دواین هەواڵ

جەنگی ماوە درێژ و هێزی دەوڵەت

‌ڕەنج نەوزاد

17 خولەک پێش ئێستا

یەکێک لە تێگەيشتنە باوەکان ئەوەیە ئەگەر دەوڵەتێک بۆ ماوەیەکی درێژ لە جەنگدا بێت، بە تايبەت ئەگەر بەرەی لاوازی جەنگەکە بێت، ئەوا لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتی جەنگەکە و لەبەر ئەو زیانانەی کە دەوڵەتی بەهێزی بەرانبەر پێیدەگەیەنێت، دەوڵەتی یەکەم لاوازتر دەبێت لە ڕووی هێزەوە. بەڵام مێژوو وداتای جەنگەکان هەندێک کات لایەنێکی گرنگی ئەم تێگەيشتنە بە هەڵە دەخەنەوە. 

ڕاستە دەوڵەتە لاوازەکە بە هۆی ماوەی درێژی جەنگەکە لە ڕووی مرۆیی و ئابووری و ژێرخانەوە لاواز و شەکەت دەبێت. بەڵام دەکرێت لە هەندێک ڕووەوە، بە تايبەت لە ڕووی سەربازی و هەستی نيشتيمانييەوە زۆر بەهێزتر بێت. سێ نموونە لەوبارەیەوە. 

یەکەم: جەنگی هەشت ساڵەی عيراق و ئێران. عيراق لە ڕووی دانيشتووان و ڕووبەر و ئابووی و سوپاوە، لایەنی بچوک و لاوازی جەنگەکە بوو. بە ٢٠٠ هەزار سەرباز و ٣ فەيلەق و ١٢ فرقەی سەربازی دەستی بە جەنگ کرد، سوپایەک ئامادەکرابوو بۆ شەڕی پارتيزانی. بە زیاد لە مليۆنێک و ١٠٠هەزار سەرباز و ٧ فەيلەق و ٥٧ فرقە لە جەنگەکە هاتە دەرەوە و بووە چوارەم گەورەترين سوپا لە جيهان. لەسەر ئاستی هێزی زەمينی و ئاسمانی و هەواڵگری وتەنانەت سياسی، بەهێزتر و گەورەتر بوو. هەستی نيشتيمانی لەناو عيراقييەکان، بە تايبەت لەناو عەرەبەکان، بەرزتر بوو. ناردنی زیاد لە یەک مليۆن سەرباز بۆ بەرەکانی جەنگ، پاش چەند سالێک لە جەنگێکی کاولکەر، لە دانيشتوانێکی ١٣-١٥مليۆنی کە سێ بەشی شيعە و کوردن، ڕاستە ئەو ئاستە بەرزە پێشاندەدات لە داپڵۆسين و تۆقاندنی خەڵک، بەڵام لە ڕووی زانستی و واقعيەوە نابێت ئەوە پشتگوێ بخرێت کە نيشانەی ئەوەش بووە بەشێکی گەورەی عيراقييەکان ئامادەی بەرگريکردن و خۆفيداکردن بوون لە پێناو دەوڵەتەکەیان لەو سەردەمە. هەر وەها ئەو ئاستە بەرزە لە توانای دامەزراوە عيراقييەکانی ئەو کات لە کۆکردنەوە و ئاڕاستەکردن وکۆنتڕۆڵکردنی کۆمەڵگە پێشاندەدات، کە نيشانەی ئەوەیە لەو جەنگەدا عيراق بووە بە دەوڵەتێکی ڕاستەقينە و خاوەن بڕيار و سەروەری حوکمڕانی لە کاتی قەيران. ئەگەر هەڵەی داگيرکردنی کوەيت نەبوایە، ئاڕاستەی ئايندەی دەوڵەتی عيراق بە تەواوی جياواز دەبوو لەمەی ئێستا. ئەو هەشت ساڵەی جەنگ، عيراقی بە تەواوی کردە دەوڵەت، سەرەڕای ئەو زیانە گەورە و کاولکارانەی بەر ئابووری و ژێرخان و توانا مرۆییەکەی کەوت. 

دووەم: جەنگی ئۆکڕانيا و ڕووسيا. ئۆکڕانيا تا ڕادەیەکی زۆر لە هەموو ڕوویەکەوە لایەنی لاوازی جەنگەکەیە. بە ٢٠٠ هەزار سەربازەوە چووە ناو جەنگەکە، بە سوپایەکی لاواز و خاوەن عەقيدەیەکی سۆڤيەتی، ساڵانە دەوروبەری ٢ هەزار درۆنی سەرەتایی درووست دەکرد، نزيکەی ١٠ کارگە و کۆمپانيای درووستکردنی درۆن و فرۆکەی بێ فرۆکەوانی هەبوو. توانای نەبوو بۆردومانی شارە سنوورييەکانی ڕووسيا بکات. ئێستا، پاش تێپەڕبوونی ٥ ساڵ لە جەنگێکی کاولکەر، ژمارەی سەربازەکانی نزيک بووەتەوە لە یەک مليۆن، ساڵانە زیاد لە ٥ مليۆن درۆن و فرۆکەی بێ فڕۆکەوان درووست دەکات (لە پێشەنگەکانە لەسەر ئاستی جيهان) بە کواڵێتييەکی بەرزتر و پێشکەوتووتر. زیاد لە ٥٠٠ کارگە و کۆمپانيای درووستکردنی درۆنی هەیە. عەقيدەی سەربازییەکەی لە سۆڤيەتیيەوە گۆڕا بۆ عەقيدەی سەربازیی ناتۆ کە بريتييە لە بەرگريکردن بە گشتی و گورز و هێرشی کاريگەر لە هەندێک کات، حيسابکردن بۆ زیانی مرۆیی. ڕۆژانە ئامانج دەپێکێت لە مۆسکۆ و سيبيريا و سانت پيتەربۆرگ، تا ئەندازەیەکی زۆر گەمارۆی خستووەتە سەر کەشتييە سەربازی و بازرگانييەکانی ڕووسيا لە دەریای ڕەش. لە ڕووی ئامادەیی و ژمارە و بەکارهێنانی درۆن و ئامرازە نوێيەکانی جەنگ، کارامەترين و گەورەترين سوپای ئەوروپایە و یەکێکە لە بەهێزترين و ئامادەترين لەسەر ئاستی جيهان. لە ئێستادا، بەهێزترين هەوآڵگری جيهان بۆ کاروبار و چاودێريکردن و ناسينی ڕووسيا، هەواڵگری ئۆکڕانيایە، نەک هی ئەمريکا و بەڕيتانيا. جەنگەکە جارێ تەواو نەبووە، بەڵام تا ئیستا ئەم  گريمانەیە ڕاستە.

سێيەم: لە زۆربەی جەنگەکانی ئيسرائيل لەگەڵ نەيارەکانی، لە ڕووی دانيشتووان و ڕووبەر و تەنانەت لە ڕووی ئابوورييەوە لە ١٩٦٧، کە سێ فاکتەری سەرەکی هێزی دەوڵەتن، ئيسرائيل لایەنی بچوک و لاواز بووە. لایەنە بەهێزەکەی ئيسرائيل لە جەنگەکاندا بريتييە لە: عەقيدە سەربازييەکەی کە پشت بە گورزی لەناکاو و دەستپێشخەری و جورئەت وهەواڵگری و تەکنەلۆژیا دەبەستێت؛ بەهێز و تۆکمەیی دەزگاکانی دەوڵەت و ديموکراسی؛ دەوڵەتێکی سەربازييە و لەسەر بنەمای جەنگ درووستکراوە و بەردەوامە؛ پەيوەندييەکی تايبەت و دەگمەن لەگەڵ ئەمريکا. لە پاش هەموو جەنگەکان، سوپا و هەواڵگریيەکەی بەهێزتر بووە، لەگەل ئەوەی زیانی گەورەشی بەرکەوتووە، بەڵام جەنگەکان لە زۆر ڕووەوە بەهێزتريان کردووە. 

ئەم بەهێزبوونەی دەوڵەت لە ڕووی سەربازييەوە لە کاتی جەنگ چەندين هۆکاری هەیە: ١. ڕاستە تواناکانی دەوڵەت لە زۆر ڕووەوە لاوازتر دەبن، بەڵام ئەو توانایەیی کە دەمێنێتەوە زۆربەی تەرخان دەکرێت بۆ جەنگ. بۆیە ئەو بەشەی کە تەرخان دەکرێت بۆ سوپا و لایەنی جەنگ، زۆر زیاترە لەو بەشەی کە تەرخان دەکرا لە پێش جەنگ، هەر چەند تواناکان زیاتر بوون ئەوکات. ٢. ڕاگەياندنی دۆخی لەناکاو و دۆخی جەنگ و بە سەربازيکردنی دەوڵەت بۆ ماوەیەکی درێژ، دۆخیک درووست دەکات خودی دەوڵەتەکە دەبێتە نيمچە سوپایەک. ئەمە وا دەکات، دەوڵەتەکە لە زۆربەی لایەنەکانی ترەوە لاواز بووە، بەڵام لە ڕووی سەربازييەوە بەهێزتر و تۆکمەتربووە. چونکە دەيان لایەن و فاکتەر و توانا کە سەربازی نەبوونە پێش جەنگ، لە دۆخی جەنگ هەر هەمووی دەبنە بواری سەربازی و بەشداردەبن لە زیادکردنی توانای سوپا. ٣. بەرزکردنەوەی هەستی نيشتيمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵگا و حکومەت، بە تايبەت هی دەوڵەتە لاوازەکە کە لەبەردەم مەترسی لەناوچوون و داگيرکردنە. توێژينەوەکان ئەوە دەردەخەن بەکارهێنانی زمانی ئۆکرانی لە لایەن ئۆکرانييەکانەوە لەم ٥ ساڵە، زۆر زیاتر بووە بە براورد بە کاتی پێش جەنگەکە. هاوکات، بەکارهێنانی زمانی ڕووسی و سەيرکردنی سينەما و هونەری ڕووسی لە لایەن ئۆکرانييەکانەوە زۆر کەمتر بووە بە براورد بە پێش جەنگەکە. ئەم ٥ ساڵەی جەنگ، ئۆکرانيای کردە دەوڵەتێکی ڕاستەقينە و خاوەن بڕيار و سەروەری، نەتەوەی ئۆکرانی درووست کرد، هەرچەند ئەگەر بەشێک لە خاکەکەی لەدەستبدات و لەگەل ئەوەی ئەو هەموو زیانەی بەرکەوت. 

هەمان ئەگەر و سيناريۆ بۆ ئێران دەکرێت ڕاست بێت ئەگەر دۆخی جەنگ درێژتر بکرێتەوە بەم شێوەیە. بۆیە ئيسرائيل دەيەوێت گورزەکان خێراتر و یەکلاکەرەوە و توندتر بن. تڕەمپ لەو ڕووەوە ئامادە نييە تا ئێستا.  دۆخی ئیستای ئێران، دەکرێت لە ڕووی ئابووری و ژێرخان و هەژموونی ناوچەیی و زۆر لایەنی ترەوە لاوازتری بکەن، بەڵام ئەم گريمانەیە بۆ لایەنی سەربازی دەکرێت ڕاست نەبێت. چونکە دەتوانێت ٢-٣ مليۆن چەکدار زیاد بکات. ئەو توانا کەمەی دەوڵەت ماویەتی، زۆربەی تەرخان بکات بۆ لایەنی سەربازی و جەنگ، ئەمە وا دەکات لە ڕووی سەربازييەوە بەهێزتر بێت، نەک لاوازتر. هاوکات، بە تايبەت لەناو فارسەکان، دەکرێت پشتگيری بۆ ڕژێمەکە زیاد بکات. ئەم دۆخە بە هەمان شێوە ئيسرائيليش بەهێزتر دەکات، بە تايبەت لە ڕووی سەربازی و هەواڵگرييەوە. لەوانەیە ئەمە یەکێک بێت لە هۆکاری نيگەرانييەکانی سعوودييە و تورکيا و ميسر لە دۆخی ناوچەکە و نزيکبوونەوەیان لە یەکتر.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP