کورت پوخت:
١-بەردەوامیی دانوستان و خاوبوونەوەی جێبەجێکردن:
سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە شەش مانگ بەسەر ڕێککەوتنی ۲۹ی کانوونی دووەمی ۲۰۲٦ لە نێوان حکومەتی نوێی سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکرات (ھەسەدە)، پڕۆسەی تێکەڵکردنی دامودەزگاکان بە خاوی بەڕێوەدەچێت.
٢-پێشکەوتنی دۆخی خزمەتگوزاری و ئاسایش: لە بەشێک لە بوارە خزمەتگوزاری و ئاسایشییەکاندا پێشکەوتن بەدیھاتووە، وەک ڕادەستکردنی هەندێک خاڵی سەربازی، کێڵگەی نەوتی، فڕۆکەخانەی قامیشلی، و تێکەڵکردنی نزیکەی ۹ هەزار ئەندامی ئاسایش لەگەڵ هێزەکانی دەوڵەتدا.
٣-ڕێگری و دۆسیە ئاڵۆزەکان: هەندێک دۆسیەی وەکو پەروەردە، دادوەری، و تۆماری شارستانی تا ئێستاش ڕێککەوتنی کۆتاییان لەسەر نەکراوە و وەک ئاڵۆزی ماونەتەوە.
٤-پاراستنی کارتی دانوستان:
سەرکردایەتی ھەسەدە (مەظلوم عەبدی) ڕاگەیاندنی هەڵوەشاندنەوەی ڕێکخراوەکەی دواخستووە تاوەکو بە تەواوی مسۆگەریی دەستکەوتی سیاسی، ئاسایش، و ئایندەی شەڕڤانانیان لەناو پێکهاتەی نوێی دەوڵەتدا بکەن، چونکە ڕاگەیاندنی پێشوەختە دەبێتە هۆی لەدەستدانی گرنگترین کارتی گوشار.
٥-بەرژەوەندی دیمەشق لە ڕاگەیاندنی توافقی:
حکومەتی سوریا دەیەوێت بڕیاری هەڵوەشاندنەوە لەلایەن خودی ھەسەدەوە دەربچێت، تاوەکو بە سەپێندراو هەژمار نەکرێت و ڕێگری لە هەر ناڕەزایەتییەکی ناوخۆیی بکرێت.
٦-جیاکردنەوەی مافی کورد لە ھەسەدە: سەرۆکایەتی نوێی سوریا (ئەحمەد ئەلشەرع) لەڕێگەی مەرسومی ژمارە ۱۳ی ساڵی ۲۰۲٦ جەختی لەوە کردووەتەوە کە مافی کەمینەی کورد (پێدانی ڕەگەزنامە و بە فەرمی ناساندنی نەورۆز) جیایە لە هەڵوێستی سەربازی و سیاسیی ھەسەدە، و کورد بە بەشێکی ڕەسەنی وڵات دەزانێت.
٧-ڕێڕەوی سیاسی بۆ ئایندە:
پێشبینی دەکرێت لە قۆناغی دوای هەڵوەشاندنەوەی ھەسەدە، ڕێگەی ئایندەی سەرکردەکانی ھەسەدە ڕووبکاتە کاری سیاسی لەڕێگەی دامەزراندنی حیزبێکی مەدەنی بە مەرجی پچڕاندنی پەیوەندییە دەرەکییەکان (بەتایبەت لەگەڵ پەکەکە).