دواین هەواڵ

دەستور و یەکریزی دوو پایەی گرنگی حکومرانی

‌ڕێبین ڕەحیم

21/05/2021

دانانی دەستور بۆ هەرێمی كوردستان روداوێكی گرنگی حوكمڕانی ئێمەیەو هەنگاوی یەکەمی پرۆسەی  بەسیستەماتیزەكردنی خۆ رێبەریكردنی گەلی كوردە بەسەرۆکایەتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و پێناس و رەنگڕێژی شێوەی بیركردنەوەی گەلێكە سەبارەت بە دەوڵەتداری‌و چۆنیەتی ژیانكردن و هەنگاوی یەکەمی سەرپێخستنی پرۆسەی بە موئەسەساتکردنی ئەم وڵاتەیە بۆ خزمەتکردنی هەموومان. 

ئەوەی لێرەدا گرنگە ئەوەیە ئەم دەستورە دەست نەخاتە نێو بابەتی ئازادیەكان‌ وەلێ سنوری ئازادی و بەرەڵایش بۆ هەموان ڕونبکاتەوەو نەبێتە هۆیەكی كاریگەرو یەكلاكەرەوە بۆ بنەبڕكردنی هەموو ئەم گەشەكردنانەی لەنێو  فەزای حوکمڕانی و كۆمەڵگەی ئێمەدا بوونی هەیە کە پێشترو بەهەوڵ و خەباتێکی هەمەچەشن و نەپساوە دروستمانکردوە،بەپێچەوانەوە پێوویستە بیکەین بەبناغەی  ئەو تەلارە مەدەنیەی کە كۆمەڵگاکەمان بەرەو کەناری ئازدی یەکجارەکی و  ئارامی دەبات. 

بەبڕوای من  سەركەوتنی داهاتووی ئێمە لەوەدایە کە دەستوری هەرێمی كوردستان دەوڵەت‌ و حكومەت بەبێلایەنی بهێڵێتەوە‌و رێگانەدات هیچ ئایدیا‌و بۆچون‌ و دین‌ و مەزهەبێك بەسەریدا زاڵ بێت و بێلایەنانە لەنێوان هەمواندا بوەستێت . چونكە ئەگەر فەزای دەوڵەتداری كەوتە دەست بیرو بۆچوون و مەزهەب‌و ئاینێكی دیاریكراو، بەپلەی یەكەم زەرەرمەندی یەكەم دەوڵەتەکە خۆی دەبێت چونکە بەدەستی خۆی پایەکانی ئارامشی خۆی دەڕوخێنێت. 

ئەگەر سەیری دەوڵەتە سکولارەکانی جیهان بكەین دەبینین فەزای گشتی  بێ لایەنە‌و جێگای هەموو ئاین‌و مەزهەب‌و بیروبۆچونێكی جیاوازی تێدا بۆتەوە ئەمەش وا دەكات ئاشتی كۆمەڵایەتی‌ و رێژەیی بوونی حەقیقەت‌ و یەكتر قبوڵكردن ببێتە نەریت‌و لەكەسایەتی تاكەكانی كۆمەڵگادا جێگای خۆی بگرێت و هەموان  بەئاشتی و ئارامی و یەکڕیزی پێکەوە بژین. 

هەرێمی كوردستان تابلۆیەکی مۆزایکی جوانەو فرەئاین و ئاینزاو مەزهەب و نەتەوەیە  بۆیە پێویستە ئەم واقعەی كوردستان بەوردی لەبەرچاوبگیردرێت و دەستورێكی سکۆلار کە هاوڵاتی ومافی مرۆڤ تێیدا سەنتەربێت بونیادبنێت ئەمەش  وا دەكات فەزایەكی كراوەی ئیشكردنمان لەبەردەست بێت لەوە نەترسین كە چۆن بیردەكەینەوە‌و پڕۆژە‌و دنیابینیمان چیەو چۆنە.

گرنگترین سەركەوتنی هەر دەستورێكیش پەیوەستە بە رێزگرتنی بڕی ئازادیەكانی خەڵك‌ و مافەكانی هاوڵاتیان، دەستورێكی دیموكراسی‌و سکۆلارو كراوە، رادەی گەشەكردنی سیاسی‌و ئاشتی نێوان ئاین‌و ئاینزاكان‌و گروپە جیاوازە كۆمەڵایەتیەكان بەرز دەكاتەوە‌و زەمینەی كۆمەڵگایەكی پێشکەوتوو پێگەشتوو دەڕەخسێنێت.

هەبوونی دەستورێکی سیکۆلارو گەل پەسەند وادەکات دەوڵەت هی هەموان بێت‌ و كەس ناتوانێت لەسەر شێوازی بیركردنەوەی خۆی تاپۆی بكات‌ و ئەوانی دی بخاتە پەراوێزو  دەرەوەی دەوڵەت‌ ، واتا ئەگەر دەوڵەت هی هەموان نەبێت‌ و تەنها یەك بیرو باوەڕو  ئاین و ئاینزایەک دەوڵەت بەرێوە بەرێت، بێشک تاكڕەوی دروست بێت  كە دواجار فەزای یاخی بوونی كۆمەڵایەتی‌ و فكری‌ و سیاسیش دروست دەكات.

بەڵام ئەگەر دەوڵەت بێ لایەن و ئازادو دیموكراسی بێت، ئەم مەترسیانەی سەرەوە لەكۆمەڵگا دوور دەكەونەوە. لەدەوڵەتی سیکۆلاردا هیچ بیروبۆچونێك‌ و ئیمانێكی تاك پەراوێزناخرێت، رێگای گوزارشت لەخۆكردن بۆ هەموان كراوە دەبێت بەجۆرێک هەموان ڕێز لەیەکترو لە سیسمی حکومڕانی جیاوازییە ئاینی و مەزهەبی و سیاسی و فیکریەکانی یەکتر دەگرن کەئەمەش ڕوویدا بێشک هەم یەکڕیزین هەمیش خاوەن دەستورو پێناسی خۆمان دەبین. 


Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP