تازە فامم کردبووەوە، بیرمە باوکم (بە ڕەحمەت بێ لەگەڵ مردووی هەمووان)، بە خزمێکی خۆمانی وت: کەی دەستکاری خانووەکەت ئەکەی؟ ئەویش وتی: وەڵا جارێ با بزانین ئەو وەزعە چی بەسەردێ!
وەزع لەم ناوچەیە زۆر دەمێکە بەستراوە بە وەزعی ئیسرائیلەوە و تا ئیسرائیل بە ئیسراحەت پاڵی وجوودی لێ نەداتەوە، هەر ئەوە ئەبێ کە پەنجا شەست ساڵێکە هەیە؛ واتا، شەڕ و شۆڕ و لێدە و هەرێ و یەکتر کوتانە، تا هەمووان یەک بە دوای یەک، چ پڕ بە دەمیان، چ ژێر بە ژێر و چ لەژێر لێوەوە ئەڵێن: ئامەننا!
لەو وەزعە، هەم خێرمان دیوە و هەمیش شەڕڕ…
کورد لە عێراق لە ١٩٧٥ خراپ خرا و دەستیشی لە بنا بڕدرا، چونکە ئەبوو عێراقی ئەوکات بەهێز بکرێ تا ئامادە بێ بۆ لێدانی ئێرانی دوای شا. بەڵام لە ١٩٩١، بۆئەوەی ئەو عێراقەی کە هەر خۆیان ملیان قەوی کرد لاواز بێ و ئامادەش بکرێ بۆ گۆڕینی بە دانەیەکی تازە کە زەرەری بۆ (پەز)ەکە نەبێ، دەستی کورد گیرا و هەستێنرایەوە و قەوارەیەکی بەناوی هەرێمی کوردستانەوە خرایە بەردەست،، تا ئێستا!
ئێستاش هەر بە هۆی ئەو وەزعەوە، یەعنی بە کورتییەکەی، تا عێراقە تازەکە ئەگاتە ئەوەی بڵێ (ئامەنتو)، قەوارەکەمان لەسەر هەردوو پێی خۆی وەستاوە و ئەوەستێ و سەلامەتیشە!
بەڵام لێرەدا شتێک هەیە…
کورد لە سووریا گەیشتنە قۆناغی ئیعلانی دەوڵەت، بەڵام هەر ئەوەندەی ڕژێمێکی ( بە حساب) دژ بە ئیسرائیل بە دانەیەکی ( بە کیتاب) بێ وەی بەرانبەر بە ئیسرائیل گۆڕدرا، ئیتر حاڵی کوردی ئەوێ ئەوەیە کە ئێستا هەیە!
باشە پرسیارێک بەبێ تەفاسیل…
ئەی ئەگەر حساب و کیتابێکی ئاوها لە عێراق ڕوو بدا، ئەوکات کوردی ئێرە چی؟!
ئەوەندە بەسە و با بگەڕێمەوە بۆ لای خزمەکەمان…
تەبعەن خزمەکەمان دەستکاری خانووەکەیی نەکرد و هەر چاوەڕێ بوو وەزعەکە بۆی لەبار بێ، کەچی زۆری نەبرد شەڕی عێراق ـ ئێران دەستی پێکرد و ئەویش دواجار هەر ئەبوو دەست بە چاککردنی خانووەکەی بکا و کردیشی، بەڵام بە سعرێکی زۆر گرانتر لە پێشتر، بلۆک و چیمەنتۆ و شیشی کڕی!
دەمێکە ئەمەوێ ئەم پۆستە بکەم، بەڵام منیش هەر ئەمووت: با جارێ بزانم ئەو وەزعە چی بەسەردێ.