دواین هەواڵ

دیپلۆماسی فرەڕەهەند و دوورکەوتنەوە لە پشتبەستن بە یەک هێز!

‌رابەر تەڵعەت

22/01/2026

هاوسەنگیی هێزی سەربازی بە تەواویی گۆڕاوە. بەتەنها ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی لەگەڵ چەتەکانی شەرع کە پشتیوانیی تورکیا و بێدەنگیی ئەمریکای لەگەڵە، دەبێتە هۆی زیانی زیاتر و لەدەستدانی ئەوەی کە ماوە. بە وتەی هانا ئارێنت "هێز" لە کردەی بەکۆمەڵ و ڕەزامەندیی گشتییەوە سەرچاوە دەگرێت، لەم قۆناغەدا، جگە لە توانا سەربازییەکانی، کورد دەبێت هێزی خۆی لە ڕێکخستنی کۆمەڵگای مەدەنی، فشاری دیپلۆماسیشدا، ببینێتەوە. دەبێت کار بکرێت بۆ بەنێودەوڵەتیکردنی پێشێلکارییەکان و بەدەستهێنانی پشتیوانی بۆ پاراستنی مافە بەدەستهاتووەکان. ئەمە گەڕانەوە نییە بۆ خاڵی سفر، بەڵکو گۆڕینی شێوازی خەباتە بەپێی واقیعی نوێ. 
   
یەکێک لە گەورەترین وانەکانی ئەزموونی ڕۆژئاڤا، مەترسیی پشتبەستنی ڕەهایە بە یەک هاوپەیمانی دەرەکی. سیاسەتی نێودەوڵەتی لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی نەک بەهای ئەخلاقی کار دەکات. بەگوێرەی تیۆریی ڕیالیزم لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا، دەوڵەتان هەمیشە بەدوای زیادکردنی هێز و پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی خۆیانەوەن. ئەمریکا کاتێک پێویستی بە هەسەدە بوو بۆ شەڕی داعش، پشتیوانی لێکردن؛ کاتێکیش بەرژەوەندییەکانی گۆڕا، بە ئاسانی پشتی تێکرد. لەمەودوا، دیپلۆماسیی کوردی دەبێت فرەڕەهەند بێت. پێویستە کەناڵی گفتوگۆ لەگەڵ هەموو بکەرەکان؛ (دیمەشق، ئەنقەرە، مۆسکۆ، واشنتۆن، بەغدا، هەولێر و تاران) کراوە بێت. ئامانج لەم گفتوگۆیانە، گەیشتن بە لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش نییە، بەڵکو کەمکردنەوەی هەڕەشەکان و دۆزینەوەی خاڵی بەرژەوەندیی هاوبەشی کاتییە بۆ مسۆگەرکردنی مانەوە. دەبێت کورد خۆی وەک ئەکتەرێکی چارەساز نیشان بدات نەک کێشەخوڵقێن، وەک هێزێک کە دەتوانێت هاوکار بێت لە پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە، بەتایبەتی لە دۆسیەی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا.  

رابەر تەڵعەت

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP