ئۆپۆزسیۆنی کوردستان، بەداخەوە، ڕۆڵێکی باشی لە قەیرانی هەرێمی کوردستاندا نەبووە. باشە، ئەگەر ئۆپۆزسیۆنێک ئامادە نەبێت بچێتە ناو پەرلەمان، ئامادە نەبێت کار لە ناو پەرلەماندا بکات، یان پەرلەمان کارا بکات، یان بە هۆی هەلپەساردنی پەرلەمان تەنانەت داوای هەڵبژاردنی پێشوەختەش نەکات، ئەدی نازانم کاری ئۆپۆزسیۆن چییە؟ ڕۆڵ و ئەرکی ئۆپۆزسیۆن چییە؟
ئێستاش کە مەترسیی دابەشکردنی کوردستان و گەڕانەوە بۆ سیستەمی دوو ئیدارەیی هەیە، ئایا مەعقولە ئۆپۆزسیۆن هیچ هەڵوێست و سیاسەتێکی ڕوونی نەبێت؟ئایا مەعقولە ئۆپۆزسیۆن تەنیا تەماشاگەر بێت یان بڵێت پاراستنی یەکپارچەیی خاکی کوردستان یان دابەشکردنەوەی، هیچ پەیوەندییەکی بە ئێمەوە نییە و هیچ ڕۆڵ و هەڵوێستێکمان لە بەرامبەریدا نەبێت؟
بەڕاستی، ئەگەر ئۆپۆزسیۆن لە کاتی قەیرانە گەورە نیشتمانییەکاندا هەڵوێستی ڕوونی نەبێت، ئەدی کەی و لە چ کاتێکدا دەبێت ڕۆڵی خۆی ببینێت؟