شکۆ و پێگەی سیاسی بە بەرگریکردن لە مافی خەڵک و کەرامەتی نەتەوەیی دروست دەبێت.کاتێک سیاسییەک دەچێتە بەغدا و لەبری ئەوەی مێزی گفتوگۆ بەکاربهێنێت بۆ وەستاندنی ئەو درۆن و مووشەکانەی کە دەخرێنە خوارەوە بۆ سەر منداڵ و خەڵکی سڤیلی هەرێمی کوردستان، لە جیاتی ئەوەی وەک هاوبەش مامەڵە بکات ، دەبینین وەک پاشکۆ دەردەکەوێت، کە بەم هەڵوێستە نەک هەر خۆی، بەڵکو شکۆی ئەو میللەتەش بریندار دەکات کە نوێنەرایەتی دەکات
ئەوانەی بە ناوی ئۆپۆزسیۆن یان ئایین یان هەر دروشمێکی ترەوە دەچنە ئەوێ و دەبنە بەشێک لە ئەجێندای حەشد و نەیارانی کورد.
ئەوەی بەرگری لەو میلیشیایانە بکات کە خوێنی کوردیان ڕشتووە، نەک هەر سیاسی نییە، بەڵکو بەشێکە لەو ستەمەی لەم نیشتمانە دەکرێت.، هاوکات سەلماندوویانە کە دروشمەکانیان تەنها بۆ بازاڕی هەڵبژاردن بووە، نەک بۆ پاراستنی خاک.
پشتگوێخستنی ئەو هەموو ستەم و فشارە دارایی و سەربازییەی کە لەسەر هەرێمە، تەنها بۆ ئەوەی لە بەغدا وەک کوردێکی باش و گوێڕایەڵ سەیر بکرێن، لوتکەی بێوەفاییە بەرامبەر نیشتمان, چونکە ئەمە تەنها ناکۆکییەکی سیاسی نییە؛ بەڵکو هەستی بەرپرسیارێتییە.
مێژوو هەمیشە دەیسەلمێنێت کە ئەوانەی لە پێناو مانەوەی خۆیان و بەرژەوەندیی کاتی، پشتیان لە میللەتەکەی خۆیان کردووە، لە کۆتاییدا نە لای بەغدا ڕێزیان ماوە و نە لای گەلی خۆیان.
ئەوەی بە پاساوی ناکۆکییە سیاسییەکان دەستی باوەش بۆ نەیارانی کورد دەکاتەوە، دەبێت بزانێت کە ئەمە تەنها هەڵوێستێکی کاتی نییە. بەڵکو هەڵوێستێکە کە لە مێژوودا دەنووسرێت. گەلەکان زۆر شت لەبیر دەکەن، بەڵام ئەو کەسانە هەرگیز لەبیر ناکەن کە لە کاتی سەخترین بارودۆخەکاندا لە کوێ وەستان
با کەس ئەم هاوکێشەیە تێکەڵ نەکات
خاک و نیشتیمان موڵکی هیچ حیزب و لایەنێک نییە. ئەمە بەرگرییە لە بوون و کەرامەتی نەتەوەیەک کە دەیانەوێت بە برسێتی و مووشەک چۆکی پێ دابنێن. ئەوەی بە پاساوی دژایەتی حزب، باوەش بۆ نەیارانی کورد دەکاتەوە، مێژوو وەک پەڵەیەکی ڕەش ناوی دەنووسێتەوە.نیشتیمان بیرۆکەیەکی گەورەترە لە ئاڵای حیزبەکان، و قووڵترە لە سنووری بەرژەوەندییە تەسکە سیاسییەکان. حیزبەکان نامێنن و دەگۆڕدرێن و تێپەڕن، بەڵام نیشتیمان بەنەمری دەمێنێتەوە.