ڕاپۆڕتێکی هەواڵگریی لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی عێراقەوە خراوەتە بەردەم سەرۆکوەزیران عەلی زەیدی کە تیایدا پڕە لە بەڵگەو وێنە، کە وێنەکان لەڕێگەی جیۆفیزیایی و مانگە دەستکردەکانەوە تۆمارکراون، تیایدا حیزبوڵای عێراقی بە بەهای نیزیکەی (٢) ملیار دۆلار نەوتی تەنکەر و بە قاچاخبردوە بۆ ئێران و لەوێوە بەرەو ئەفگانستان.
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەشێوازی دزیکردنەکە دەکات، لە ڕێگەی بوونی ئۆپەراسیۆنی کونکردنی بۆرییە نەوتییەکانی سەر بە وەزارەتی نەوتی فیدراڵی کە لە نزیک چوارڕێیانی ئەلبەهبەهانی لە جورف سەخر (حیزبوڵا ناوی ناوە جورف ئەلنەسر) تێدەپەڕن. جورف سەخر دەکەوێتە باشوری ڕۆژهەڵاتی بەغداو، باکوری پارێزگای بابل، ناوچەیەکی دارستاناوی داخراوەو، بەگشتی ماوەی نیزیکەی (٢٠) ساڵەو ، بەتایبەتی لە دوای (٢٠١٤) ەوە کەس و هیچ کەس لە لایەنی حکومی و مەدەنی نەیتوانیوە توخنی ئەم ناوچەیە بکەوێت، چوونکە مۆڵگەی سەرەکی حیزبوڵای عێراقییە.
ئێمە نابێت تەنها مامەڵە لەگەڵ هەواڵ و زانیارییە وردو درشتەکەدا بکەین، کە ئەمەیە: لە جورف سەخر بۆڕییەکی نەوت کوونکراوەو، ڕۆژانە (٢٠) هەزار بەرمیلی لێوە براوە. بەڵکو پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە؛ ئایا کۆنترۆڵی نەوت لە عێراقدا لە دەستی دامەزراوە فەرمییەکانە، یان دەسەڵاتە ناڕەسمییەکانیش بەشێکیان لە کۆنترۆڵی ئەم سامانەدا هەیە؟
بە قاچاخبردنی نەوت لە عێراق بابەتێکی نوێ نییە، ڕۆژانە لە ڕێگەی جیاجیاوە ئەمە دەکرێت، تەنها لە ماوەی نێوان ٢٠٢٤ بۆ ٢٠٢٦ لە دەستەی نەزاهەی عێراق (٢٢٨) جار هەواڵ و هەوڵی بەقاچاخبردنی نەوت تۆمارکراوە. هەوڵەکان زۆر لەوە زیاترن، تەنانەت لە خاڵە سنوورییەکانی سنوری عێراق- سوریاوە هەفتانە بە تانکەر نەوتی ڕەش، گاز بە کوالێتی جیاجیا، ڤی ئاڕ، چەند جۆرێکی قیری پاڵێوگەکانی نیزیک لە گرووپ و حیزبەکان ئاودیوی ئەویو دەکرێت بە ناوی ئەوەی کە گوایە ئەوە بەرهەمێکی دیکەی نەوتییە.
ئەمجارەیان، بابەتەکە هەستیارتر دەردەکەوێت.. بەگشتی چوار خاڵی گرینگ لێرەدا هەیە:
یەکەم: گرووپی چەکداریی لە ئارادایەو، تۆمەتباری سەرەکییە، حیزبوڵا یەکێکە لە کاریگەرترین گرووپە ئایدۆلۆجییە- چەکدارە- بە ئەزموونەکانی نیزیک لە ئێران لە عێراق. نیزیک لە ئێران یانی بڕوایان بە ویلایەتی فەقیهە هەیە. هەریەکسەر دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشوو لە ٢٠٠٣ حیزبوڵا لە عێراق لەلایەن ئەبومەهدی موهەندیسەوە درووست بوەو، دژی ئەمریکییەکان جەنگاون. هەر لە ٢٠٠٩ شەوە حیزبوڵا لە لیستی گرووپە تیرۆریستییە بیانییەکاندایە لەلایەن ئیدارەی ئەمریکاوە. ئێستاش بەسەرکردایەتی ئەبو حوسێن حەمێداوی زۆر تووندگیرانە درووشمی ئەوەیان بەرانبەر کابینەکەی زەیدی بەرزکردۆتەوە کە: نە چەک دادەنەن، نە جورف ئەلنەسریش چۆڵ دەکەن! ئیتر عێراق دەمێکە لەسەر پێیە بۆ ئەوەی شەڕو پێکدادانێکی شیعی-شیعی تیا ڕووبدات و، جارێکی دیکە ئەم پرسە ناکۆکییەکەی زەقتر کردۆتەوە.
دوەم: حکومەتی عێراق و ئیدارەی حەشدی شەعبی بانگەشەی ئەوەیان هەبوو، کە هەموو گرووپەکان ڕێکخراونەتەوە لە چوارچێوەی حەشدی شەعبیدا، لەو نێوەندەشدا حیزبوڵا هەر دوو لیوای (٤٥) و (٤٦) ی هەیەو، ڕاستەوخۆ لەلایەن حکومەتی عێراقەوە مووچەیان پێدەدرێت! مووچە لە کوێوە دێ؟ لە داهاتی نەوتەوە، واتا بە دۆلار و لە ئەمریکاوە دێت !
سێهەم: ڕاپۆرتە- هەواڵگرییەکە وردە، تەنانەت جووڵەی تەنکەرەکان و کوونکردنی بۆڕییەکەش نیشان دەدات، ئەمەش مانای وایە بە هاوکاریی ئەمریکییەکان ئەم ڕاپۆرتە ئامادەکراوەو، خراوەتە ڕۆژەڤەوە.
چوارەم: ئەمە ڕاستەوخۆ هەڕەشەیە لە سەر سەروەری و ئابوریی عێراق و بوونی درزێکی گەورەیە لە کەسێتی مەعنەویی دەوڵەتدا، بەتایبەتی بە پاڵپشتی ئیدارەی ئەمریکا ئیدارەی زەیدی بەڵێنی داوە ئابوریی- نەوتیی عێراق ڕێکبخاتەوە، لە باشووری عێراق چیڤرۆن و ئەکسۆن مۆبێل و چەندین کۆمپانیای دیکەی ئەمریکی و ڕۆژئاوایی هەیەو، لە کەرکوکیش بەتەواوی بریتش پیترۆلیۆم-بی پی- دۆخی نەوتیی کۆنترۆڵ کردوە.
هەموو ئەوانەی سەروخوانیان لەگەڵ بازاڕی بەرهەمە نەوتییەکان هەیەو، بە فەرمی و بە گشتی ئیش لە بارزگانیی و گواستنەوەو و هەناردەکردنی هەر بەرهەمێک دەکەن، دەزانن تەنانەت گواستنەوە لە باشور و ناوەڕاستەوە بۆ سلێمانی یان هەولێر پێویستی بە مۆڵەتی ڕێگا (بە خەت سێر بەناوبانگە) هەیە، هەروەک هەر بارێک پێویستی بە دۆکیۆمێنت (ئەوراق) ی پاڵێوگەکان هەیە. بۆیە ئەمە کارێک نییە بە بێ پاڵپشتی و دەستو پێوەندیی کەسانی دەستەڵاتدار بەڕێوە چووبێت، بەتایبەتی ئەگەر ئەو نەوتە نەوتی خاو بێت، ئەوا تاوانێکی ئاشکراو، کارەساتێکی تەواوەتییە بۆ حکومەت و شان و شەوکەتی کابینە وەزارییەکانی حکومەت!
لەکاتێکدا بەپێی ڕاپۆرتەکە لە (٢٠٢١) ەوە، ئەم گرووپە خەریکی بردنی نەوتەکەیەو بۆڕییەکەیان کوونکردوە؛ حکومەت و وەزارەتی نەوت لە کوێ بوە!؟ بێگومان (بێگومان) وەزارەتی نەوت و لایەنی پەیوەندیدار ئاگەدار بوە؛ بەدرێژایی مێژوو نەوت توانای فڕینی نەبوە، ئەم نەوتە خۆی نەفڕیوە لە عێراقەوە بۆ ئەفگانستان. لە هەر ڕۆژێکی کارکردن دا ، هیچ بیرێک نییە لە هیچ کێڵگەیەکی عێراقدا نەوتی عێراقدا نەوتی لێدەربێت و، دەمەو ئێوارە پێش کۆتاییهاتنی کاتی دەوامی فەرمی ڕاپۆرت و داتاکانی نەگاتە وەزارەت. وەزارەت و کۆمپانیاکانی دەزانن چەند پەمپ دەدرێت لە بیرەکانەوە، لە خەزانەکانەوە بۆ ناو بۆڕییەکان، وە ئەو خاڵەی نەوتەکەی بۆ دەچێت (تەنانەت بۆ جەیهانی تورکیاش وایە) ڕۆژانە دڵنیایی دەنێرێت کە ئەوەندە بڕە گەیشتوە.
ئەم دێڕانەی سەرەوە، گرینگن، بەڵام لای من گرینگیەکانی لە شوێنێکی ترەوەن:
یەکەم، ئەو چاکسازییانەی حکومەتی عێراق بانگەشەی بۆ دەکات لە کەرتی نەوت و غاز دا کردوویەتی، پێشووتر گومانێکم لێی هەبوو، ئێستا گومانەکە تۆختر بوەتەوە، بەتایبەتی لەبابەتی بەهەدەردانی گاز دا، وەک هەموان دەزانن بە درێژایی دەیەکانی ڕابردوو، عێراق گازی هاوەڵی خۆی بە خۆڕایی سووتاندوە، بەهەدەری داوە، ژینگەی پیسکردوە، لەبەرانبەردا ساڵانە هاوردەکرنی گاز بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا لە ئێران و شوێنەکانی دیکەوە نیزیکەی (٧) ملیار دۆلار لەسەر عێراق کەوتوە، ئەوە ماوەی ساڵێکە لەپڕ (لەناکاو) پەیتا-پەیتا بەرپرسانی عێراق دەڵێن بە ڕادەی (٧٥٪) بەهەدەردانی غازی سووتاومان کەمکردۆتەوە!
دوەم، بەدرێژایی سەدەی بیستەم ترس و کێشەی ئیمپریالیزم و حکومەتە یەکلەدوای یەکەکانی عێراق و ناوچەکە لەگەڵ کورد ئەوەبو، وە ئەوەیە کەرکوک و ناوچە کوردییەکانی باکوری وڵات بەگشتی خاوەنی نەوت و گازن، ئێستا وا هێدی - هێدی ئەم گروپانەو حکومەتی عێراق بەڕێگەی جیاجیا کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستانیان خستۆتە ژێر ڕکێفی حکومەتی فیدراڵی عێراقەوە. ئەوە لە کەرکوک و لە کۆمپانیای نەوتی باکوور هەموو شتێک لە دەستی کورد دەرچوە، بەڕێژەی (٩٨٪) فەرمانبەرانی نەوتی باکور و غازی باکور عەرەب و تورکمانن. ڕەنگە چیدی دیکە بکەن لەڕووی ئەندازەی نەوتیی و جیۆلۆجییەوە ئەگەر کێڵگەکانی کوردستان بکەوێتە بەردەستیان!؟
لەکاتێکدا بەرانبەر بە جەستەی خۆیان و لە پارێزگاکانی باشوور و ناوەڕاست زۆر بەخراپی مامەڵەیان لەگەڵ بیرە نەوتییەکان و بۆڕییەکان کردوە، کە پێویستییان بە نۆژەنکردنەوە هەیە.
ئەمە حیزبوڵایە! دوو ڕۆژ پێش کۆتا هێرشی سەر کێڵگەی کۆرمۆر کە (٨٥٪) ی کارەبای هەرێمی کوردستان و غازی شلی ماڵانی لێوە بەرهەم دێت، بەیاننامەیان دژی حکومەتی زەیدی دەرکرد، گوایە ئەوە حکومەتی بەغدا خۆی بوە جارەکانی پێشوو پەلاماری کۆرمۆری داوە نەک ئەوان!
کۆتا هێرشی کە لە (٨ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٦) کراوەتە سەر ئەم کێڵگە هەستیارو کاریگەرەی کوردستان، مەترسیدارترین و پڕ زیانترینیان بوە.