سەرنجڕاکێشە کە لەسەر ئاستی کۆڕ و کۆنفرانسە ئیسلامییەکاندا (نەک کەسەکان)، زۆر بە دەگمەن دەبینرێت ئاماژە بە پرسی کوردستان و کێشە و نەهامەتییەکانی گەورەترین نەتەوەی زۆرینە موسوڵمانی بێدەوڵەت لە جیهاندا بکرێت، کە ئەویش نەتەوەی کوردە!
ئەوانیش هاوشێوەی ئەو دەوڵەتانەی کوردیان بەسەردا دابەشکراوە، ئەم پرسە گەورە و دادپەروەرانەیە پشتگوێ دەخەن، ناوی ناهێنن، ڕەوایەتیی پێ نادەن، چ جای ئەوەی پشتیوانیی لێ بکەن یان دژ بەو زوڵم و زۆردارییە بوەستنەوە کە دەوڵەت و سیستەمەکان لە دژی دەیکەن!
بۆیە، جگە لە باسی فەلەستین و یەمەن و سوودان و ئەفغانستانی جاران و چیچان و کەشمیر و ڕۆهینگا و تورکمانی ڕۆژهەڵات و چەندین شوێنی تر، باسێک لە پرسی کوردستان لەلایەن ئەم ناوەند و کەسایەتی و ڕێبەرە ئیسلامییانەوە ناکرێت. وا مامەڵەی لەگەڵدا دەکەن، وەک ئەوەی پرس و کێشەیەکی سەدساڵەی خوێناوی بەو ناوەوە هەر لە بنەڕەتەوە بوونی نەبێت!
ئەوەش زۆر بە کورتی، لەبەر ئەوەی لە ڕوانگەی ئەوانەوە، پرسی کوردستان، ئەگەر پڕۆژەی ئیسرائیلی دووەمیش نەبێت، کە لای هەندێکیان وایە، ئەوا پرسێکی نەتەوەیی لە ناو کۆمەڵێک وڵاتی موسوڵماندایە و بەرامبەرەکانی کورد ناموسوڵمان نین!
کاتێک لە دیدی عەقڵێکی نەریتیی ئیسلامیشەوە پرسێک نەتەوەیی بوو، زۆر بە قورسی پێناسی ڕەوایەتیی ئیسلامی وەردەگرێت؟!
لەبەر ئەوەی ئایدیۆلۆژیای ئیسلامیی نوێ و ناوەندە ئیسلامییەکان بە گشتی، بە تایبەتیش لەبارەی نەتەوەی بێدەوڵەتەوە، کە بەرامبەرەکانی ناموسوڵمان نەبن، پێوەر و بەهاکانی ناسیۆنالیزم ڕەت دەکەنەوە و بە دەمارگیری و نەهێڵراوێکی ئیسلامی و ڕواڵەتێکی نەفامی دەزانن.
لە ڕوویەکی ترەوە، پێیان وایە ناسیۆنالیزم هێمای دووبەرەکی و لێکدابڕانی نێوان موسوڵمانانە و ئامرازی خۆرئاوا بووە بۆ ڕووخاندنی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی و لە ئێستاشدا بۆ لەبەریەک هەڵوەشاندن و لاوازکردنی هەندێک دەوڵەتی موسوڵمان.
لە کاتێکدا ئەم بۆچوونانە، بە تایبەتیش سەبارەت بە کورد، زۆربەیان بێبنەمان و جگە لە پاساودانی سەرکوتکردنی کورد و بزووتنەوە نەتەوەییە بەرهەڵستکارەکەی هیچی تر نین؛ بە حوکمی ئەوەی بە درێژایی سەدەی ڕابردوو، ڕووسیا و ئەمریکا و خۆرئاوا بەشدارییەکی ڕاستەوخۆیان لە سەرکوتکردنی کورد و بزووتنەوە سیاسییەکەیدا کردووە و پشتیوانییان لەو دەسەڵات و دەوڵەتانەش کردووە کە کوردیان چەوساندووەتەوە و ژێردەستیان کردووە.
تەنانەت کار گەیشتە ئەوەی کۆندۆلیزا ڕایس، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، داوای لێبوردن لە تورکیا بکات، تەنها لەبەر ئەوەی ناوی کوردستانی بە زماندا هاتووە؛ ئەوەش تورکیای تووڕە کردبوو.
چونکە لای ئەوان شتێک بە ناوی کوردستانەوە بوونی نییە و ناوهێنانێکی لەو جۆرە دەبێتە هەڕەشە لەسەر ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکەیان!!
بێگومان، هەموو ئەم شتانە بەڵگەی سادەیی بیرکردنەوە، قەیرانی فیکریی ئیسلامیی هاوچەرخ و لاوازیی گیانی عەدالەتخوازیی ئیسلامیی بەشێکی بەرچاوی ناوەندە ئیسلامی و دینییەکانی ناوچەکە و دنیای ئیسلامە بە شێوەیەکی گشتی.
چونکە جگە لەوەی مۆری مەزهەبی و تایفەگەری بەسەر گوتاریاندا زاڵە و فراوانیی ئیسلام بۆ تەنگەبەریی مەزهەب دادەبەزێنن، لە هەمان کاتدا بەشێک لە پێوەرەکانی ئیسلامیبوون لای سەرپەرشتیارانی ئەو کۆنفرانس و کۆڕانە، سەرنج و سیاسەت و پێوەر و بەرژەوەندیی ئەو دەوڵەت و سیستەمانەیە کە پشتیوانیی ماددییان دەکەن، یاخود لەسەر خاکی ئەوان کۆنفرانسەکان بەڕێوە دەچن.
بۆیە هەرچەندە پرسێک، لەوانەش پرسی کوردستان، لە جەوهەردا ڕەوا و دادپەروەرانە و ئیسلامیش بێت، ئەگەر ئەوان نەیانەوێت تیشکی بخەنە سەر و بیورووژێنن، ئەمانیش خۆیانی لێ دەبوێرن!
لە کاتێکدا دەوڵەتە موسوڵمانە هاوچەرخەکانی ئێستا، لەوانەش ئەو دەوڵەتانەی کوردستان و کوردیان بەسەردا دابەشکراوە، نەتەوەیین؛ واتە دەوڵەت-نەتەوەن.
هەر بەو ئەندازەیەش ئیسلامییەکان حوکمی ئەو دەوڵەتانە بکەن، لەم سروشتە ناشۆرێنەوە و لە دەوڵەت-نەتەوەوە ناکەون و نابن بە شتێکی تر؛ چونکە هەر یەکەیان سەرسەختانە بەرگری لە بەرژەوەندی و ئاسایشی نەتەوەیی خۆیان دەکەن و لەم پێناوەشدا ئامادەن بچنە شەڕ لەگەڵ هەر گرووپ و دەوڵەتێکی ئیسلامی، ئەگەر ببینن مەترسی بۆ سەر بەرژەوەندی و ئاسایشی نەتەوەیی خۆیان پێکدەهێنێت.
واتە ئەگەر پرسی کوردستان پرسێکی نەتەوەیی بێت، بەوەش لە ڕوانگەی ئەوانەوە لە بازنەی پرسە ئیسلامییەکاندا جێگای نەبێتەوە و بخرێتە دەرەوەی ئەو بازنەیەوە، ئەوا ئەو دەوڵەتانەی لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردووەوە تاکوو ئێستا ئەم پرسەیان چارەسەر نەکردووە و وەک برینێکی خوێنلەبەرڕۆیشتووی بەردەوام هێشتوویانەتەوە، دیسانەوە نەتەوەیی و دەوڵەت-نەتەوەن.
واتە کێشەکە لە نێوان کۆمەڵێک دەوڵەتی زۆرداری هاوچەرخ و نەتەوەیی، چەند نەتەوەیەکی باڵادەست و بزووتنەوەی مافخوازیی نەتەوەیەکی بندەستی موسوڵماندایە، کە داوای وەکیەکی و دادپەروەریی نەتەوەیی دەکات؛ نەک لە نێوان خەلافەتی ڕاشیدین و گرووپێکی هەڵگەڕاوەی سەرکێشدا.
لە لایەکی ترەوە، ئەگەر لە دوای جەنگی جیهانیی یەکەمەوە گەورەترین ستەم لە کورد نەکرایە و لە دامەزراندنی دەوڵەتی خۆی بێبەش نەکرایە، واتە ئەگەر دەوڵەتمان هەبوایە، ئێمەش لە ئێستادا هاوشانی دەوڵەتەکانی تر ڕەوایەتیی ئیسلامیمان دەبوو، چونکە دەوڵەتمان هەبوو.
خۆ ئەگەر یەکێک لە ناوەوە بە ناوی نەتەوایەتییەوە دژی دەوڵەتەکەمان بوەستایەتەوە، با دەوڵەتەکەی ئێمەش نەتەوەیی بێت، بە قسەی ئەوان ئەو کەسە دژی یەکێتیی ئوممەت و دابەشکردنەوەی دەبوو.
ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە بەشێک لەو دید و دروشمانەی زۆرجار بە ناوی یەکێتیی ئوممەتەوە دەورووژێندرێن، لە جەوهەردا دیدێکی مۆدێرنی سیاسیی لایەنگری دەوڵەتگەراییە کە بە دین ڕووپۆش کراوە، نەک ئیسلامیی ڕەسەنی عەدالەتخواز.
دیدێک کە پێوەرێکی گرنگی بۆ ئەوەی ناوت بهێنێت و پرسەکانت بە ئیسلامی و ڕەوا ببینێت، ئەوەیە دەوڵەتت هەبێت، نەک داوا و کەیس و پرسەکەت لە خودی خۆیدا ڕەوا و ئیسلامی و ئەخلاقی بێت!
ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە بێدەوڵەتی تەنها کوردی نەکردووەتە دەرەوەی مێژووی فەرمیی جیهان و یاسای گشتیی نێودەوڵەتی و کارنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و دنیای مۆدێرن؛ بەڵکو بە هەمان شێوە لە ناوەندە ئیسلامییەکانیشدا، مادام پرسەکە نەتەوەیی بێت و فیکری ئیسلامیی هاوچەرخیش چارەسەرێکی بۆ ئەو کێشەیە پێ نەبێت، جگە لە هەندێک مافی ڕۆشنبیری و هاوڵاتیبوون و برایەتیی ئیسلامیی بێناوەڕۆک، خستوویەتییە دەرەوەی بازنەی ڕەوایەتیی ئیسلامیی سەردەمیشەوە؛ واتە کاری لەسەر ماف و کەسێتیی موسوڵمانانەی زۆرینەشی کردووە.
ئێستا تێدەگەین زام و خەمی بێدەوڵەتی و کاریگەرییە قەرەبوونەکراوەکانی لە دنیای نوێدا چەند قووڵ و بەسوێیە؟