١. هەرێمی کوردستان لە ڕووی واقعيەوە دوو ئيدارەییە. بە فەرمی و لە ڕووی یاساییەوە یەک قەوارە و حکومەتە. هەڵەیەکی گەورەیە وا بزانين لەبەر ئەوەی لە ڕووی واقعييەوە دوو ئيدارەییە کەواتە ئاساییە و گونجاوە بە فەرميش بکرێتە دوو ئيدارە. لە سياسەتدا واقع گرنگترە، بەڵام لایەنی یاسایی و فەرميش گرنگی و ڕۆڵی خۆیان هەیە. بەشێکی گەورە لە سياسەتی دەوڵەت و هەڵوێست و پابەندييەکانی، بريتييە لە لایەنە فەرمی و یاساییەکان. لایەنی فەرمی هەرێمی کوردستان کە یەک قەوارە و حکومەتە، هەموو کات دەکرێت وەک دەرەفەتێک بەکاربێت بۆ گۆڕانکاری لە واقعەکە کە دوو ئيدارەییە. هەر وەک چۆن واقعەکە هەميشە هەڕەشەیەکی گەورەیە لە لایەنە فەرمی و یاساییەکە، لایەنە فەرميەکەش هەميشە دەرەفەتێکە، ئەگەر بچوکيش بێت، بۆ چاککردنی واقعەکە.
٢. ململانێ و ناکۆکی و کێبرکێ و شەڕ بەشێکە لە سياسەت و ژیان وەک ئاشتی و دۆستایەتی، چونکە هەميشە گروپێک پێیوایە نەيار و دووژمنی هەیە. مرۆڤ لە ئاستی دەوڵەت، ململانێ و کێبرکێ لەگەڵ دەوڵەتانی تر دەکات. دەوڵەت، دەوڵەتی تر بە نەيار و دووژمن دەزانێت. مرۆڤی کورد چونکە بچوکە و نەگەيشتووەتە ئاستی دەوڵەت، ململانێ و شەڕ و تەحەداکردنەکانی زیاتر لە ناوخۆیە و بچوکە (بۆ نموونە گوتارەکەی باڤل تاڵەبانی کە پڕ بوو لە تەحەداکردن و هەڕەشە، بەڵام هەمووی لە گروپێکی کوردی). کورد کۆمەلێک حيزب و عەشایەر و گروپ و ميديایە... بە گشتی، هەر لەناوخۆیاندا ململانێ دەکەن. چارەسەر ئەوە نييە ململانێ لەناوببرێت، چونکە مرۆڤ و ژیان مەحکومن بە ململانێ، چارەسەر ئەوەیە گۆڕەپان و ئاڕاستەی ململانێکان بگۆردرێن.
٣. ئەوەی مایەیی سەرنجە، کورد لەسەر ئاستی سازشکردن و لێبوردەیی، کەمتر ناوخۆی و لۆکاڵييە، لەوەدا زیاتر ئاڕاستەی دەرەوەیە و بە تايبەت بۆ دووژمنان و داگيرکەران. ئەگەر وەک ململانیکانی ناوخۆیی بان، کێشەکان قووڵ نەدەبوونەوە (بۆ نموونە کەلەڕەقی و سازشنەکردنی پارتی بۆ یەکێتی). لەگەڵ سەرهەڵدانی ململانێ لە نێوان دوو حيزبی کوردی، خێرا پەنا دەبەنە بەر خۆخستنە ژێر دەوڵەتێکی داگيرکەر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گروپە کوردييەکەی تر.
٣. پێويستە یاسایەکی ڕوون و بەهێز لە ڕووی جێبەجێکردنەوە لە پەرلەمانی کوردستان دەربچێت کە دەستبردن بۆ هەندێک دەستکەوت و بەها و بەرژەوەندی کورد و بەکارهێنانی وەک کارتێکی فشار, قەدەغە و تاوانە لە لایەن هەر گروپ و کەس و لایەنێکەوە بێت. بۆ نموونە مانەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان و پاراستنی لە داڕمان و دابەشکردن و لاوازکردنی (جگە لە گۆڕينی بۆ دەوڵەت)، تاوان و قەدەغەیە تەنانەت حکومەت و پەرلەمانی هەرێمی کوردستانيش ئەو مافەیان نەبێت لە ژێر هيچ فشار و پاساوێک. چونکە دەستکەوتێکی نەتەوەیی و مێژووییە بۆ کورد کە گەورەترە لە ٧-٨ مليۆن کوردی باشوور و ناو هەرێم. تاکە قەوارەی فەرمی کوردە لە جيهاندا، بۆیە هەموو کورد خاوەندارێتی دەکات نەک تەنيا هاووڵاتيان و حکومەتی هەرێم.
٤. لەم کێشەیەیی نێوان پارتی و یەکێتی، دەستی دەرەکی هەبێت یا نا، بەرپرسی یەکەم یەکێتی و پارتييە، یەکێتی وەک دەستبردن بۆ ئەو کارتە مەترسيدارە، پارتی لەو ڕووەوە کە بۆ ڕێگرتن لەو مەترسييە ئامادە نييە سازش بکات بۆ لایەنێکی کوردی کە ساڵانێکە هاوبەشن لە حکومەت و بازرگانی.
٥. لەوە دەچێت عيراق پشتگيری ئەو هەڵوێستەی یەکێتی نەکات لەم کاتە، بەڵام بە پێی بارودۆخ و کات هەڵوێستەکان دەگۆرێن. پێويستە ڕۆڵی تورکيا و ئێران لەبەرچاوبگيرێت، ئەگەر ئەوان مەبەستيان بێت لەم کاتە هەرێم لەناوبەرن، دەتوانن بە فشارکردن لە عيراق بە یاسایی بکەن و شەرعيەتی بدەنێ.
٦. پێويستە حيزبەکانی تر، نوخبەکان، ڕای گشتی بەگژ ئەو بيرۆکە مەترسيدارە ببنەوە. دوو ئيدارەیی جگە لەوەی کۆتایی بە هەرێمی کوردستان دەهێنێت لە ڕووی فەرمی و یاساییەوە کە کارەساتە بۆ کورد، دۆخی ژیان، لە ڕووی ئابووری و سياسی و ئەمنيەوە خەراپتر دەکات، بە تايبەت بۆ زۆنی سەوز. بۆ خودی یەکێتيش خەراپترە، چونکە ئێستا دەسەڵاتێکی فيعلی لە زۆنی سەوز هەیە و ئامادەییەکی فەرمی لە زۆنی زەرديش هەیە. لە دوو ئيدارەیی دەسەڵاتە فيعلييەکەی لە زۆنی سەوز شەرعيەتی نێودەوڵەتی نامێنێت و ڕووبەڕووی چەندين قەيرانی نوێ دەبێتەوە، لە زۆنی زەرديش کۆتایی دیت. ئەمە بۆ پاريش ڕاستە.
٧. لەبەر چەندين فاکتەری ناوخۆیی و دەرەکی، ململانێی پارتی و یەکێتی بە بردنەوەی لایەنێک و دەرکردنی لایەنێکی تر لە هاوکێشەکە کۆتایی نایەت. بۆیە تاکە بژاردەی باش لەم کاتە سازشکردنە بۆ یەکتر.
٨. ئەمريکا وەک دامەزرێنەر و خاوەنی ڕاستەقينەی هەرێمی کوردستان دەکرێت ڕۆڵی یەکلاکەرەوە ببينێت، بەڵام لەبەر چەندين هۆکار، لەوە دەچێت ئەمريکا ويست و دەرەفەت و کاتی ئەو بابەتە بچوکەی نەبێت ئەمجارە. بۆیە ئەگەر کورد خۆی ئەو زەمينەیە بڕەخسێنێت، ئەوا تورکيا و ئێران ڕەحم ناکەن.