دواین هەواڵ

لە خەڵەتاندنی سۆفیستییەوە بۆ سڕبونی بیركردنەوەی عەقڵانی؛ خوێندنەوەیەك بۆ پڕۆژەی بزوتنەوەی گۆڕان

‌گۆران ئازاد

1 رۆژ پێش ئێستا

لە کایەی سیاسەتدا، هەمو كات سنورێکی نەبینراو  لە نێوان ( پڕۆژەیەک کە توشی شکست دەبێت) و (پڕۆژەیەک کە لە بنەڕەتدا پرۆژە نییە و كاردانەوەیە) . لە مەیدانی سیاسیی هاوچەرخی هەرێمی کوردستاندا، بزوتنەوەی گۆڕان وەک هێزێك یان وەك پڕۆژەیەکی سیاسی وێنا دەكرێت، كە خوازیاری چاکسازیی بوە و  لە قۆناغێکدا توشی شکست بوە،  بەڵام خوێندنەوەیەکی ڕەخنەیی و سیاسی، بۆ مێژو و داینامیکیەتی ئەم بزوتنەوەیە، دو ڕاستیی جەوهەریمان بۆ ڕون دەکاتەوە، کە بنەماکانی تێگەیشتنمان بۆ ئەزمونی ڕاپەڕینی جەماوەری و ئۆپۆزسیۆنبون دەگۆڕن.

ڕاستیی یەکەم: گۆڕان لە بنەڕەتدا پڕۆژە نەبو، بەڵکو کاردانەوە بو

گۆڕان وەک پڕۆژەیەکی سیاسیی خاوەن ستراتیژ و بەرنامە دەستی پێ نەکرد تا دواجار توشی شکست ببێت، بەڵکو لە بنەڕەتدا «کاردانەوە»یەکی کاتی و کەسی بو، لە زانستی سیاسی و کۆمەڵناسیشدا سەلمێنراوە، كە هەر کایەیەك لەسەر بنەمای کاردانەوە دروست بكرێت، لە جەوهەردا بێ‌بەرهەمە و مەحکومە بە شکست. زۆربەی ئەو نوخبە و جەماوەرەی کە لە قۆناغە جیاوازەکاندا بە پەرۆشەوە دوای ئەم بزوتنەوەیە کەوتن و هەڵخەڵەتان، ئامادە نین دان بە سروشتی کاردانەوەیی و هەڵخەڵەتانی خۆیاندا بنێن، بەڵکو تەواوی کێشەکە کەم دەکەنەوە بۆ "شکستخواردنی پڕۆژەکە"، بەو مەبەستەی دەستپێکەکەی وەک سەرکەوتنێکی وەهمی یان پڕۆژەیەکی پیرۆز نیشان بدەن. ئەو كەسانە ئەمڕۆ لە ڕاستیی هەڵخەڵەتاندنی خۆیان ڕادەکەن و تەواوی کێشەکە بۆ "شکستخواردنی پڕۆژەکە" كورت دەكەنەوە،  بەو مەبەستەی دەستپێکەکەی وەک سەرکەوتنێک نیشان بدەن، كە ئەوان لە هەڵخەڵەتێنراوان نەبون و تەنانەت وەك پرۆژەیەكی تازە،  هەقیان بوە دوای بكەون.

لە ڕوانگەی ئیتیکی و سیاسییەوە، دیارە ڕاستگۆیی و دڵسۆزیی تاک بە تاکی هاوڵاتییان، لە هەمو قۆناغەكاندا بۆ هێنانەدی چاکسازی شتێکە جێگەی ڕێزە، هەڵخەڵەتانیش لە کایەی گشتیدا کەم پێگەییی ئاكاریی نییە، بەڵکو كێشە راستەقینەكە لەوەدا دەردەکەوێت کە مرۆڤ دان بە هەڵخەڵەتانی خۆیدا نەنێت. بۆ هەر چاودێرێکی بەئاگا، لە سەرەتاوە ڕون بو، کە پڕۆژەی گۆڕان بریتی بو لە کاردانەوەیەکی کەسی، تۆڵەسێنەندنەوەیەكی کاتی و هۆکارێک بۆ داڕوخاندنی بەها کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان بەبێ بەرهەمهێنانی هیچ بەهایەکی جێگرەوە. ئەم پڕۆژەیە لە جیاتی دروستکردنی کارەکتەری هۆشیار، خاوەن هەڵوێست و بڕیاردەر، سەرپەرشتی دەستەیەک لە "پاڵەوانی بۆش"ی کرد. بۆیە لە هەمو وێستگەیەکدا، پێویستە لە هۆکارە جەوهەرییەکانی هەڵخەڵەتانمان بکۆڵینەوە، نەک پۆشاکێکی ساختەی مەزوڵومییەت بە بەری شکستێكدا بكەین. 

ڕاستیی دوەم: سۆفیستگەریی سیاسی و فێرکردنی قسەکردن لە بری بەرەوپێشبردنی بیرکردنەوە

بەرهەمی مەترسیداری بزوتنەوەی گۆڕان، پەکخستنی عەقڵانییەتی کۆمەڵگە بو، ئەم بزوتنەوەیە جەماوەری فێری «قسەکردن» کرد، بەڵام هەرگیز فێری «بیرکردنەوە»ی نەکردن. ئاراستەکردنی جەماوەر بەرەو  قسەکردنی بێ بیركردنەوە و بێ كرۆك،  ڕێک دوبارەبونەوەی دیاردەی «سۆفیستەکان»ی یۆنانی کۆنە. لە سەدەی پێنجەمی پێش زاییندا، سۆفیستەکان لە بەرامبەر پارەدا، خەڵكییان فێری ڕەوانبێژی و جەنجاڵیی هونەری ڕازاندنەوەی قسەکردن و وتاردادانیان دەكردن،  سوکرات بە توندی دژی ئەم ئاراستەیە وەستایەوە، چونکە بڕوای وابو سۆفیستگەری رۆح و دەرونی مرۆڤ نەخۆش دەخات.

سوکرات جەختی لەوە دەکردەوە کە سۆفیستەکان تەنها فێرت دەکەن کایەی زانستێک یان پیشەیەك بەکاربهێنیت، بەبێ ئەوەی فێری زانست و جەوهەری پێشەکە بە خۆی بێیت. بۆ نمونە، فێرت دەکەن وەك پزیشکێک ڕەوانبێژانە قسە لەسەر نەخۆشی بکەیت، بەڵام فێرت ناکەن پزیشکی و دەرمان ئامادەکردن چییە. لە ئەنجامدا، گوتاری جەنجاڵ شوێنی پزیشکە ڕاستەقینەکە دەگرێتەوە و جەماوەریش لە خشتە دەبرێن. سوکرات سۆفیستەکانی بە «چێشتلێنەر» دەچواند و دەیگوت: چێشتلێنەر تەنها بیر لە دروستکردنی خۆراکێکی بەتام و بەدڵی کڕیار دەکاتەوە بەبێ گوێدانە تەندروستی، لە کاتێکدا پزیشک بایەخ بە تەندروستیی نەخۆش دەدات، تەنانەت ئەگەر دەرمانەکە تاڵ و ناخۆشیش بێت.

بزوتنەوەی گۆڕان ئەم نەخۆشییە سۆفیستییەی خستە جەستەی کۆمەڵگەی کوردییەوە، فەزایەکی بەرهەمهێنا کە تێیدا ڕەوانبێژیی ڕوت و دەنگەدەنگ بوە پێوەری سەرەکی، نەک ئاستی هۆشیاری و بەرپرسیاریەتی. لەم فەزایەدا گرنگ نییە خاوەنی چ كەسایەتی و  زانین و ڕوانگەیەکی قوڵیت،  ئەگەر نەتوانیت بە دڵی جەماوەر سۆفیستانە قسە بکەیت، وەک کارەکتەرێکی بێ کەڵک سەیر دەکرێیت.
ئەم ئاراستە سۆفیستییە لە خۆڕا نەبو، بەڵکو ستراتیژێکی داڕێژراو بو. بۆ مێژو، کاتێک لە کۆتایی تەمەنیدا لە ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفامان پرسی: "بۆچی بە شێوازێک قسە دەکەن کاتێک دەزانن حەقیقەتی تێدا نییە؟" لە وەڵامدا گوتی: «من جگە لە قسەکردن چیتر لە دەستمدا ماوە؟ بۆیە دەبێت بە دڵی خەڵک قسە بڕازێنمەوە تا جەماوەر لە دەورمان کۆببێتەوە، و لەو ڕێگەیەشەوە پارتی و یەکێتی لە هەژمونی ئێمە بترسن.»

ئەم وەڵامە ئاشکراکەری جەوهەری پڕۆژەکەیە، سیاسەتکردنێک پشتبەستو بە ڕازییکردنی ئارەزوە کاتییەکانی جەماوەر و  لە پێناو ترساندنی دەسەڵات، نەک لە پێناو دروستکردنی هۆشیاریی سیاسی و گۆڕانکاریی ڕیشەیی!

لە کۆتاییدا، دەربازبون لەم پاشماوە فکرییەی بزوتنەوەی گۆڕان پێویستی بە سەرلەنوێ پێناسکردنەوەی چەمکەکانی «هۆشیاری» و «ڕەخنە» هەیە. پێویستە کۆمەڵگەی کوردی لە سۆفیستگەریی سیاسی و قسەکردنی بەدڵی جەماوەر بپەڕێتەوە بەرەو بیركردنەوەی عەقڵانی و بونی بەرپرسیارییەتی ئاكاری و مرۆیی ، عەقڵانیەتێک کە حەقیقەتی تاڵ و ڕاستییەكان هەڵدەبژێرێت، بە ئامانجی دەستنیشانکردنی نەخۆشییە ڕاستەقینەکان و ڕ رزگارکردنی هۆشیاریی گشتی لە وەهمی پاڵەوانە بەتاڵەکان.
مەترسیی سەرەکیی ئەم ڕێچکە سۆفیستییە لەوەدا  بو  و لەوە دایە، کە بو بە قوتابخانە و مۆدێلێک بۆ تەواوی ئۆپۆزسیۆنە سیاسییەکانی دواتریش.

تێپەڕاندنی ئەم قەیرانە سیاسی و فکرییە، تەنیا بە ئاوڕدانەوە لە ڕابردو ناکرێت،  تا ئەو کاتەی ئەم مێژوە نەخوێندرێتەوە و ڕاست نەکرێتەوە، تا گوتارێکی عەقڵانی و ڕەخنەی ڕیشەیی و  قوڵ نەیەتە ئاراوە، هەمو ئەو ئۆپۆزسیۆنانەی ئێستا هەن یان لە داهاتودا دێنە کایەوە، هیچ نین جگە لە دوبارە بەرهەمهێنەرەوەی هەمان مۆدێلی شکستخوردو و هەمان خەڵەتاندنی سۆفیستی. دەربازبون لەم بازنە بەتاڵە، پێویستی بە پشتبەستنە بە سیاسەتێكی عەقڵانیی و دیدێكی  لۆجیكی و ئاكاری، عەقڵانیەتێك، کە ڕاستییە تاڵەکان بە جەماوەر دەڵێت و ڕوە و چارەسەری ڕیشەیی هەنگاو دەنێت، نەک ئەوەی گوێچکەکانیان بە ڕەوانبێژیی بۆش هێور بکاتەوە

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP