دواین هەواڵ

تەڵەی جوگرافیا؛ ئایا مێژووی نۆکەندی سوێس لە هورمزدا دووبارە دەبێتەوە؟

‌کامەران ئیبراهیم شێروانی

9 کاتژمێر پێش ئێستا

مێژوو تەنها لەنێو کتێبەکاندا نانووسرێتەوە، بەڵکو مەرەکەبی مێژوو زۆرجار ئاوی ئەو گەروو و ڕێڕەوە ستراتیژییانەیە کە چارەنووسی گەلان و ئیمپراتۆرییەتەکان دیاری دەکەن. لە ساڵی ١٩٥٦دا، کەناڵی سوێس تەنها ڕێڕەوێکی ئاوی نەبوو، بەڵکو ئەو تەڵە جوگرافیایە بوو کە هەژموونی سەدەها ساڵەی بەریتانیای تێدا خنکا و بە جیهانی گوت: سەردەمی ئیمپراتۆرییەتە کلاسیکییەکان کۆتایی هات. ئەمڕۆ، هەمان پرسیار لەبەردەم شەپۆلەکانی گەرووی هورمزدا دەنگ دەداتەوە؛ ئایا ئەم گەرووە دەبێتە ئەو وەرچەرخانە مێژووییەی کە کۆتایی بە سەردەمی ئەمریکی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەهێنێت؟ ئەگەر سوێس بۆ بەریتانیا دوا هەناسەی شێرێکی پیر بووبێت، ئەوا هورمز بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل تاقیکردنەوەی ڕەهایی هێز و شەرعییەتە.

لە هاوکێشەی ئابووریی جیهانیدا، گەرووی هورمز چەکێکی زۆر کوشندەترە لەوەی جەمال عەبدولناسر لە سوێسدا هەیبوو. سوێس ڕێڕەوێکی بازرگانی بوو، بەڵام گەرووی هورمز بۆ ئەم سەردەمە لێدانی دڵی وزەی جیهانە. شکستی ئەمریکا و ئیسرائیل لەم ناوچەیەدا تەنها لە تێکشانی سەربازییدا کورت نابێتەوە، بەڵکو لە داڕمانی هاوکێشەی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا ڕەنگ دەداتەوە. ئەگەر بۆ ماوەیەکی کورت ئاسایشی ئەم گەرووە تێک بچێت یاخود کێشە بۆ هاموشۆی کەشتیەکان دروستبکرێت، لەرەلەری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت سیستەمی دارایی ڕۆژئاوا لە ناوەوە دەلەرزێنێت. لێرەدا شکستەکە شکستێکی واتاییە کاتێک زلهێزێک نەتوانێت بەڵێنی پاراستنی شادەمارەکانی بازاڕی جیهانی بدات، پایەکانی وەک پۆلیسی جیهان دادەڕمێن؛ ڕێک وەک چۆن بەریتانیا کاتێک نەیتوانی سوێس بە کراوەیی بهێڵێتەوە، ناچار بوو کورسیی پێشەنگی جیهان بۆ هێزە نوێیەکان چۆڵ بکات.

دیوێکی تری ئەم ململانێیە، پارادۆکسی هێزە لە جەنگە ناهاوسەنگەکاندا. لە ساڵی ١٩٥٦، هێزی دەریایی بەریتانیا بێ رکابەر بوو، بەڵام لە ئاستی سیاسی و نێودەوڵەتیدا شکێنرا. ئەمڕۆ ئەمریکا و ئیسرائیل لەبەردەم هەڕەشەیەکدان کە بە تەکنەلۆژیای ملیار دۆلاری کۆنتڕۆڵ ناکرێت. گەرووی هورمز بووەتە مەیدانی درۆن، مووشەکی هەرزان و مینە دەریاییەکان ئەو چەکانەی کە دەتوانن کەشتییە زەبەلاحەکان پەک بخەن. ئەمە گەورەترین مەترسییە؛ کاتێک ئامێرێکی جەنگیی ملیار دۆلاری لە بەرامبەر تەکنەلۆژیایەکی ساکاردا دەستەوەستان دەبێت، نەک هەر جەنگەکە، بەڵکو شکۆی تەکنەلۆژی و سەربازیی ئەو وڵاتە دەشکێت. ئەم داخورانە ستراتیژییە دەکرێت ببێتە هۆی ئەوەی سەرکەوتنی کاتی لە شەڕدا، ببێتە شکستێکی هەمیشەیی لە ململانێی مانەوەدا.

لە کۆتاییدا، گەرووی هورمز بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل وەک ئاوێنەیەک وایە کە وێنەی سوێسی تێدا دەبینرێتەوە. ئەگەر قەیرانی سوێس سەلماندی کە بەریتانیا چیتر ناتوانێت بەبێ ڕەزامەندی جەمسەرە نوێیەکان بڕیار بدات، ئەوا هەر جۆرە پاشەکشەیەک لە هورمز، ڕاگەیاندنی فەرمیی کۆتاییهاتنی جیهانی تاک جەمسەری دەبێت. جوگرافیای هورمز تەڵەیەکی مێژووییە؛ ئەگەر مێژوو خۆی دووبارە بکاتەوە، ئەوا هورمز هەمان کاری نۆکەندی سوێس بە ئەمریکا دەکات، بەڵام بە ئازارێکی قووڵتر و ئەنجامێکی گەورەتر کە نەخشەی دەسەڵات لە سەدەی بیست و یەکدا بە تەواوی دەگۆڕێت،  بەڵام داهاتوو وەڵامی ئەمە دەداتەوە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP