دواین هەواڵ

ئایا مالێكی پۆستی سەرۆك وەزیران وەردەگرێت؟

‌نەوزاد هێتوتی

پێش 2 هەفتە

لە 24 ـی كانوونی دووەمی 2026، بە شێوەیەكی فەرمی، چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان مالێكیان دەستنیشان كرد بۆ ئەوەی پۆستی سەرۆك وەزیران وەربگرێت. ئەم بڕیارە دەنگدانەوەیەكی زۆری لێكەوتووە و هاوكێشە سیاسییەكانی عێراقی توشی شڵەژان كردووە. گومانی تێدا نییە زۆر هۆكار هەبوون وایكرد چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان ئەم بڕیارە بدەن و مالێكی بۆ سێیەم جار بۆ ئەم پۆستە كاندید بكەن.
یەكەم، كاندیدكردنی مالێكی دەرئەنجامی سازشی ڕاستەوخۆی سودانی بوو، جا ئەمە تاكتیك بێت یان نە پرسیارێكی ترە. بەڵام سودانی لە هەنگاوێكی شووكئامیزدا، كە بەشێكی زۆری هێزە شیعەكان باوەریان پێنەكرد و پێیان وابوو لە كۆتاییدا لەسەر كاندیدی سازان ڕێك دەخرێت، پالپشتی مالێكی كرد بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆك وەزیران. ئەم هەنگاوەی سودانی هەم قەرزی مالێكی داوییەوە كە لە ساڵی 2022دا بە دەستپێخەری مالێكی بووە سەرۆكوەزیران و هەمیش هەموو شەقامی شیعەی توشی شۆك كرد. دووەم، پێداگری ئێران لەسەر ئەوەی ئەمجارە كەسێكی نزیك بە تەھران ببێتە سەرۆك وەزیران، ڕۆڵێكی ڕاستەوخۆی هەبووە لە كاندیدكردنی مالێكی. ئێران ئێستا لە ژێر هەرەشەدایە؛ ئەگەری وەشاندنی گورزی سەربازی بۆ سەر ئەو ولاتە هەیە و تەنانەت مەترسی دارووخانی سیستەمی سیاسی لە ئێراندا هەیە. بۆیە، لەم قۆناغەدا، تەھران پێویستی بە سازان لەگەڵ ئەمریكا نییە وەك جارانی پێشوو، بەتایبەت ئەگەر ئەمریكا بەردەوام بێت لەسەر هەرەشەكانی. بۆیە ئێران پێویستی بە سەرۆكوەزیرانێك هەیە لە عێراقدا كە لە كاتی تەنگانەدا یارمەتی بدات، نەوەك وەك هاوشێوەی سووریا دەستوەستان بێت لە بەرامبەر ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد ھاوپەیمانە ستراتیژییەكەی ئێران.
سێیەم، هێرشەكانی جولانی بۆ سەر كورد لە سووریا و بەهێزبونی هێزە توندرەوە ئیسلامییە سوونییەكان، بە پالپشتی توركیا، قەتەر و سعودیە، هێزە شیعەكانی ترساندووە. پێیان وایە هەنگاوەكانی داهاتوی جولانی و هەندێك دەوڵەتی عەرەبی، عێراق و ناوچە سوونییەكان دەبێت. بۆیە لەم قۆناغەدا پێیان وایە دەبێت كەسێك ببێتە سەرۆكوەزیران كە هەم بەهێز بێت، هەم پەیوەندیی زۆر بەھێزی بە گروپە چەكدارییە شیعەكان و بەرەی موقاوەمە هەبێت، هەم كەسێكی تایفەگەرا بێت بۆ ئەوەی بتوانێت ڕووبەڕووی هەرەشەی هێزە توندرەوەكانی سووریا ببێتەوە. چوارەم، نەبوونی هیچ نارەزاییەك لەلایەن كوردەوە، فاكتەرێكی تر بوو بۆ ئەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی بەم ئاراستەیەدا هەنگاو بنێت. لایەنی كورد، بەتایبەتی پارتی و یەكێتی، هیچ هێڵێكی سووریان نەبووە بەرامبەر هیچ كاندیدێك كە لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگییەوە پێشكەش دەكرێت. ئەمەش ڕێگەی زیاتر خۆش كرد بۆ كاندیدكردنی مالێكی.
لە لایەكی تریشەوە، ئێستا بە كاندیدكردنی مالێكی، هێزە شیعەكان رووبەڕووی گوشاری زۆر بوونەتەوە و ئەگەر پالپشتی لایەنی كورد بەردەوام نەبێت، زۆر بە زەحمەت دەتوانن لەسەر كاندیدەكەیان پێداگری بكەن. بەتایبەتی ئێستا خەرێكە هاوكێشەیەكی نوێ درووست دەبێت و ڕیسكەكەیان دەكات بە خۆری. بەتایبەت ئێستا لە چەند لایەكەوە گوشار لەسەر چوارچێوەی هەماهەنگی درووست بووە:یەكەم، ئەمریكا ڤیتۆی تووندی لەسەر مالێكی هەیە، بەتایبەتی ترەمپ بە ئاشكرا ڕاگەیاند كاندیدكردنی مالێكی بۆ سەرۆكوەزیرانی عێراق ڕەت دەكاتەوە. ئەمەیش هێزە شیعەكانی خستووەتە گوشەیەكی زۆر تەنگەوە. گوێنەدان بە ئەم هەڵوێستەی ترەمپ دەتوانێت عێراق توشی قەیرانی گەورە بكات؛ لە لەوانەش دارمانی ئابووریی عێراق ،سەپاندنی گەمارۆی ئابووری تووند و تەنانەت تەمەنی حكۆمەتەكەش بە ئەگەری ھەرە زۆر كورتخایەن دەبێت.
دووەم، هێزە سوونەكان بەسەر دوو بەرەدا دابەش بوونەتەوە، بەڵام زۆربەیان بەتایبەتی پارتی تەقەدوم بە تەواوی خۆیان یەكلا كردوە كە دژی مالێكین. ئەمەش گوشاری زیاتر لەسەر شیعەكان درووست كردووە. بەتایبەت نابێت ئێستا هێلالێكی سوونی درووست بووە كە هێزە سوونەكانی عێراقیش بەشێكی سەرەكیی ئەو هێلالەن و ئێستا پیگەیان زۆر بەھێزە وەك جاران نییە و دەكرێت ئەمەیش سەرئیشەی گەورە بۆ حكومەتی شيعە درووست بكات ئەگەر وەك جاران مامەلەیان لە گەل بكەن. سێیەم، لە ناو چوارچێوەی هەماهەنگیدا دژایەتییەكی دیكەش هەیە بۆ ئەوەی مالێكی ئەم پۆستە وەرنەگرێت، بەتایبەتی لەلایەن عەمار حەكیم، قەیس خەزعەلی و حەیدەر عەبادی و بە شێوەیەكی ناڕاستەوخۆ لەلایەن هاوپەیمانانی سودانی. بۆیە، هەموو ئەمانە وادەكات پرسی بوون بە سەرۆكوەزیران بۆ مالێكی زۆر قورس بێت.
ئێستا شیعەكان سێ بژاردەیان هەیە: ڕەزامەندی ئەمریكا بەدەست بهێنن بۆ ئەوەی مالێكی ببێتە سەرۆكوەزیران. دووەم، بەردەوام بن لەسەر كاندیدبوونی مالێكی بەبێ ڕەزامەندی ئەمریكا، كە ئەمەش واتای خۆكوژی سیاسیی. سێیەم، گۆڕینی كاندیدەكەیان و پێشكەشكردنی كاندیدێكی سازان ئەمەش نزیكترین سیناریوە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP