دواین هەواڵ

کوردبوون، سەروەری و دۆخی ڕیزپەڕ

‌رێبوار سیوەیلی

22 کاتژمێر پێش ئێستا

گفتوگۆیەکی ڕەخنەیی لەگەڵ د. عیرفان مستەفا لەسەر «ئەوەی ڕوودەدات چییە؟»

١. د. عیرفان مستەفا لە فەیسبووکەکەى خۆى(١)، وتارێکى زۆر گرنگى بڵاوکردۆتەوە کە تیایدا بە پرسیاری «ئه‌وه‌ی ڕووده‌دات چییه‌؟» گفتوگۆ و گەنگەشە لەسەر دۆخى هەنووکەى هەرێم دەکات، وتارەکە دواى کاراکردنەوەى پەرلەمان و لێکترازانى سیاسى هەرێم نووسراوە و وەڵامەکەی لە دەربڕینێکی سەرنجڕاکێشدا کۆ دەکاتەوە، جا ئەنجاوەکو من ئەوەندە دوکتۆر عیرفانم خۆشدەوێ دەمەوێ موناقەشەى بکەم. ئەو نووسوێتى: «ئه‌وه‌ی رووده‌دات سه‌یرترین یاری سیاسییه‌ كه‌ كوردبوون به‌ كارێكته‌ره‌ سیاسیه‌كانی خۆی له‌ هه‌رێمدا ده‌یكات.» گرنگیی ئەم دەربڕینە لەوەدایە کە نووسەر دەیەوێت لە ڕووداوە سیاسییە ڕۆژانەکان تێپەڕێت و بگاتە بنەمایەکی قووڵتری شوناسیانە و فەلسەفی. بەڵام دەکەوێتە چەندین هەڵەى فەلسەفىى و تیۆرییەوە. وەلێ جیاوازیی من لەگەڵی لە هەمان دەستپێکدا دەردەکەوێت و دەشزانم دوکتۆ بۆخۆى بە سنگێکى فراوانەوە سەرنجەکانم لێوەردەگرێت: ئایا کوردبوون دەتوانێت وەک بکەرێکی سیاسی مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، یان ئەوە مرۆڤ، حیزب و دامەزراوەکانن کە بە ناوی کوردبوونەوە هەڵسوکەوت دەکەن؟ ئەگەر کوردبوون بکەینە هێزێکی سەربەخۆ کە بەبێ ئاگاییی کارەکتەرە سیاسییەکان یارییان پێ دەکات، ئەوا مەترسیی ئەوە هەیە بەرپرسیارێتیی ئەو کارەکتەرانە لە پشت چەمکێکی گشتی و نادیارەوە ون ببێت و وەک بەرزەکى بانان بۆى دەربچن و وڵاتەکەش لە نێو کارەسات و دوولەتبووندا جێبهێڵن. بێنێدیکت ئەندەرسن نەتەوە وەک کۆمەڵگەیەکی سیاسیی خەیاڵکراو پێناسە دەکات؛ ئەمەش بە واتاى ساختەبوونی نەتەوە نییە، بەڵکو نیشاندانی ئەوەیە کە شوناسى نەتەوەیی لە ڕێگەی مێژوو، زمان، وێناکردن و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانەوە دروست دەبێت (٢). لەم ڕوانگەیەوە، کوردبوون دەتوانێت چوارچێوەیەکی هاوبەشی واتابەخشین بە سیاسەت بێت، بەڵام بەڵگەی ئەوە نییە کە هەموو هەڵسوکەوتە ناکۆکەکانی سیاسییەکان لە خواستێکی شاراوەی یەکگرتوووە سەرچاوە دەگرن. گفتوگۆی من لەگەڵ د. عیرفان لەسەر ڕەتکردنەوەی گرنگیی کوردبوون نییە؛ لەسەر ئەوەیە کە نابێت شوناسێکى مێژوویی بکەینە جێگرەوەی شیکردنەوەی بەرپرسیارێتیی سیاسی.

٢. د. عیرفان دەنووسێت: «هه‌رێمی كوردستان هه‌روه‌ك سۆرانی و كرمانجی كه‌ زمانن له‌ فۆرمی دیالێكتدا ئه‌ویش ده‌وڵه‌ته‌ له‌ فۆرمی هه‌رێمدا.» ئەم بەراوردە لە ڕووی ڕەوانبێژییەوە جوانە، بەڵام لە ڕووی چەمکناسییەوە دوو بوار تێکەڵ دەکات، کە پێوەرەکانیان جیاوازن. ئەوەی سۆرانی و کرمانجی زمانن یان شێوەزار، بە پێوەرە زمانەوانی، مێژوویی و کۆمەڵایەتییەکان دەخرێنە بەرباس؛ بەڵام ئەوەی هەرێم دەوڵەتە یان یەکەیەکی فیدراڵی، بە پێوەرە دەستووری و سیاسییەکان دیاری دەکرێت. لە یاسای دەستووریدا هەرێمی کوردستان خاوەنی دامەزراوە و دەسەڵاتی فراوانە، بەڵام ئەمە بە تەنها هاوتای سەروەریی دەوڵەتێکی سەربەخۆ نییە. دەستووری عێراقی ساڵی ٢٠٠٥ لە ماددەی ١١٧دا دان بە هەرێمی کوردستاندا دەنێت و لە ماددەی ١٢١دا دەسەڵاتەکانی هەرێم دیاری دەکات. ئەگەر دەربڕینی د. عیرفان وەک مەجازێکی سیاسی بخوێنینەوە، دەتوانێت ئاماژە بە فراوانیی دەسەڵاتەکانی هەرێم بکات؛ بەڵام ئەگەر وەک پێناسەیەکی دەستووری وەریبگرین، پێویستی بە ڕوونکردنەوەیەکی زیاتر هەیە. دەوڵەتبوون تەنها بە هاوشێوەییی دامەزراوەکان لەگەڵ دەوڵەتێکی سەربەخۆ ناسەلمێت؛ پێویستە شوێنی یاساییی ئەو دامەزراوانە و سنووری دەسەڵاتەکانیانیش دیاری بکرێت.

٣. نووسەر بۆ پشتگیریی بیرۆکەکەی دەڵێت: «چونكه‌ جگه‌ له‌ موچه‌ هیچ شتێك حكومه‌ته‌كه‌ی نابه‌ستێت به‌ حكومه‌تی ناوه‌ندییه‌وه‌، واته‌ سه‌ره‌وه‌ری به‌سه‌ر خاكه‌كه‌ی خۆیدا هه‌یه‌.» ئەم گوزارەیە لە دوو ئاستدا پێویستی بە وردبینی هەیە: یەکەم، پەیوەندیی هەرێم بە حکوومەتی فیدراڵییەوە تەنها پەیوەندیی مووچە نییە؛ دەستوور دەسەڵاتی تایبەت بە حکوومەتی فیدراڵی دەدات، لەوانە سیاسەتی دەرەوە، بەرگریی نیشتمانی و هەندێک بوارەکانی سیاسەتی دارایی و ئابووری. هەروەها، بابەتەکانی بودجە، داهات و نەوت لە پەیوەندییە یاسایی و سیاسییەکانی نێوان هەرێم و بەغداددا شوێنی گرنگیان هەیە (دەستووری عێراق، ٢٠٠٥، ماددەکانی ١١٠–١١٢). دووەم، توانای بەڕێوەبردنی خاک بە تەنها هاوتای سەروەرییەکی تەواو نییە. دەکرێت هەرێمێک دەسەڵاتی ناوخۆییی فراوانی هەبێت، بەڵام لە ڕووی دەستوورییەوە بەشێک بێت لە دەوڵەتێکی فیدراڵی. لێرەدا جیاوازیی نێوان سەروەریی یاسایی، دەسەڵاتی واقعی و خواستی سیاسیی نەتەوەیی خاڵێکى بنەڕەتییە. هەرێم دەتوانێت خواستی دەوڵەتی سەربەخۆی هەبێت، بەڵام خواست بە تەنها نابێتە ڕاستییەکی یاسایی. ئەگەر ئەم ئاستە جیاوازانە تێکەڵ بکەین، دەکرێت لە ڕوونکردنەوەی دۆخی هەرێمەوە بگەینە پێناسەیەک کە زیاتر ئارەزووی سیاسی دەردەبڕێت تا پێگەی دەستووریی ئێستای هەرێم.

٤. د. عیرفان دەنووسێت: «به‌ڵام سه‌ره‌وه‌ری له‌ پێكهاته‌یه‌كی سیاسیی ئاوادا نابێت دووله‌ت ببێت، ئه‌وه‌ش ناهێڵێت دوو له‌ت ببێت سوپای ده‌وڵه‌ته‌كه‌یه‌ و له‌ حاڵه‌تی هه‌ریمێدا پێشمه‌رگه‌یه‌.» لە بنەڕەتدا پاراستنی یەکپارچەیی هەرێم ئامانجێکی سیاسی و دەستووریی گرنگە، بەڵام پەیوەستکردنی ئەم ئامانجە بە توانای هێزی چەکدارەوە بە تەنیا، پرسیاری ڕەواییی بەکارهێنانی هێز پشتگوێ دەخات. ماکس ڤێبەر لە Politics as a Vocation دا دەوڵەت بەو دامەزراوەیە پێناسە دەکات کە داوای مۆنۆپۆڵی بەکارهێنانی ڕەوای هێزی جەستەیی لە ناو سنوورێکی دیاریکراودا دەکات (Weber, 1946, pp. 77–78). گرنگیی ئەم پێناسەیە لەوەدایە کە هێز بۆخۆی بنەمای دەوڵەتبوون نییە؛ بەڵکو بەکارهێنانی ڕەوای هێز لە ژێر دەسەڵاتی یاسا و دامەزراوە گشتییەکاندا گرنگە. ئەگەر هێزی پێشمەرگە دەبێت پارێزەری یەکپارچەیی هەرێم بێت، پێویستە هێزێکی نیشتمانی و دامەزراوەیی بێت، نەک ئامرازی ململانێی حیزبی. هەروەها، دەبێت جیاوازی لەنێوان هەڕەشەی چەکداری و ناکۆکیی سیاسی دابنرێت؛ چونکە هیچ ناکۆکییەکی سیاسی بە تەنها مۆڵەتی بەکارهێنانی هێزی سەربازی نادات. پاراستنی یەکپارچەیی هەرێم پێویستە لەگەڵ پاراستنی مافی هاووڵاتی، ڕێساکانی یاسا و بەرپرسیارێتیی دەسەڵاتدا بگونجێت.

٥. خاڵی هەرە مشتومڕاویی وتارەکە لەو گوزارەیەدا دەردەکەوێت کە د. عیرفان تیایدا دەڵێت: «كاتێك مه‌ترسی له‌سه‌ر ده‌وڵه‌ت دروست ده‌بێت كه‌ دوو له‌ت ببێت، ده‌بێت له‌لایه‌ن سه‌رۆكی ده‌وڵه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌م حاڵه‌ته‌ی ئێمه‌دا سه‌رۆكی هه‌رێمه‌، حاڵه‌تی له‌ ناكاو ڕابگه‌بنێت و په‌رله‌مان كۆتایی به‌ خۆی بێنێت و ده‌سه‌ڵاته‌كانی بدات به‌ سه‌رۆكی هه‌رێم». ئەمە تەنها وەسفکردنی قەیران نییە؛ بەڵکو پێشنیارێکی سیاسیی بنەڕەتییە بۆ گۆڕینی پێکهاتەی دەسەڵات. لە فەلسەفەی کارل شمیتدا سەروەر ئەوەیە کە بڕیار لەسەر دۆخی ڕیزپەڕ دەدات (Schmitt, 2005, p. 5)، بەڵام ئەم پێناسەیە دەسەڵاتێکی دەستووری بە هیچ سەرۆکێک نابەخشێت. ئەوەی شمیت وەک تیۆرییەکی فەلسەفی دەیخاتە ڕوو، نابێت بەبێ پشکنینی دەستووری و یاسایی بگۆڕدرێت بۆ ڕێنماییەکی کرداری. هەروەها، ئەگەر پەرلەمان بەهۆی قەیرانێکی سیاسییەوە هەڵبوەشێنرێتەوە و هەموو دەسەڵاتەکان لە دەستی سەرۆکدا کۆ بکرێنەوە، پرسیاری ئەوە دروست دەبێت کە کێ چاودێریی ئەو دەسەڵاتە دەکات و چۆن سنووری دیاری دەکرێت. دۆخی ڕیزپەڕ دەتوانێت بە ناوی پاراستنی دامەزراوەکانەوە دەست پێ بکات، بەڵام ئەگەر سنوور و چاودێریی نەبێت، دەتوانێت خودی دامەزراوەکان لاواز بکات. بۆیە من پێموایە چارەسەری قەیرانی دامەزراوەیی نابێت بە هەڵوەشاندنەوەی بنەماکانی دامەزراوەیی دەست پێ بکات.

٦. د. عیرفان بەردەوام دەبێت و دەنووسێت: «ئه‌و كاته‌ ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه‌ سه‌رۆكی هه‌رێم و سوپاكه‌یه‌، سه‌رۆكی هه‌رێم له‌م دۆحه‌دا سوپاكه‌ به‌كارده‌هێنێت به‌بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ هیچ شتێك». ئەم دەربڕینە لە ڕووی فەلسەفەی سیاسییەوە پرسیارێکی گرنگ دروست دەکات: ئایا پاراستنی سەروەری دەبێت بە مانای ڕاگرتنی سنوورەکانی دەسەڵات بێت؟ لە دیموکراسیی دەستووریدا هیچ دامەزراوەیەک نابێت بە تەواوی لە بەرپرسیارێتی و چاودێری بەدەر بێت، تەنانەت لە کاتی قەیرانیشدا. هانە ئارێنت لە On Violence دا جیاوازییەکی بنەڕەتی لەنێوان دەسەڵات و توندوتیژی دادەنێت و نیشانمان دەدات کە توندوتیژی دەتوانێت دەسەڵات وێران بکات، بەڵام ناتوانێت بۆ خۆی دەسەڵاتی سیاسی دروست بکات (Arendt, 1970, pp. 44–46, 56). ئەگەر دەسەڵاتێک تەنها بە پشتبەستن بە سوپا بتوانێت خۆی بپارێزێت، ئەوا دەبێت بپرسین ڕەواییی سیاسی و متمانەی گشتیی ئەو دەسەڵاتە لە کوێدایە. بەکارهێنانی هێزی سەربازی بۆ پاراستنی ئاسایش لە هەندێک دۆخی دیاریکراودا دەکرێت ڕەوا بێت، بەڵام ئەو ڕەوایییە پێویستی بە بنەمای یاسایی، پێویستیی واقعی، هاوسەنگی و بەرپرسیارێتی هەیە. جیاوازیی من لەگەڵ د. عیرفان لەوەدایە کە سەروەری بەبێ سنووری دەسەڵات، دەتوانێت لە پاراستنی یەکپارچەییەوە بگۆڕێت بۆ مەترسییەک لەسەر ئازادی و دامەزراوەکان.

٧. نووسەر لە وەسفکردنی دۆخی دامەزراوەکاندا دەڵێت: «په‌رله‌مان خۆی مردووه‌ و زیندوو ده‌بێته‌وه‌» و هەروەها «به‌ڵام حكومه‌ت كه‌ نیمچه‌ كارایه‌ چونكه‌ كاربه‌ڕیكه‌ره‌، واته‌ نیوه‌ گیان گیانی ده‌رده‌چێت». ئەم وێنانە لە ڕووی ڕەخنەی سیاسییەوە کاریگەرن، بەڵام لە ڕووی شیکردنەوەی دامەزراوەییەوە پێویستە جیاوازی لەنێوان بوونی یاسایی، ڕەواییی دیموکراتی و توانای کارکردندا دابنرێت. پەرلەمانێک دەتوانێت لە ڕووی یاساییەوە هەبێت، بەڵام لە ڕووی کردارەوە پەککەوتوو بێت؛ حکوومەتێکی کاربەڕێکەریش دەتوانێت بەردەوام بێت، بەڵام دەسەڵاتەکانی سنووردار بن. ئەمانە هەمان دۆخ نین و نابێت بە مەجازی مردن و زیندووبوونەوە جیاوازییەکانیان ون بکرێت. کێشەی بنەڕەتی ئەوەیە کە چۆن دامەزراوەکان بتوانن لە دۆخی ناکۆکیی حیزبی و پەککەوتنی سیاسی دەربچن و کارکردنی خۆیان بگەڕێننەوە. هانتینگتۆن لە Political Order in Changing Societies دا دامەزراوەییبوون بە پرۆسەیەک دەزانێت کە ڕێکخراو و ڕێوشوێنە سیاسییەکان بەها و جێگیری بەدەست دەهێنن و خۆگونجاندن، ئاڵۆزی، سەربەخۆیی و یەکگرتوویی وەک پێوەرەکانی ئەو پرۆسەیە دەستنیشان دەکات (Huntington, 1968, pp. 12–24). لەم ڕوانگەیەوە، دامەزراوەی بەهێز ئەوە نییە کە تەنها لە کاتی ئاساییدا کار بکات، بەڵکو ئەوەیە کە بتوانێت لە کاتی قەیرانیشدا بە پشتبەستن بە یاسا و ڕێوشوێنەکان بەردەوام بێت.

٨. د. عیرفان دەنووسێت: «سه‌رۆكی هه‌رێمیش داوای ئاشتی ده‌كات له‌ كاتێكدا ده‌بێت سوپا بجوڵێنێت و له‌ رێگه‌ی هێزه‌وه‌ سه‌ره‌وه‌ری هه‌رێم بپارێزێت». ئەم گوزارەیە گریمانەیەکی گرنگ لە خۆ دەگرێت: ئەوەی داواکردنی ئاشتی لە دۆخی هەڕەشەدا نیشانەی ناکارایی یان دوودڵیی دەسەڵاتە. بەڵام لە فەلسەفەی سیاسی و بەڕێوەبردنی قەیراندا، ئاشتیخوازی و پاراستنی سەروەری بە ناچاری دژ بە یەکتر نین. دەوڵەتێکی بەهێز دەتوانێت توانای بەکارهێنانی هێزی هەبێت، بەڵام بەهۆی بەرپرسیارێتیی سیاسی و یاساییەوە بیەوێت سەرەتا چارەسەری سیاسی و گفتوگۆ بەکار بهێنێت. بەکارهێنانی هێز دەبێت کۆتا بژاردە بێت، نەک یەکەم وەڵام بۆ هەڕەشەی سیاسی. هەروەها، ئەگەر ئەو هێزە چەکدارەی دەبێت سەروەری بپارێزێت خۆی لە ڕووی ڕێکخستن و فەرماندەییەوە دابەشبووی حیزبی بێت، ئەوا بەکارهێنانی بۆ یەکلاکردنەوەی ناکۆکییە ناوخۆییەکان دەتوانێت مەترسیی قەیرانەکە زیاتر بکات. لێرەدا پرسیاری گرنگ ئەوە نییە کە بۆچی سوپا نەجوڵاوە، بەڵکو ئەوەیە کە ئایا هەموو ڕێگە سیاسی و یاساییەکان تاقی کراونەتەوە و ئایا مەرجەکانی بەکارهێنانی ڕەوای هێز هاتوونەتە دی؟ بەبێ وەڵامی ئەم پرسیارانە، داواکردنی جوڵاندنی سوپا دەتوانێت لە هەڵسەنگاندنێکی سیاسییەوە بگۆڕێت بۆ پێشنیارێکی مەترسیدار.

٩. لە وتارەکەدا د. عیرفان ئاماژە بە لایەنێک دەکات کە بە گوتەی ئەو «ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر ئاوا بڕوات هه‌رێمه‌كه‌ ده‌كه‌م به‌ دوو هه‌رێم». ئەم دەربڕینە، ئەگەر وەک هەڕەشەیەکی سیاسی بخوێنرێتەوە، شایانی هەڵسەنگاندنێکی جیدییە؛ بەڵام دەبێت جیاوازی لەنێوان هەڕەشەی وتاردان، هەوڵی یاسایی بۆ گۆڕینی پێکهاتەی ئیداری و کردارێکی چەکداریی دژ بە دەستوور دابنرێت. دەستووری عێراق لە ماددەی ١١٩دا ڕێوشوێنی پێکهێنانی هەرێم لەلایەن پارێزگایەک یان زیاترەوە دیاری دەکات؛ بۆیە خودی بیرۆکەی پێکهێنانی هەرێمی نوێ بەبێ پشکنینی مەرج و ڕێوشوێنە دەستوورییەکان نابێت بە تاوان یان هەڕەشەی سەربازی پێناسە بکرێت. لە هەمان کاتدا، ئەگەر لایەنێک بە هێزی چەکدار هەوڵی گۆڕینی سنوور و دەسەڵات بدات، ئەوا بابەتەکە دەچێتە ئاستێکی جیاوازی یاسایی و ئەمنییەوە. بۆیە پێویستە بەڵگەیەکی ڕوون لەبارەی ناوەڕۆکی هەڕەشەکە، توانای جێبەجێکردنی و کردارە واقعییەکان لەبەردەستدا بێت. پاراستنی یەکپارچەیی هەرێم نابێت ببێتە پاساو بۆ سەرکوتکردنی هەر داواکارییەکی سیاسی، بەڵام ناشبێت هەڕەشەی واقعیی چەکداریش بە ناوی جیاوازیی سیاسی پشتگوێ بخرێت. هەردوو حاڵەتەکە پێویستیان بە پێوەری یاسایی و بەڵگەیی هەیە، نەک تەنها بە هەڵوێستی حیزبی.

١٠. د. عیرفان لە وەسفکردنی ئەوەی بە پێچەوانەی ئەرکی سەرۆکایەتی هەرێمی دەزانێت، دەنووسێت: «له‌ بری ئه‌وه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم سوپا بجوڵێنێت به‌رەو ئه‌و ناوچه‌یه‌ی كه‌ تومه‌تباره‌ به‌وه‌ی سه‌روه‌رییه‌كه‌ دەخاتە مه‌ترسییه‌وه‌، له‌ كاراكردنه‌وه‌ په‌رله‌مانه‌ مردووه‌كه‌دا سوپا به‌كار ده‌هێنێت». لێرەدا نووسەر دوو بەکارهێنانی جیاوازی هێزی چەکدار بەراوورد دەکات: یەکێکیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەی دابەشبوون و ئەوی دیکەیان بۆ دابینکردنی مەرجەکانی کاراکردنەوەی پەرلەمان. بەڵام ئەوەی پێویستە لەم بەراوردەدا لەبەرچاو بگیرێت، جیاوازیی نێوان پاراستنی دامەزراوەیەکی گشتی و سەرکوتکردنی ناوچەیەکی سیاسییە. ئەگەر هێزێکی ئەمنی بۆ ڕێگرتن لە توندوتیژی و پاراستنی دەستگەیشتنی نوێنەران بە پەرلەمان بەکار بهێنرێت، ڕەواییی ئەو کردارە دەبێت بە بنەمای یاسایی، پێویستی و هاوسەنگیی هێزەکە هەڵبسەنگێنرێت. بەڵام ئەگەر هەمان هێز بۆ سەرکوتکردنی ناوچەیەک بەکار بهێنرێت، تەنها لەبەر ئەوەی تۆمەتبارە بە هەڕەشەکردن لەسەر یەکپارچەیی، ئەوا پرسیارێکی جیدی لەبارەی مافی هاووڵاتیان و سنووری دەسەڵاتی سەربازی دروست دەبێت. هەروەها، لە دەقی د. عیرفاندا خۆی وشەی «تومه‌تباره‌» هاتووە؛ تۆمەتباربوون بەڵگەی سەلماندنی کردار نییە. بۆیە نابێت لە تۆمەتەوە ڕاستەوخۆ بگەینە پێویستیی جوڵاندنی سوپا، لە هەمان کاتدا، ئەو ڕووداوە دیاریکراوانەی نووسەر باسیان دەکات پێویستیان بە بەڵگەی سەربەخۆ هەیە تا بزانین چ هێزێک، بە چ فەرمانێک و بۆ چ ئامانجێک بەکار هێنراوە. ئەگەر ئەم جیاوازییانە ڕوون نەکرێنەوە، ڕەخنەی سیاسی لە کردارێکی دیاریکراو دەتوانێت ببێتە پاساوێکی گشتی بۆ بەکارهێنانی هێز لە شوێنێکی دیکە.

١١. د. عیرفان بە دەربڕینێکی کورت ناوەندی فەلسەفیی وتارەکەی دەستنیشان دەکات: «ئه‌وانه‌ی له‌ فه‌لسەفه‌ی سیاسیدا شاره‌زان و زانسته‌ سیاسییه‌كانیان خوێندووه‌ و ده‌زانن لاهوتی سیاسی چییه‌، له‌وه‌ تێده‌گه‌ن چی ده‌ڵێم.» بەڵام ئاماژەدان بە لاهوتی سیاسی بە تەنها ناتوانێت ئەو ئەنجامە سیاسییانە بسەلمێنێت کە پێشتر خراونەتە ڕوو. کارل شمیت سەروەری بە بڕیاردان لەسەر دۆخی ڕیزپەڕ پەیوەست دەکاتەوە و لە بەشی سێیەمی کتێبەکەدا هاوشێوەیییەکی پێکهاتەیی لەنێوان چەمکە لاهوتییەکان و چەمکەکانی تیۆری دەوڵەت دەبینێت (Schmitt, 2005, pp. 5, 36–37). بەڵام دەبێت جیاوازی لەنێوان وەسفی تیۆرییەکی فەلسەفی و پەسەندکردنی ئەو تیۆرییە وەک ڕێنماییەکی سیاسی دابنرێت. شمیت یەکێکە لە بیرمەندە هەرە مشتومڕاوییەکانی سەدەی بیستەم، چونکە تێگەیشتنەکەی لە سەروەری و بڕیاری ڕیزپەڕ پرسیاری بنەڕەتی لەبارەی سنووری یاسا و دەسەڵاتەوە دەوروژێنێت. ئەگەر دۆخی ڕیزپەڕ ئەو کاتەیە کە ڕێساکانی ئاسایی ناتوانن وەڵامی قەیران بدەنەوە، ئەوا پێویستە بپرسین کێ بڕیار دەدات ئەو ڕێسایانە چیتر کارا نین؟ ئایا خودی ئەو دەسەڵاتەی سوودی لە ڕاگرتنی ڕێساکان دەبینێت، دەتوانێت تاکە دەسەڵاتی بڕیاردەر بێت؟ لە دیدی منەوە، گرنگیی لاهوتی سیاسی لێرەدا ئەوە نییە کە ڕێگەیەک بۆ کۆکردنەوەی دەسەڵات بدۆزینەوە، بەڵکو ئەوەیە کە پەیوەندیی نێوان بڕیار، یاسا، ڕەوایی و سنووری دەسەڵات بە وردی بخەینە ژێر پرسیار.

١٢. نووسەر لە بەشێکی دیکەدا دەڵێت: «ده‌وڵه‌تێك ده‌بێت كه‌ سیسته‌مه‌كه‌ی رێگه‌ نادا حاڵه‌تی له‌ ناكاو رووبدات كه‌ شمیت ناوی ده‌نێت موعجزه‌ی خواوه‌ندی ده‌وڵه‌ت كه‌ پێی وایه‌ لاساییكردنه‌وه‌ موعجزه‌كانه‌ له‌ ئایندا.» پاشان ئەوەش زیاد دەکات و دەنووسێت: «جگه‌ له‌وه‌ش ده‌وڵه‌ت له‌ بنچینه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌و حاڵه‌تی له‌ ناكاوه‌ داده‌مه‌زرێت.» ئەم دوو گوزارەیە پێویستیان بە جیاکردنەوەیەکی چەمکناسانە هەیە. شمیت دۆخی لەناکاو بە پەڕجوو لە لاهوتدا بەراورد دەکات، بەڵام ئەو بەراوردە لەسەر هاوشێوەییی شوێنی ڕیزپەڕ لە ناو سیستەمی یاسایی و شوێنی پەڕجوو لە ناو تێگەیشتنی لاهوتیدا دامەزراوە. واتە ئەوەی لە ڕێسای ئاسایی بەدەرە، توانای ئاشکراکردنی سنوورەکانی ئەو ڕێسایەی هەیە. بەڵام لەمەوە ناگەینە ئەو ئەنجامەی کە هەموو دەوڵەتێک لە ڕووی مێژووییەوە لەسەر دۆخی ئیستثنایی دامەزراوە، یان دەوڵەتێک کە ڕێگە بە کۆکردنەوەی دەسەڵاتی ئیستثنایی نادات، ناتوانێت دەوڵەت بێت. دامەزراندنی دەوڵەت پرۆسەیەکی مێژوویی و دامەزراوەییە کە شەڕ، پەیمان، دەستوور، ڕەزامەندی، ئابووری و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دەتوانن تێیدا ڕۆڵ ببینن. بۆیە جیاوازییەکی بنەڕەتی هەیە لەنێوان ئەوەی بڵێین دۆخی ڕیزپەڕ سروشتی سەروەریی ئاشکرا دەکات و ئەوەی بڵێین دۆخی ڕیزپەڕ بنەمای پێویستیی هەموو دەوڵەتێکە. یەکەمیان تێزێکی فەلسەفییە کە دەتوانرێت لەگەڵیدا گفتوگۆ بکرێت؛ دووەمیان بانگەشەیەکی گشتیی مێژووییە و پێویستی بە بەڵگەی سەربەخۆ هەیە. لێرەدا جیاوازیی من لەگەڵ د. عیرفان لەسەر خودی خوێندنەوەی شمیتە، نەک تەنها لەسەر ئەنجامە سیاسییەکانی ئەو خوێندنەوەیە.

١٣. د. عیرفان لە هەوڵێک بۆ پەیوەستکردنی لاهوتی سیاسی بە کوردبوونەوە دەنووسێت: «به‌ڵام كوردبوون له‌به‌ر ئه‌وه‌ لاهووته‌ ئاینییه‌كه‌ جیاوازه‌ له‌ لاهوتی ئایینه‌ سامییه‌كان و كاتێك ده‌بێت به‌ لاهوتی سیاسیش هه‌ر لاهوتێكی جیاواز ده‌بێت له‌ لاهونی سیاسی ده‌وڵه‌تداری مۆدێرن.» ئەم گوزارەیە لە ڕووی توێژینەوەی فەلسەفی و مێژووییەوە دەکرێت ببێتە دەستپێکی پرسیارێکی گرنگ، بەڵام بە شێوەی ئێستای خۆی چەند پێشگریمانەیەکی نەسەلمێنراوی لە خۆ گرتووە. یەکەم، کوردبوون بۆخۆی ئایینێکی یەکگرتوو نییە تا لاهوتێکی یەکدەستی هەبێت؛ کۆمەڵگەی کوردی لە ڕووی ئایینی و کولتوورییەوە فرەچەشنە و مێژووی پەیوەندیی نێوان ئایین و دەسەڵات لە ناویدا یەک ڕێڕەوی نەبووە. دووەم، ئەگەر مەبەست لە لاهوتی کوردی کۆمەڵێک تێگەیشتنی تایبەت لە پیرۆزی، سەرکردایەتی، ڕزگاری و پەیوەندیی مرۆڤ بە دەسەڵاتەوە بێت، دەبێت ئەو تایبەتمەندییانە لە دەق و دامەزراوە مێژووییەکاندا دەستنیشان بکرێن. سێیەم، جیاوازیی لاهوتی ئایینی بە ناچاری جیاوازییەکی هاوشێوە لە سیستەمی سیاسی بەرهەم ناهێنێت؛ چونکە شێوەی دەوڵەتداری تەنها لە بیرکردنەوەی ئایینییەوە دروست نابێت، بەڵکو پەیوەندی بە پێکهاتەی ئابووری، مێژووی دەسەڵات، شەڕ، یاسا و دامەزراوەکانیشەوە هەیە. بۆیە ئەگەر دەمانەوێت لە «لاهوتی سیاسیی کوردی» بدوێین، پێویستە سەرەتا ئەو چەمکە پێناسە بکەین، سنووری مێژوویی و کولتووریی دیاری بکەین و پاشان بە بەڵگە نیشانى بدەین چۆن لە لاهوتی سیاسیی دەوڵەتداری مۆدێرن جیا دەبێتەوە. ئەگەرنا، مەترسیی ئەوە هەیە جیاوازییە مێژووییەکان بکەین بە جەوهەرێکی نەگۆڕی کوردبوون و هەموو ئاڵۆزییە سیاسییەکان لەسەر ئەو جەوهەرە ڕوون بکەینەوە.

١٤. لە کۆتایی وتارەکەدا د. عیرفان دەگەڕێتەوە بۆ وێنەی مەنجەڵ و دەنووسێت: «ئه‌وه‌ كوردبوونە مه‌نجه‌ڵه‌كه‌ ده‌جوڵێنێت تا سه‌ره‌كان له‌ مه‌نجه‌ڵه‌كه‌دا جێگه‌ی خۆیان بكه‌نه‌وه‌. چونكه‌ له‌ مه‌نجه‌ڵه‌كه‌ی كوردا یه‌ك سه‌ر ناكوڵێت.» هەروەها دەڵێت: «كوردبوون نه‌یهێشت یه‌ك سه‌ر له‌ مه‌نجه‌ڵه‌كه‌ی عێراقدا بكۆڵێت كه‌ ناسیونالیزمی عه‌ره‌بی دروستیكردووه‌ و هه‌ر ده‌بێت سه‌رێكی عه‌ره‌بی تیا بكوڵێت». ئەم وێنەسازییە دەیەوێت چەندناوەندیبوونی دەسەڵات لە کوردستاندا بە تایبەتمەندییەکی کوردبوون پێناسە بکات و لە بەرامبەردا دەوڵەتی عێراقی وەک پێکهاتەیەکی یەکناوەندی پیشان بدات. بەڵام لە ڕووی مێژوویی و زانستییەوە ئەم بەراوردە پێویستی بە وردبینییەکی زیاتر هەیە. چەندناوەندیبوونی دەسەڵات دیاردەیەکی تایبەت بە کورد نییە؛ لە دەوڵەتە فیدراڵییەکان، سیستەمە پەرلەمانییەکان و کۆمەڵگە فرەحیزبییەکاندا دابەشبوونی دەسەڵات دەتوانێت بنەمایەکی یاسایی و دامەزراوەیی بێت. هەروەها، یەکناوەندیبوون بە ناچاری نیشانەی دەوڵەتی مۆدێرن نییە؛ دەکرێت دەوڵەتێک بەهێز و مۆدێرن بێت، بەڵام دەسەڵاتەکانی لەنێوان پەرلەمان، حکوومەت، دادگا و یەکە فیدراڵییەکاندا دابەش کرابن. کێشەی هەرێمی کوردستانیش لە خودی فرەییی ناوەندەکانی بڕیارداندا نییە، بەڵکو لەوەدایە کە ئەو فرەیییە تا چەند بە یاسا ڕێکخراوە و تا چەند لە ژێر کاریگەریی دەسەڵاتە حیزبییەکاندا ماوەتەوە. هانتینگتۆن جیاوازی لەنێوان ئاڵۆزیی دامەزراوەیی و لاوازیی دامەزراوەکاندا دادەنێت (Huntington, 1968, pp. 12–24). بۆیە ئەوەی چەند ناوەندی دەسەڵات هەیە بە تەنها نیشانەی لاوازی نییە؛ گرنگ ئەوەیە کە ئەو ناوەندانە چۆن ڕێکخراون و چۆن لەبەردەم یاسا و کۆمەڵگەدا بەرپرسیارن. ئەگەر کوردبوون بتوانێت لە مێژووی خۆیدا فرەیی بپارێزێت، ئەمە دەتوانێت سەرچاوەیەکی گرنگی دیموکراسی بێت، بە مەرجێک فرەیی نەبێتە پاساو بۆ دابەشکردنی دەوڵەت بەسەر دەسەڵاتە حیزبییەکاندا.
١٥. د. عیرفان وتارەکەی بە بەراوردێکی فیزیکی کۆتایی پێ دەهێنێت: «مه‌نجه‌ڵه‌كه‌ی كوردبوون كوانته‌مییه‌، بۆیه‌ ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ هه‌یه‌ دوو شت له‌ هه‌مان شوێندا هه‌بن و شتێكیش له‌ هه‌مان كاتدا له‌ دوو شوێندا هه‌بێت.» پاشان دەنووسێت: «مه‌نجه‌ڵه‌كه‌ی ده‌وڵه‌تی مۆدێرن به‌ میكانیكی كلاسیك كار ده‌كات و ته‌نها ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ هه‌یه‌ یه‌ك سه‌ری تێدا بكۆڵێت.» ئەم بەراوردە وەک مەجازێکی ئەدەبی بۆى هەیە سەرنجڕاکێش بێت، بەڵام وەک ڕوونکردنەوەیەکی زانستی کێشەیەکی بنەڕەتیی هەیە. میکانیکی کوانتەم و میکانیکی کلاسیک دوو چوارچێوەی فیزیکین بۆ وەسفکردنی دیاردە مادییەکان لە مەرج و ئاستە جیاوازەکاندا؛ نابێت یاساکانیان بەبێ مۆدێلێکی ڕوون و بەڵگەی تاقیکراوە بگوازرێنەوە بۆ سیاسەت. هەروەها، هەبوونى دوو شت لە هەمان شوێن یان بوونی شتێک لە دوو شوێندا، وەک دەربڕینێکی گشتی، پێناسەیەکی وردی دیاردە کوانتەمییەکان نییە؛ تێگەیشتن لە سوپەرپۆزیشن و دۆخە کوانتەمییەکان پێویستی بە چوارچێوەیەکی بیرکاری و فیزیکی هەیە. لە هەمان کاتدا، میکانیکی نیوتنی هیچ بنەمایەک نادات بۆ ئەو حوکمە سیاسییەی کە لە دەوڵەتی مۆدێرندا تەنها یەک ناوەندی دەسەڵات دەتوانێت هەبێت.
بۆیە پێموایە باشترە وێنەی مەنجەڵی کوانتەمی و کلاسیک وەک مەجاز بمێنێتەوە و شیکردنەوەی سیاسی بە چەمکەکانی دامەزراوەییبوون، فرەناوەندیبوونی دەسەڵات، ڕەوایی، بەرپرسیارێتی و مێژووی ململانێى حیزبی بکرێت. لە کۆتاییدا، جیاوازیی من لەگەڵ د. عیرفان لەسەر ئەوە نییە کە قەیرانی هەرێم ئاڵۆزە یان نا، بەڵکو لەسەر ئەوەیە کە ئەو ئاڵۆزییە چۆن ڕوون دەکەینەوە. ئەگەر نووسەر لە کوردبوونەوە دەست پێ دەکات بۆ تێگەیشتن لە یارییە سیاسییەکان، من پێموایە دەبێت لە هەڵسوکەوتە سیاسییەکان، بەرژەوەندییەکان و دامەزراوەکانەوە دەست پێ بکەین بۆ تێگەیشتن لەوەی کوردبوون چۆن لە ناو سیاسەتدا بەکار دەهێنرێت. ئەگەر ئەو لە دۆخی ڕیزپەڕ و کۆکردنەوەی دەسەڵاتدا ئەگەری پاراستنی سەروەری دەبینێت، من لە بەهێزکردنی دامەزراوەکان، سەربەخۆکردنی هێزە چەکدارەکان لە حیزب و سنووردارکردنی دەسەڵاتدا ئەگەری پاراستنی هەرێم دەبینم. ئەم جیاوازییە ناکۆکییەکی ڕووکەش نییە، بەڵکو دوو تێگەیشتنی جیاوازە لە پەیوەندیی نێوان نەتەوە، دەوڵەت و ئازادی. پرسیاری کۆتاییم بۆ د. عیرفان ئەوەیە: ئەگەر کوردبوون بەڕاستی ئەو هێزە شاراوەیەیە کە یاری بە کارەکتەرە سیاسییەکان دەکات، چۆن دەتوانین جیاوازی لەنێوان ئەوەی کوردبوون دەیکات و ئەوەی حیزبەکان بە ناوی کوردبوونەوە دەیکەن دابنێین؟ لە وەڵامی ئەم پرسیارەدایە کە گفتوگۆکەمان دەتوانێت لە وەسفکردنی قەیرانەوە بگاتە تێگەیشتن لە هۆکارەکانی.

سەرچاوەکان
(١) https://www.facebook.com/arfan.mustafa.14
(٢) Ivarsson, Søren. “Benedict Andersons forestillede fællesskaber. Globale og lokale perspektiver på det nationale.” Historisk Tidsskrift 107, no. 2 (2007): 509–537. Visning af: Benedict Andersons forestillede fællesskaber. Globale og lokale perspektiver på det nationale. Anderson, Benedict. (2006). Imagined Communities: Reflections on the Origin and Spread of Nationalism. Revised Edition. London: Verso. pp. 5–7.
PDF ـی کتێب
(٣) Schmitt, Carl. (2005). Political Theology: Four Chapters on the Concept of Sovereignty. Translated by George Schwab. Chicago: University of Chicago Press. pp. 5–13, 36–37.
(٤) Arendt, Hannah. (1970). On Violence. New York: Harcourt, Brace & World. pp. 44–46, 56.

(٥) Weber, Max. (1946). “Politics as a Vocation.” In H. H. Gerth and C. Wright Mills (Eds. & Trans.), From Max Weber: Essays in Sociology. New York: Oxford University Press. pp. 77–78. Politics as a Vocation – Classical Sociological Theory and Foundations of American Sociology.
(٦) Huntington, Samuel P. (1968). Political Order in Changing Societies. New Haven: Yale University Press. pp. 12–24. Political Order In Changing Societies 
٧. الدستور العراقي

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP