دواین هەواڵ

دۆلار

‌دڵشاد ئەنوەر

7 کاتژمێر پێش ئێستا

حکومەتی عێراق لەکاتێکدا بڕیاریدا بە دابەزاندنی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار لە قەیرانێکی قوڵدایە، خەرجییەکانی زیادیکردووە و داهاتی کەمیکردووە.

دابەزاندنی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار سەخترین بژاردە بوو بۆ خەڵک و باری سەر شانی چینە هەژارەکەی قورستتر کرد، بەو پێیەی نرخی شمەک گرانتر دەبێت و موچەش وەکخۆیەتی، ئەمە جگە لەوەی خەڵک بۆ ماوەیەک دەست بە دۆلارەوە دەگرێت و بازاڕ دووچاری متبوونی زیاتر دەکات.

حکومەت بژاردەی تری لەبەردەستدا بوو بۆ بەرەنگاربوونەوەی قەیران، بژاردەی چاکسازیی و رێگرتن لە گەندەڵی و بەفیرۆ نەدانی داهات، بژاردەی کەمکردنەوەی خەرجی، بەڵام ئەم بژاردانە دەیدا لە بەرژوەندی چینە حوکمڕانەکە بۆیە دەستی بۆ نەبرا.

ئاسانترین رێگە و خراپترین کارت دابەزاندنی بەهای دیناربوو بەرامبەر بە دۆلار، ئەمەش راستەوخۆ کاریگەری لەسەر ژیانی ئەو خەڵکە دروست دەکات لە داکۆکیکاری نییە، جگە لە کۆمەڵێک پەرلەمانتار کە قسەکانیان زۆر بڕ ناکات.

پێشبینیکردن بۆ بەها و دۆخی دۆلار قورسە، چونکە ئەمە گرێدراوە بە هاوکيشە سیاسییەکانەوە، گەر ئەمەریکا سزا بخاتە سەر عێراق بەهای دۆلار بەرزتر دەبێتەوە، یان گەر دەستی شل بکات بەهای دۆلار دادەبەزێت.

بەڵام ئەوەی تا ئێستا دەیبینین و هەستی پێدەکەین ئەوەیە، رەنگە بۆ ماوەیەک بەهای دۆلار هەڵبەز و دابەز بکات و لە نزیکی ١٧٠ هەزار جێگیر بێت، لەکاتێکدا گەورەترین گرفت بەرزکردنەوەی نرخی کاڵاو شمەکە.

گەر دۆخی بازاڕ کۆنترۆڵ نەکرێت، گەر چاودێری نەخرێتە سەر بازاڕ، هەندێک بازرگان بەجۆرێک دۆخەکە دەقۆزنەوە، هێندەیتر بازاڕ دووچاری شڵەژان و قەیران دەکەن.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP