پەیوەندیی نێوان ڕۆشنبیر و دەسەڵات، یەکێکە لە کۆنترین و ئاڵۆزترین پرسیارەکانی مێژووی بیرکردنەوەی مرۆڤ. لە سەردەمێکدا کە زانیاری و میدیا و بیرۆکە دەتوانن ئاراستەی کۆمەڵگە بگۆڕن، ڕۆشنبیر چیتر تەنها چاودێرێکی دەرەوەی دەسەڵات نییە؛ بەڵکو لەوانەیە ببێتە بەشێک لە پرۆسەی بڕیاردان، یان بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر سیاسەت و ڕەفتاری فەرمانڕەوایان دابنێت. بەڵام پرسیاری گرنگ ئەوەیە:
ئەم نزیکبوونەوەیە دەرفەتی گۆڕانکارییە، یان سەرەتای لەدەستدانی سەربەخۆیی؟!
لە جیهانی هاوچەرخدا، دەسەڵات تەنها لە کۆشکی حکومەت و دامەزراوە فەرمییەکاندا کورت نابێتەوە؛ بەڵکو تۆڕێکە لە پەیوەندییە سیاسی و ئابووری و میدیایی و کولتوورییەکان.
ڕۆشنبیر لەوانەیە هیچ پۆستێکی فەرمی نەبێت، بەڵام بەهۆی ناوبانگ و کاریگەرییەکەیەوە ببێتە میوانی کۆڕە سیاسییەکان، ڕاوێژکاری بڕیاردەران یان هاوبەشی پرۆژەیەکی گشتی. ئەم پەیوەندییانە بەخۆیان خراپ نین؛ بەڵام کاتێک پێگە و ناوبانگ دەبنە بەرامبەری بێدەنگی، ڕۆشنبیر دەکەوێتە ناو تاقیکردنەوەیەکی ئەخلاقییەوە!
پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا ڕۆشنبیر دەسەڵات بەکاردەهێنێت بۆ گۆڕینی ڕاستی، یان دەسەڵات ڕۆشنبیر بەکاردەهێنێت بۆ جوانکردنی وێنەی خۆی؟!
بۆ تێگەیشتن لەم دۆخە، دەکرێت بگەڕێینەوە بۆ ئەسینای کۆن؛ بۆ دوو ناوی گەورەی فەلسەفە، سوقرات و ئەفلاتوون. سوقرات کارمەندی کۆشکی هیچ فەرمانڕەوایەک نەبوو. ئەو بە پرسیارەکانی بنەما و باوەڕەکانی کۆمەڵگەی دەخستە ژێر تاقیکردنەوە و بەردەوام داوای لێکدانەوەی لە خاوەنانی بڕوا و دەسەڵات دەکرد. ئەو بەهۆی تێڕوانین و چالاکییە فکرییەکانییەوە لە دادگای ئەسینا بە لەسێدارەدان سزادرا
ئەفلاتوون، قوتابیی سوقرات، ڕێگایەکی جیاوازی هەڵبژارد.
ئەو باوەڕی بە دەوڵەتێک هەبوو کە فەیلەسوف و خاوەنانی حیکمەت ڕێبەری بکەن. تەنانەت هەوڵی دا لە سیراکوز، لە ناوچەی سیسیلیا، بە پەیوەندی لەگەڵ فەرمانڕەوا کاریگەری لەسەر سیاسەت دابنێت؛ بەڵام ئەو ئەزموونە بەو شێوەیەی چاوەڕوانی دەکرد، سەرکەوتوو نەبوو.
لێرەدا دوو ڕێگای جیاوازمان لەبەردەمدایە: سوقرات بە پرسیار ڕووبەڕووی دەسەڵات بووەوە، ئەفلاتوونیش هەوڵی دا فەلسەفە بخاتە ناوەندی بڕیاردانەوە. بەڵام هیچ کام لەم دوو ڕێگایە بە تەنها پێوەری سەربەخۆیی نییە. دووربوونەوە لە دەسەڵات بەڵگەی پاکیی ویژدان نییە، هەروەها نزیکبوونەوە لێیش بەڵگەی ملکەچبوون نییە!
مەترسیدارترین جۆری ملکەچبوون ئەوە نییە کە بە زۆر بسەپێنرێت؛ بەڵکو ئەوەیە کە ڕۆشنبیر خۆی دەست بە سانسۆرکردنی بیر و زمانەکەی بکات. کاتێک بۆ پاراستنی پێگەی خۆی ڕەخنەی هاوپەیمانێکی سیاسی پشتگوێ دەخات، یان لەبەر ئەوەی بانگهێشت و ئیمتیازەکانی لەدەست نەدات، لە بەرامبەر هەڵەیەکی ئاشکرا بێدەنگ دەبێت، ئەوا دەسەڵات پێویستی بە بێدەنگکردنی ئەو نییە؛ چونکە ئەو خۆی دەنگی خۆی کوژاندووەتەوە!
بۆیە نابێت بەهای ڕۆشنبیر بە ژمارەی ئەو سەرۆکانە بپێورێت کە بینیونی، یان بە ئاستی ئامادەبوونی لە میدیاکاندا. پێوەری ڕاستەقینە ئەوەیە ئایا دەتوانێت ڕەخنە لەو کەسە بگرێت کە پێشوازیی لێ کردووە؟
ئایا دەتوانێت هەڵەی هاوپەیمانەکەی دانی پێدا بنێت؟ ئایا ئامادەیە ڕاستییەکی ناخۆش بە فەرمانڕەوا بڵێت، تەنانەت ئەگەر ئەو ڕاستییە پێگەی خۆیشی بخاتە مەترسییەوە؟!
ڕۆشنبیر دوژمنی سروشتیی دەسەڵات نییە، بەڵام نابێت کارمەندی بێدەنگی ئەویش بێت. ئەرکی ئەو ئەوەیە لە هەر شوێنێک بێت، عەقڵ و ویژدانی خۆی بپارێزێت و بە پێوەرێکی یەکسان مامەڵە لەگەڵ هەموو لایەنەکاندا بکات!
لە کۆتاییدا، نزیکبوونەوە لە دەسەڵات بەخۆی تاوان نییە؛ بەڵام لەدەستدانی سەربەخۆیی لە ناوی کاریگەرییەوە، خیانەتێکە بە ئەرکی ڕۆشنبیری. چونکە ڕۆشنبیر ئەگەر نەیتوانی ڕاستییە تاڵەکان بە فەرمانڕەوا بڵێت، ئەوا بوونی لە تەنیشتی ئەوەوە زیاتر لەوەی خزمەتی کۆمەڵگە بکات، دەبێتە زینەتێک بۆ دەسەڵات!
دەسەڵات لەوانەیە کورسییەک لە تەنیشت فەرمانڕەوادا بۆ ڕۆشنبیر دابین بکات، بەڵام ئەو کورسییە نابێتە مۆڵەتێک بۆ فرۆشتنی ویژدان. گرنگ ئەوە نییە ڕۆشنبیر لە کوێ دادەنیشێت؛ گرنگ ئەوەیە کاتێک لە تەنیشت دەسەڵاتە، عەقڵی خۆی لەگەڵ خۆی هێناوە یان لە دەرگاکەدا بەجێی هێشتووە؟!