رەوشى ناوچەکە تادێت لە ئاگروپێکدادانى گەورەى جەمسەر گەورە و بچووکەکان نزیکتر دەبێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا چاوەروانى دەستپێکردنى گۆڕینى نەخشەى سیاسى دەکرێت و لە شوێنى ئەو نەخشەیەى سایکس پێکۆ کە پێش سەدەیەک بووە هۆى دابەشکارییەکى ستەمکارانە و گڕژى و ئاڵۆزییەک و ئاگرێک تا ئێستاش ئاسەوارەکانى و کاریگەرییەکانى کۆتاییان نەهاتووە ؛ گەلى کورد یەکێکە لەو نەتەوە گەورە و خاوەن خاک و جوگرافیا و مێژوو و ڕەسەنانەى زۆرترین زیانى بەهۆى لکاندنى خاک و گەلەکەى بۆ چوار وڵاتى داگیرکەرى عەرەب ،فارس ،تورک بەرکەوتووە و تا ئێستاش بە ئاگر وئاسن و جۆرها سیناریۆ و پیلانگێرى هەوڵى نکۆڵیکردن و پەراوێزخستنى دەدرێت و کۆسپ لەبەردەم کاروانە ئامانجدارەکەى کە بەدەستهێنانەوەى مافەرواکانێتى دروست دەکرێت ، ئەگەر دوێنى بەسوپا و لەشکرکێشى ڕاستەوخۆى داگیرکەران ئەو پیلان و سیناریۆیانە کرابێت ، ئەوەتا ئەمڕۆ بە ڕێگەى جۆرها گروپ و تاقم و میلیشیا و تیرۆریستى بە ناو و دروشمى ئاینى و مەزهەبى و فاشیزمى پەڵامارى کوردوکوردستان بەشێوەیەکى گشتى دەدرێت
بە گەڕانەوە بۆ مێژوویی 12 ساڵى رابردوو واتە هەر لەسەرتاکانى ساڵى 2014وە ، نەیارانى کورد بەڕێگەى بەکارهێنانى دڕندەترین ڕێکخراوى تیرۆریستى بەناوى داعش لەسەر ئاستى عێراق و وسووریا هێرش و پەڵامارێکى دڕندانەیان لەسەرئاستى ناوچەکە و دواتر بە ئاراستەى کوردستان دەستپێکرد ، بەڵام گەلى کورد وەک نەتەوەیەکى مرۆڤدۆست و ئازادیخواز، نەک تەنیا بەرگرى لە دۆز و کەرامەت و خاک وئیرادەى خۆى کرد، بەڵکو هەموو مرۆڤایەتى لە هەڕەشەى تیرۆریستان پاراست و بە هەزاران شەهید و بریندارى بەخشى ، جارێکى تر گەلى کوردیان لە شەنگال و ناوچەکە ئەنفال و کۆمەڵکوژ کرد ، لەهەمانکاتیشدا ویستیان لێکترازان و دووبەرەکى لەنێوان کورد دروست بکەن و لەوێشدا پارچە پارچە مان بکەن
بەڵام گەلى کورد بە ئیرادەیەکى پۆڵاینن و ئامادەبوونى پێشمەرگە ، رابەر و سەرۆک مسعود بارزانى بەخێرایی و لەگەڵ پاڵپشتى چەند وڵاتێک کە دەستیان لە دروستکردنى ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستەیە نەبوو یانیش ناچار بوون ، ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستیە لەسەردەستى هێزى پێشمەرگەى کوردستان تێکشکێنرا ، کوشتنى ئەبوو بەکربەغدادى ، وەک خەلیفەى داعش و چەندین سەرکردەى دیکەى ئەو ڕێکخراوە تا رادەیەکى زۆر داعشى لاواز کرد , بەڵام تا بە ئەمڕۆش مەترسییەکانى داعش و ئەوانەى لەپشتیانن و هاوکاریانن هەر ماوە ، جەنابى سەرۆک بارزانى بەردەوام هۆشدارى لە سەرهەڵدانەوە و مەترسییەکانى بۆ سەر هەموو ناوچەکە داوە ؛ بۆیە ئەوانەى ئەمرۆ پشتیوانى و ڕێگەى خۆشکەرن بۆ تێکشکاندنى گرتووخانەى داعش و حکوومەتى ئەحمەد شەرعى داعشى دەکەن وەک دەوڵەتێکى فەرمى ، باش دەزانن ئەمانە پاشماوەى ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستیانە و سیناریۆ و پلانى ئاغاکانیان لە ناوچەکە دا جێبەجێ دەکەن
بەتایبەتى ئێستا ناوچەکە لەسەروبەندى گۆڕینى نەخشەى سیاسییدایە ، زڵهێزان و ئەوانەى لەپشت ئەو گۆڕانکارییانەدا ، لەجیاتى هێزى زەمینى ،ئەو گروپ و میلیشیا تیرۆریستیانە بەکار دێنن ؛ رۆژئاواى کوردستان وێراى ئەوەى لەماوەى رابردوو هەوڵێکى زۆریاندا بۆ ئاسایش و سەقامگیرى سووریا و ڕێگریکردن لەگەڕانەوەى داعش بۆ زۆرێک لە ناوچەکەکانى ئەو وڵاتە و بەتایبەتى پارێزگاریکردن لە گرتووخانەکە ، بەڵام وڵاتانى ناوچەکە بەهۆى ترسیان لە گۆڕانکارییەکان بەتایبەتى تورکیا و سووریا و چەند وڵاتێکى دیکەى عەرەبى ، ئەوا پێش ڕووداوەکان کەوتوون و دەیانەوێت بە هێرش وپەڵاماردانى گەلى کورد لە رۆژئاواى کوردستان و کوشتن و جینۆسایدکردنى گوایە پێش بەم گۆڕانکارییانە بگڕن
ئەوەى لە ئێستاى حکومەتەکەى شەرع دەبینرێت ، نەک تەنیا حکوومڕانییەکى شارستانى نییە ، بەڵکو بە پۆشینى جلوبەرگى مەدەنى و کراواتەوە ، تەنیا وەک ئەکتەرێک رۆڵ دەبینێت لە نێو سیناریۆى ئاغاکانى ، لە هەمانکاتیشدا بە کۆمەڵێک دروشمى ئاینى و مەزهەبى و کوشتن و بڕین هەوڵى سەپاندنى ئیرادە و دروستکردنى حوکمڕانییەکى پیس و دیکتاتۆرى دەدات ، هەموو قسەکانى لە چوارچێوەى بەیاننامەیە و باوەرى بە کوردوکوردستان و دۆزە رەواکەى نییە ، تەنها دەیەوێت ئەوەى لەپشت دەرگە داخراوەکانەوە پێى گوتراوە جێبەجێیان بکات و ڕێگە نەدات گەلى کورد خاوەنى بەرێوەبردنى خۆى بێت ، لەکاتێکدا کورد لەسەر خاک ونیشتیمانى خۆیەتى و خاک و نیشتیمانى عەرەب و تورک و فارسى داگیر نەکردووە
ئەوەى ئێستە دەگوزرێت ، حکوومەتێکى نوێیە بەتامى شەرع و داعش دژ بە گەلى کورد دەجەنگێ ، هەندێک وڵاتى وەک تورکیا و عەرەبى پشتیوانى ئەو هێرش و پەڵاماردانانە بۆ سەر گەلى کورد دەکەن ؛ وەک چۆن لە رابردوو پشتیوانى داعشیان دەکرد , ئەمڕۆ بۆ هەموو دونیا روون بووتەوە ، دەوڵەتى ئێستا نەک هەر داعشە بەڵکو فۆرمى یاسایی وەرگرتووە ، ئەوەش مەترسییە بۆ سەر داهاتووى هەموو ناوچەکە و جیهان ، ئەوەى راستییەکان دەزانێت گەلى کوردە ، هەر بۆیە بەهەموو توانایەکەوە بە سیناریۆى چەواشەکارانە و درۆ شەڕى کوردوکوردستان دەکرێت ؛ بەڵام گڕى ئەو ئاگرە نەک تەنیا ناوچەکە بەڵکو هەموو وڵاتانى دونیا دەسووتێنێت