناو ناچن، بەڵکوو دەکرێت لە دەرەوەی دامەزراوە دەستورییەکاندا بەردەوام بن و کۆنترۆڵکردنیان قورستر بێت.

یەکپارچەیی هەرێمی کوردستان پرسێکی نیشتمانی و ستراتیژییە و نابێت بە دۆخی کارکردن یان نەکردنی پەرلەمانەوە ببەسترێتەوە، مانەوەی قەوارەی هەرێم پەیوەندی بە یەکبوونی دامەزراوەکان، یاسای هاوبەش، ئیدارەی هاوئاهەنگ، بڕیاری سیاسیی هاوبەش و یەکسانی هاووڵاتیانەوە هەیە لەبەردەم دەسەڵاتدا .
هەرێم بە یەکڕیزیی دامەزراوەکان بەهێز دەبێت، نەک بە کەمکردنەوەی ژمارەی دامەزراوە دەستورییەکان، ئەگەر دامەزراوەیەك بەهۆی ناکۆکیی حزبەکانەوە ناتوانێت ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ بکات، چارەسەر لە چاکسازیی دامەزراوەکە و پابەندکردنی هێزە سیاسییەکان بە یاسادایە.
یەکێک لەو خاڵانەی  دەبێت لە هەر گفتوگۆیەکی سیاسی لەسەر پەرلەماندا لەبەرچاو بگیرێت، ئەوەیە پەرلەمان موڵکی حزبە سیاسییەکان نییە، ئەو دامەزراوەیە بە دەنگی هاووڵاتیان دروست دەبێت و ئەندامانی پەرلەمان نوێنەرایەتیی دەنگ و ویستی ئەو هاووڵاتییانە دەکەن.
کاتێک باس لە نەبوونی پەرلەمان دەکرێت، تەنیا باس لە نەبوونی ژمارەیەك ئەندام یان وەستانی کۆبوونەوەکان ناکرێت، بێگومان باس لە کەمبوونەوەی دەرفەتی نوێنەرایەتی خەڵک، چاودێریی حکومەت و بەشداری لە بڕیاردانی گشتی دەکرێت.
لە هەرێمی کوردستاندا، ناکۆکییە سیاسییەکان لە نێوان هێزە سەرەکییەکاندا بەشێک بوون لە کێشەکانی پرۆسەی سیاسی، بەڵام دەبێت ئەو پرسیارە بکەین: تا کەی دامەزراوەکانی هەرێم دەبنە قوربانیی ناکۆکییەکانی نێوان حزبەکان؟

ئایا نابێت حزبەکان فێری ئەوە ببن لە ڕێگەی یاسا و گفتوگۆی سیاسییەوە ناکۆکییەکانیان چارەسەر بکەن؟ 

ئایا پەرلەمان بۆ ئەوە دامەزراوە تەنیا لە کاتی یەکدەنگیی حزبەکاندا کار بکات، یان بۆ ئەوەی جیاوازییەکان بە شێوەیەکی یاسایی و دیموکراتیك بەڕێوە ببات؟

ئەگەر هەر حزبێك کاتێك زۆرینەی پەرلەمانی لەگەڵ نەبوو، یان بۆچوونی لایەنی بەرامبەری قبووڵ نەکرد، بیر لە وەستاندن یان پشتگوێ خستنی دامەزراوەکان بکاتەوە ، ئەوکات پرسیارێکی گەورە لەسەر ڕۆڵی حزبەکان لە بنیاتنانی دیموکراسی دروست دەکات.
ئەگەر پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە ئاستی پێویستدا کار ناکات ، ئەوا دەبێت بە ڕاشکاوی هۆکارەکانی ئەو ناکاراییە بخەینەڕوو، ئایا کێشە لە یاسا و ڕێکارەکانی پەرلەماندایە؟

 ئایا حزبەکان ناتوانن لەسەر پرۆژەیەکی هاوبەش ڕێک بکەون؟ 

ئایا بەرژەوەندیی حزبی لە بەرژەوەندیی دامەزراوەیی پێش خراوە؟ 

یان کێشەکە لە نەبوونی ئیرادەی سیاسی بۆ کاراکردنەوەی دامەزراوەکانە؟
چاکسازیی پەرلەمان، ڕێکخستنەوەی پەیوەندیی نێوان فراکسیۆنەکان، پابەندبوون بە یاسا، چاودێریی جدی لەسەر حکومەت و دانانی بەرژەوەندیی گشتی لەپێش بەرژەوەندیی حزبی، هەموویان ڕێگایەکی دەستووری و سیاسی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانن.
هەروەها دەبێت هێزە سیاسییەکان ئەوە بزانن هەرێمی کوردستان لە قۆناغێکی ئاسایی مێژوویی تێناپەڕێت، بەڵکوو پێویستی بە دامەزراوەیەکی بەهێز، یاسایەکی ڕوون و بڕیارێکی هاوبەشی نیشتمانی هەیە، ئەم ئامانجانە بە بێ پەرلەمان و بە بێ هاوئاهەنگیی دەسەڵاتەکان بەدەست نایەن.
یەکێک لە هەڵە تێگەیشتنە سیاسییەکان ئەوەیە هەموو جیاوازییەکان بە هەڕەشە بۆ یەکڕیزیی نیشتمانی دابنرێن، لە کۆمەڵگایەکی فرەحزبی و فرەڕەنگدا، جیاوازیی سیاسی شتێکی سروشتییە، بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوەیە  جیاوازییەکان لە چوارچێوەی یاسا و دامەزراوەکاندا بەڕێوە ببرێن.
یەکڕیزیی نیشتمانی بە بێدەنگکردنی بۆچوونی جیاواز دروست نابێت، یەکڕیزی ئەوە نییە کە هەموو حزبەکان هەمان بۆچوونیان هەبێت، بەڵکوو ئەوەیە لەگەڵ بوونی جیاوازییەکانیشدا، لەسەر بنەما نیشتمانییەکان و دامەزراوەدا.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP