دواین هەواڵ

بۆ بەڕێز مەلا تاهیر کەڵەباشی

‌عەتا شەمێرانی

12 کاتژمێر پێش ئێستا

لە ڕاستیدا وەک مرۆڤێک نیگەران بووم کاتێک بیستم لە کارەکەت دەرکراویت،  پێم ناخۆش بوو،. نەک لەبەر ئەوەی لەگەڵ هەموو ئەو شتانەی دەڵێیت و دەیکەیت هاوڕام، بەڵکو لەبەر ئەوەی حەزم لەوە نییە مرۆڤێک کار و مووچە و سەرچاوەی بژێوی خۆی لەدەست بدات. کار تەنها مووچەی کۆتایی مانگ نییە؛ بەڵکو بەشێکە لە ژیان و بەرپرسیارێتی و داهاتووی مرۆڤ و خێزانەکەی!!

تۆ فەرمانبەری حکومەتی هەرێمی کوردستان بوویت، واتە فەرمانبەری ئەو حکومەتەیت کە شەوو ڕۆژ، بەردەوام ڕەخنەت لێ دەگرت و بەکاربەدەستەکانیت دەوت:  چەتە ..ڕێگر .. سەرسەری .. قومارچی . هتددد ،لەزۆربەی وتارەکانتا ،دەستەڵاتداران و دامەزراوەکانی و سیاسەتەکانی حکومەتی هەرێم وپەرلەمان و دادگا و پۆلیست، دەخستە ژێر پرسیارەوە! 

لێرەدا دەبێت بە ئارامی پرسیارێکت لێبکەم ؛ 

ئایا لە هیچ وڵاتێکی ئیسلامی و عەرەبیدا ، دەکرێت فەرمانبەرێک لە پۆستێکی فەرمی بێت و لە هەمانکاتدا  پۆستەکەی بکاتە تەختەیەک بۆ هێرش و ڕەخنەی بەردەوام لە حکومەتەکەی خۆی؟!! 
ئەم پرسیارە بە هیچ شێوەیەک مانای ئەوە نییە کە حکومەت  ی هەرێم وەک زنەی ئاو بێگەردەو هیچ کەم وکوڕییەکی نییە!!

بەڵێ، گەندەڵی هەیە٫ بەرپرسی مشەخۆر هەیە، کاربەدەستی بێ ویژدان هەیە ،  بەڵێ، هەندێک بڕیار پێویستی بە ڕەخنە و پێداچوونەوە هەیە و ڕەنگە پێویستی بە ڕەتکردنەوەش هەبێت! 
بەڵێ، هاووڵاتی و مامۆستا و پیاوی ئایینی و نووسەر و ڕۆژنامەنووس و فیتەرو بۆیاخچی و سیاسی. مافی ئەوەیان هەیە کاتێک حکومەت هەڵە دەکات بڵێن: هەڵەت کردووە!!

بەڵام جیاوازییەکی زۆر هەیە لە نێوان ڕەخنە و دوژمنایەتیی بەردەوامدا ، جیاوازییەکی زۆر هەیە لە نێوان ئاشکراکردنی گەندەڵی و ئەوەی هەموو کاربەدەستێک بەدزو تاوانبار بناسێنیت،  جیاوازییەکی زۆر هەیە لە نێوان داواکاریی چاکسازی و ئەوەی ڕەخنە بگۆڕیت بۆ ئازاردان و ناوبانگخستن و تۆمەتبارکردنی کەسی!!

کۆمەڵگا تەنها بە تووڕەیی چاک نابێت !!
 دامەزراوەکانی حکومەت بە هات و هاوار دروست نابن، گەندەڵی بەوە کۆتایی نایەت کە هەموو ڕۆژێک ناوی گەندەڵکارێک بێنینە سەر زمان!

چاکسازیی ڕاستەقینە جۆرێکی تری بوێریی دەوێت. ئەو بوێرییەی کە بە بەرپرسێک دەڵێیت: «هەڵەت کردووە، بەڵام من دەمەوێت هەڵەکەت چاک بکەیت! 

بە حکومەت دەڵێیت: «گەندەڵی هەیە، بەڵام با بزانین لە کوێیە و چۆن چارەسەری بکەین.!

ڕەخنە لە دامەزراوە دەگریت بۆ ئەوەی بەهێزتر بێت، نەک بۆ ئەوەی هەوڵی ڕووخاندنی بدەین،لە بەرامبەردا دەسەڵاتیش دەبێت فێری گوێگرتن لە ڕەخنە بێت.

هەر کەسێک ڕەخنە لە حکومەت دەگرێت، دوژمنی حکومەت نییە. هەر کەسێک لەگەڵ بەرپرسێک جیاواز بیر دەکاتەوە، نایەوێت دەوڵەت بڕووخێنێت!

دەسەڵاتی بەهێز ئەوە نییە کە ڕێگە نەدات کەس قسە بکات. دەسەڵاتی بەهێز ئەوەیە بتوانێت قسەی توندیش ببیستێت و لێی نەترسێت!

بۆیە من ناتوانم بڵێم بڕیاری دەرکردنت لە کارەکە دروست بووە تەنها لەبەر ئەوەی ڕەخنەت لە حکومەت دەگرت، هەروەها ناتوانم بڵێم هەموو ئەو شتانەی تۆ دەڵێیت دروستن تەنها لەبەر ئەوەی ڕەخنە لە دەسەڵات دەگریت!!

لەوانەیە دەسەڵات هەڵەی کردبێت کە لە جیاتی گفتوگۆ ،  سزای دابیت. لەوانەشە تۆ هەڵەت کردبێت کە ڕەخنەت کردووەتە شێوازێکی بەردەوام، لە کاتێکدا دەبوو ڕەخنە ببێتە ئامرازێک بۆ چاکسازی!

بەڵام دانایی ئەوەیە لەم ئەزموونە فێربین، نەک ئەوەی بیگۆڕین بە شەڕێکی نوێ.تۆ مامۆستا و ئیمام و وتاربێژی مزگەوتیت. ئەو وشانەی لەسەر مینبەرەوە دەردەچن وەک هەر وشەیەکی تر نین. خەڵک لە پیاوی ئایینی زیاتر لەوەی چاوەڕێی دەنگێکی سیاسی بکەن، چاوەڕێی دەنگێکی ئەخلاقی دەکەن!

هێزی وشە لەوەدا نییە چەند کەسێک بریندار دەکات؛ هێزی وشە لەوەدایە چەند شتێک دەتوانێت چاک بکاتەوە.من نامەوێت لە گەندەڵی بێدەنگ بیت. تۆش ناتەوێت ببیتە پارێزەر و بەرگریکار لە بەرپرسان٫ بەڵام لە هەمان کاتدا پێویستمان بە ڕاستییەکی دادپەروەرانە هەیە.

ئەگەر بەرپرسیارێک گەندەڵە، بە بەڵگە بڵێ گەندەڵە!
ئەگەر حکومەت هەڵەی کردووە، بڵێ هەڵەی کردووە!
ئەگەر بڕیارێک نادادپەروەرانەیە، بڵێ نادادپەروەرانەیە!

بەڵام جیاوازیی سیاسی مەگۆڕە بە دوژمنایەتیی کەسی و ڕەخنە مەگۆڕە بە تۆمەتبارکردن و ناوبانگدەرکردن، چونکە کاتێک جیاوازیی نێوان ئەمانە لەدەست دەدەین، هەموومان زیان دەکەین! 

لە کۆتاییدا بە هەموو ڕێزێکەوە دەڵێم: من خەمبارم کە کارەکەت لەدەست داوە، بەڵام هیوادارم ئەم ساتە ببێتە دەستپێکی پێداچوونەوەیەکی ئارام، نەک دەستپێکی شەڕێکی نوێ!

لەوانەیە تۆ لەگەڵ حکومەت جیاواز بیت و حکومەتیش لەگەڵ تۆدا جیاواز بێت، بەڵام کۆمەڵگا و داهاتووی کوردستان ،لە هەموومان گەوورەترە!

پێویستمان بە کینەی زیاتر نییە. پێویستمان بە پیاوانی ئایینی هەیە کە بە ویژدانەوە ڕەخنە بگرن و بەرپرسانێک کە بە هۆشیاری گوێ بگرن و فەرمانبەرانێک کە بەرپرسیارێتییەکانیان بزانن و دەسەڵاتێک کە بزانێت ڕەخنە تاوان نییە!

گەندەڵی بە سووکایەتی و جنێو لەناو ناچێت!
دەوڵەت بە ترس دروست نابێت!
کۆمەڵگا بە دوژمنایەتی پێش ناکەوێت!

پێویستە فێر بین جیاواز بیر بکەینەوە بەبێ ئەوەی ببینە دوژمنی یەکتر، پێویستە ڕەخنە بگرین بەبێ ئەوەی وێران بکەین و چاکسازی بکەین بەبێ ئەوەی یەکتر بریندار بکەین!

ژیان هەمیشە دادگایەکی ڕوون نییە کە تێیدا هەموو کەسێک بزانێت کێ ڕاستە و کێ هەڵەیە. مرۆڤ هەندێک جار بەهۆی وشەکانی سزا دەدرێت و هەندێک جاریش بەهۆی بێدەنگییەکانی. بەڵام ئەوەی لە کۆتاییدا دەمێنێتەوە نە پۆستە نە مووچەیە نە دەسەڵاتەکە؛ ئەوە هەستی مرۆڤایەتییەیە کە ، لەگەڵ خۆمان و لەگەڵ یەکتردا پاراستوومانە!

لەدەستدانی کارەت بە کۆتایی ڕێگا مەزانە. لەوانەیە هەندێک دەرگا دابخرێن بۆ ئەوەی مرۆڤ ناچار بێت بە ڕێگایەکی نوێدا بڕوات. تەنها هیوادارم لەو ڕێگایەدا دڵت لە کینە پاک بێت و زمانت لە ڕاستی، چونکە مرۆڤ کاتێک بەڕاستی گەوورە دەبێت کە بتوانێت هەم ڕەخنە بگرێت و هەم لێبوردە بێت، هەم لە مافی خۆی بپارێزێت و هەم مافی ئەوانیتر نەشکێنێت!!

#عەتا_شەمێرانی

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP