دواین هەواڵ

ئەو عیشقەی ، کە پیر نابێت!!

‌هێمن خۆشناو

10 کاتژمێر پێش ئێستا

  1. ..............
    جیهان یەک یاسای بنەڕەتی نەگۆڕی هەیە، ئەویش ئەوەیە کە (هەموو شتێک دەگۆڕێت) 

    ڕووبار دوو جار بە هەمان شوێندا تێناپەڕێت، هیچ گوڵێک دوو جار بە هەمان شێوە ناپشکوێت، ئێمەش هەرگیز دوو ڕۆژ لەسەر یەک هەمان مرۆڤ نین ،

    کاتێک یەکەم گەڵای گوڵەکە هەڵدەوەرێت ، پێمان وایە ئەمە خۆشەویستی نەبوو !! بەلام خۆشەویستی گوڵ نییە بەڵکو درەختەکەیە ، درەختەکە بۆ سەدەیەک دەمێنێتەوە بەڵام گوڵ کەمتر.

    ............................
    گۆڕان ناپاکی نییە ، تێنەگەیشتن لە گۆڕان ناپاکییە ، 

    ئەوەی کە ئەمڕۆ پێت دەڵێت (خۆشم دەوێیت) هەمان ئەو کەسە نییە کە دوێنێ پێی وتیت، چیرۆکەکە ڕەنگە جیاوازتر بێت چونکە دوێنێ شەو خەوێکی بینیوە و شتێک لەودا گۆراوە و بیرێکی کردۆتەوە ، 
    ئازارێکی چەشتووە و گۆڕاوە ،
      ئەرکی ئێمە ئەوەیە هەموو بەیانییەک لە نوێوە دوبارە یەکتری بناسینەوە، نەک لەسەر بنەمای دوێنێ ، پێرێ ، سەرەتای هاوسەرگیری کە چی، ڕودیداوە. 
    ............................
    سەیری دەستەکانی دایکت بکە. پڕە لە دەمار و چرچ. هیچ کەسێک وێنەی دەستی دایکی ناکات و لە ئینستاگرام دای نانێت. بەڵام بۆچی کاتێک ئەو دەستە لە سەرت دەدات، هەموو جیهان ئارام دەبێت؟

    چونکە جوانی لە نەرمی پێستدا نییە، لە قووڵی ئاسەوارەکەدایە. هەر چرچێک شەوێکی بێ خەویە، هەر دەمارێک ساڵێکی کارکردنە.

    هاوسەرگیریش هەر ئەم شوێنەوارانەیە

    ئەو شەڕە گەورەیەی ساڵی پار کردتان و خەریک بوو هەموو شتێک تێک بدات، ئێستا بووەتە ئاسەوارێک. ئاسەوارێک کە پێت دەڵێت (ئێمە بەوەشدا تێپەڕین)

    ئەو نەخۆشییەی یەکێکتان تووشی بوو و ئەوی تریان تا بەیانی لەسەر سەری دانیشت، ئەوە بووەتە ئاسەوارێک لە ڕۆحتاندا.

    بەڵام گرفتەکە لێرەدایە :-

    ئێمە دەمانەوێت پەیوەندییەکمان هەبێت بێ ئاسەوار. بێ شەڕ، بێ گریان، بێ ماندووبوون. واتە دەمانەوێت پەیوەندییەکمان هەبێت کە تێیدا نەژیاوین.

    قاپێکی نوێ هیچ چیرۆکێکی نییە. قاپێکی کۆن کە ٣٠ ساڵە لە ماڵەکەتە و لێواری کەمێک شکاوە، ئەوە مێژووی ماڵەکەتە هەرگیز فڕێی مەدە.
    .............................
    لە عیرفاندا دەگوترێت:-
     ( تۆ ناتوانیت عاشق بیت تا لە مردن تێنەگەیت)

    تا تێنەگەیت کە ئەم مرۆڤەی لە تەنیشتتە، ڕۆژێک نامێنێت. 
    دەنگی نامێنێت،  بۆنەکەی نامێنێت،
     ئەو شێوازەی کە چای دەخواردەوە نامێنێت. تا ئەمە لە ناخەوە هەست پێ نەکەیت، هەرگیز بەڕاستی ناتوانیت خۆشت بوێت، تەنها یەکتری بەکار دەهێنن.

    پێکەوە پیربوون واتە هەموو ڕۆژێک بە ئاگابوونەوە لەم حەقیقەتەی کە بە خۆت دەڵێیت تکایە .. (کات کەمە)

    بۆیە کاتێک لەبەر شتێکی بچووک توڕە دەبیت، لەناکاو بیرت دێتەوە (ئایا دەمەوێت دوا قسەم لەگەڵی ئەمە بێت؟)

    بۆیە کاتێک هاوسەرەکان ماندوون ، بێدەنگن ، ناڵێن خۆشی ناوێم  نا ، لە جیاتی ئەوە، دەچیت و لە تەنیشتی دادەنیشیت، چونکە دەزانیت بوونی بێدەنگی ئێستا ، لە نەبوونی هەمیشەیی باشترە.
    ......................
    عەشقی واقیعی ئەوە نییە کە بڵێیت (هەتا مردن) 
     عەشقی واقیعی ئەوەیە کە بڵێیت (مادام مردن هەیە، بۆیە ئەم ساتەم خۆش دەوێت)

    وەرە با ئەمڕۆ وەک دوو مرۆڤی عاقل سەیری یەکتر بکەین، با واز لە خەونی ئەوە بهێنین کە دەبێت هەمیشە گەنج و جوان و بێ کەموکوڕی بین.

    با دان بنێین بەوەدا کە هەردووکمان ماندووین، هەردووکمان دەگۆڕێین، هەردووکمان بەرەو نەمان دەڕۆین.

    و لە ناو ئەم حەقیقەتە تاڵەدا، دەستێک درێژ بکەین و بڵێین:

    (ئەگەر هەموو شتێک دەگۆڕێت، با من و تۆ پێکەوە بگۆڕێین. ئەگەر هەموو شتێک نامێنێت، با ئەوەی دەمێنێتەوە، ئەوە بێت کە ئێمە تا دوا سات پێکەوە بووین.

    ئەمە عیشقە، ئەمە کەماڵبوونە 
    ئەمە تەنها شتێکە کە لەم جیهانە بەردەوامەدا، دەمێنێتەوە.

    نوقتە سەری دیڕ ...

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP