دواین هەواڵ

ئەسڵی مەسەلەکە!

‌شیروان تاڵیب

پێش 2 هەفتە

زەرەرەێک کە ململانێی ناوخۆییی ئەم چەند ساڵەی دوایی، لە قەزییەی کورد و لە وجوودی هەرێمی کوردستانی داوە، بە درێژایی هەموو جەولەکانی شەڕی ناوخۆییی شاخ و شار، کە تیایاندا شەڕە تفەنگ گەیشتە دیل کوشتنیش، بەو حەجم و بڕ و ئاستە لێی نەداوە! 

ساڵی ١٩٩٤ لە جەولەی یەکەمی شەڕی ناوخۆدا، سەرخستنی قەزییەکە و پاراستنی هەرێمەکە بە حەددێک خەمێکی جەماعی بوو، تاقە پایتەختەکەی کورد (هەولێر) لە شەڕ پارێزرا،، هەمووان وتبوویان: هیچ نەبێ با لێرە شەڕ نەبێ تا حەیامان نەچێ!

زستانی ١٩٩٥ پارتی لە هەولێر نەما و چووە مەسیف، بۆ ئیدارەدانی ناوچەکانی قەڵەمڕەویی خۆی و بەڕێکردنی مەعامەلاتی ڕۆژانەی خەڵک، لە شەقڵاوە، شتێکی بەناوی (کوتلەی وەزاری) لە وەزیر و بریکار و مودیر عامەکانی خۆی بە سەرۆکایەتی ڕەحمەتی کاک دکتۆر ڕۆژ دروست کردبوو، خۆ پارتی زۆرینەی پەرلەمانی و جەماوەری و ئینجا تەواوی دەسەڵاتیشی لە قەڵەمڕەویی خۆیدا هەبوو، بەڵام چونکە خەمی بوو تەجرووبەکە لەکەدار ببێ، دەستی بۆ داتاشینی هیچ پۆستێک و دامەزراندنی هیچ جۆرە دەسەڵاتێک وەک بەدیل بۆ پەرلەمان و حکوومەت نەبرد!
هاوینی ساڵی ١٩٩٥، ئەوکاتەی ئەحزابی بە شەڕهاتووی کوردستان لە گەرمەی شەڕدا بوون، تەمەن و شەرعییەتی یاساییی پەڕلەمانی کوردستانیش تەواو ئەبوو، بەڵام لەبەرخاتری ئەوەی ئەوەی کە هەمانە لە دەست نەچێ،  هەمووان دەستیان لەسەر پەلەپیتکەی تفەنگ هەڵگرت و لە ژێر خێمەیەک لە گوندێکی لاچەپ (دارەبەن)، دەستیان بۆ (بەڵێ بۆ درێژکردنەوەی شەرعییەت) بەرز کردەوە!

ئەمڕۆ دوێنێ نیە و ڕوون نیە سبەی چۆن ئەبێ..
چوار ساڵ و شتێکە پەرلەمانمان نیە و تەققەی سەریشمان دێ؛ لێرە لەسەر وەزارەتێک، هیچ نەما بە یەکتری نەکەین و لەوێش لەسەر پۆستێک، (خەریکە) خاک هەراج ئەکرێ، ئینجا چۆن پۆستێکیش؟ سەرۆککۆماری! 

لە عێراقە کۆنەکەدا سەرۆککۆمار هەموو شتێک بوو، بەڵام لەم تازەیەدا، هیچ کاتێک شت نەبووە و ئەوەیشی لای وایە لە زەمەنی خوالێیخۆشبێ جەنابی سەرۆک مامجەلالدا (سەرۆککۆمار سەرۆککۆمار) بووە، ئەوا بۆی هەیە لەو نەوعانە بێ، کە بۆ تێگەیشتن لەوەی ڕوو ئەدا، تەنیا سەیری (تەلەفزیۆن) بکا!  

ڕاستە (مامجەلال مامجەلال بوو)، هەیبەتێکیشی بە کورسییەکەی ژێری لە بەغدا دا بوو، بەڵام ئەوەی وایکردبوو ئەوکات (سەرۆککۆماری) موهیم دەربکەوێ و ئینجاش وا تەصەور بکرێ کە هەر کات (بیەوێ) هەمووان لەسەر مێزێک کۆئەکاتەوە، جگە لە ئاوەدانییەکەی خۆی و سفرەی ڕازاوەی خوانەکەی! ئەو ئەجیندا هاوبەشە بوو کە تەواوی مەراجیع، حیزب، سیاسی، بگرە ئەتباع و ئەهلی شیعەی لە عێراق و تەواوی دنیاشدا کۆکردبووەوە، کە ئەویش: بە شیعەکردنی هەموو شتێک بوو!

قسەیەک ئەکەم کەس نەڵێ نابێ و ناکرێ و ناوەختە بکرێ، بەڵام بۆ ئەوەی بزانرێ چی ڕوویداوە و بۆی هەیە چی تر ڕووبدا، کردنی باشترە و ئەیکەم..
شیعەی سیاسی، (سەرۆککۆمار) جەنابی مامجەلال ـیان بۆ ئەجیندای خۆیان (کە قایمکردنی جێ پێی حوکمڕانییان لە عێراقی تازەدا بوو) بەکارهێنا و ئەویش چونکە (وەک خوالێیخۆشبێ نەوشیروان مستەفا ئەڵێ: شەیدای ئەو پۆستە بوو)، ئیتر بۆ مسۆگەرکردنی ئەو کورسییە و مانەوەی خۆی لەسەری، ئەوەی (لێی مطلوب)بوو بیکا کردی و هەر بەو هۆیەشەوە بوو کە لەقەبی (صمام الامان)ی عێراقیان خستە دوی!

شیعە، پێکهاتەیەکی بەشەریی لێهاتوون…
لە سەرەوە هەر خەریکی شین و گریان و خۆ بە مەزڵووم پیشاندانن، بەڵام لە بنەوە، بۆ بەدەستهێنانی ئەوەی کە ئەیانەوێ، عەجیب لێزانن! 
لەنێوان ساڵانی 2005ـ2012, دوای ئەوەی کە تەسفییەی سیاسی و بگرە هی جەسەدیی عەرەبی سووننەیان کرد و ئەمریکییەکانیش بە کشانەوەی هێزەکانیانەوە لە عێراق مەشغووڵ بوون و چیتر موهتەم نەبوون، (بیت الشیعی) ئیشێکی وەهایان بە (سەرۆککۆمار) نەما و بەرە بەرە کەوتنە موضایەقەکردنی..
سەرەتا بە داخستنی بەنزینخانەکەی ناو گرین زۆن (کە تایبەت بوو بە ئۆتۆمبیلەکانی جەنابی مامجەلال) دەستیان پێکرد و دواتر بە تەجاوزکردنە سەر دەسەڵاتەکانی و دواجاریش بە توڕەکردنی تا ئەو حەددەی کە دووچاری جەڵطەیان کرد، کۆتایییان نەک هەر بە دەور و ئەدائی پلە و پۆستەکەی هێنا، بگرە بە خۆیشی هێنا! 
زەمەن، هەمیشە دەقیقی بارزانیانی سەلماندووە، ئەگەرچی هەندێکجار تەئخیریش بوو بێ..

گرتە ڤیدیۆیەکی کۆنی نێچیرڤان بارزانی هەیە و ئەم ماوەیە هاتووەتەوە بەرچاو و بەر باس و تیایدا لەسەر سەرۆککۆماریی لە عێراق قسە ئەکا و پوختەکەی ئەوەیە کە ئەڵێ: 
سەرۆککۆماری بەلای ئێمەوە (مەبەستی بارزانییان و پارتیە) هیچ موهیم نیە و ئەوەی بەلای ئێمەوە موهیمە، (ئەسڵی مەسەلەکە)یە!

ئەسڵی مەسەلەکە ئەوەیە، کورد خۆی قەرار بدا نەک ئەم و ئەو لەجیاتی ئەو و لەپێناو خۆیاندا قەراری بۆ بدەن! چونکە ئەگەر وایلێهات، ئیتر هەموو دانێکی کەم، ستاندێکی زۆری بەدواوەوەیە! 

 ئەسڵی مەسەلەکە ئەوەیە، نابێ و ناکرێ تا ئەوکاتەی کاریان بە کوردێک هەیە بەکاریبهێنن و کە کاریشیان پێی نەما، بە ئەنواع موشکیلە مێشکی بتەقێنن!

زەمەن، خەمخۆری سەرۆک بارزانی و بارزانیان بۆ قەزییەکە هەر ئەسەلمێنێ، بەڵام خەمە گەورەکە ئەوەیە (بعد خراب البصرة) بێ.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP