دواین هەواڵ

کەرکووک، نەوتی هەبێت یان نەیبێت هەر كوردستانە

‌ئەسرین عاسی شوانی

2 رۆژ پێش ئێستا

ئەگەر لە ڕووی جیۆپۆلیتیکییەوە لە شاری کەرکووک و ناوچەکانی سەر بەو پارێزگایەدا بڕوانین، ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کەوا کەرکووک نەک تەنیا بۆ عێراق گرنگیی خۆی هەیە، بەڵكوو هەموو جیهان بە چاوی بەرژەوەندییەوە لەو شارە دەڕوانن و لە هەوڵی ئەوەدان پشکیان لە خێروبێر و سەروەت و سامانی ئەو شارەدا هەبێت، چونكە کەرکووک شارێکە لەسەر دەریایەک نەوت لەنگەری گرتووە، ئەو سامانە سروشتییەی کە هەیەتی ئەگەر بە شێوەی دروست و ڕەوا هەڵسوکەوتی لەگەڵدا بکرێت، دەتوانێت بەشێک لە یەدەگی نەوتی جیهانی پێ دەستەبەر بکرێت. ئەوەی كەركووكی لەبەر نەوت و سامانە سروشتییەكەی ناوی، تەنیا كوردە، كورد دەڵێ:

كەركووك بەشێكە لە كوردستان و خاكی منە، جا نەوتی تێدا بێت یان نا، هیچ لە خواستەكەی كورد ناگۆڕیت.

کەرکووک بۆ هەمیشە وەک ناوچەیەکی گرنگ سەیر کراوە و کێشەکانی نێوان حکوومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق و کوردیش لەسەر کەرکووک ئەنجامیان نەبووە و خاڵی ناکۆکیی نێوان کورد و حکوومەتی ناوەند لەسەر کەرکووک لە گفتوگۆکانی نێوان هەردوولادا لەسەر کەرکووک بە بنبەست گەیشتوون، چونكە کوردستان بێ کەرکووک وەک جەستەیەکی بێ دڵ وایە و هیچ جەستەیەکیش بێ دڵ ناتوانێت هەڵبکات و بژێت.

هەر لەسەر ئەو ڕاستییە بوو کە رێبەری نەتەوەییمان مستەفا بارزانیی نەمر کەرکووکی بە (دڵی کوردستان) ناودێر کرد و رێككەوتننامەی ئادار كە ساڵی 1970 کە تا 1974 بەردەوام بوو، لەسەر کەرکووک بێ ئەنجام گەیشتە خاڵی کۆتایی و دەسپێکردنەوەی شەڕ لەسەر کەرکووک بوو، چونکە سەرۆک مستەفا بارزانی هەرگیز بێ کەرکووک ئامادە نەبوو ئەو ڕێكکەوتنە لەگەڵ ڕژێمی ئەو دەمەدا واژۆ بکات، دەیزانی بێ کەرکووک ئەو مافانەی کورد خوێنی بۆ ڕشتووە و هەزاران شەهیدی لەپێناو داوە، ناکرێ و نابێت بێ کەرکووک هیچ هەنگاوێک بنێت. دیارە ئەوەی تا ئێستا بۆ هەموان ڕوون بووەتەوە، گرنگیی کەرکووکە بۆ کورد و کوردستان و حزبە سیاسییە کوردییەکان لە ڕاستەوە بۆ چەپ و حزبە ئیسلامییەکان و نەتەوەیی و میانڕەوەكان.

کەرکووک شارێکی گرنگی کوردستانە و پێویستە لە کەرکووک حزبە کوردییەکان بەرلەوەی حزبایەتیی تەسک بکەن، کوردایەتی بکەن و هەموویان وەک تیمێکی خاوەن ستراتیژیەتی نەتەوەیی خەباتی دوورودرێژیان بریتی بێت لە کوردایەتی، نەک ئەوەی کە هەیە و لەناو هەندێ حزبەکاندا بەداخەوە، دەیبینین کە ئامانجە سەرەکییەکەیان فەرامۆش کردووە و ئەوەندەی لە هەوڵی حزبایەتی و ملبادانی بەرامبەری كورددان بیریان بەلای دۆزی رەوای كوردستانیبوونی كەركووكدا ناچێ و نابینن کەوا خەڵکەکەیان لە کەرکووک لە چ بارودۆخێکدا ژیان دەگوزەرێنن.

ئەوە بە چاوی ئیعتبار وەرناگرن کە شاری کەرکووک و خەڵکەکەی سەدان ساڵە ڕووبەڕووی تەعریب بووەتەوە و هەڕەشەی ئاوارەیی و شاربەدەرکردنیان لەسەرە.

ئەوە خەڵکی کەرکووکە بەرگەی ئەو هەموو نەهامەتییەیان گرتووە و پێشیان بە تەعریب و ڕاوەدوونان گرتووە، بۆیە دەبێ سەرجەم حزبەکان لە کەرکووک ڕووبەڕووی ئەو نادادپەروەرییانە بوەستنەوە و بچنە سەنگەری خەڵکی رەسەنی کەرکووک و دژی تەعریب و بە سەربازگەکردنی شارەکەیان بوەستن، دیارە ئەوەش تەنیا بەوە دەکرێت حزبە کورستانییەکان بە هەموو ڕەنگ و ئایدیاكانییانەوە لە کەرکووک کوردایەتی ستراتیژیان بێت و دوور لە ئینتمای تەسکی حزبایەتی وەک یەک تیم کار بکەن و کار بۆ جێبەجێکردنی مادەی 140ی دەستووری عێراق بکەن، بۆ چارەسەری ڕیشەیی کەرکووک و ناوچە کێشەلەسەرەکان.

کوردایەتی کردن لە کەرکووک، بە مانای دژایەتیی ئەو خەڵكە غەیرەكوردە نیە كە بە رەسەن خەڵكی كەركووكن، بەڵكوو راستكردنەوە ئەو ئەنجامەیە كە لە ئاكامی ساڵانێكی زۆر لە هەوڵی تەعریبكردنی شارەكە دراوە، بەداخەوە پۆستی پاریزگاری كەركووك بە خیانەتێك لە هۆتێل رەشید فرۆشرا و لەدەست كورددا نەما، بەڵام ئێستا كاتی ئەوەیە هەموو لاپەڕە رەشەكان هەلدەینەوە و بە یەكگرتوویی و یەكدەنگی و یەكهەڵوێستی، هەر هیچ نەبێ پێگەی كورد لە كەركووك بەهێز بكەینەوە و رێگە لەو ستەمە بەردەوامە بگرین كە لە كورد دەكرێ.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP