1. کێشەی بنەڕەتی: نەبوونی پرسیاری ناوخۆیی
ئەزموونی مێژوویی کورد لە ماوەی سەدەی ڕابردوودا لە سەرووی هەموو شتێکەوە بێ پسانەوە چالاکیی ناڕەزایەتی و یاخیبوون و بەرخۆدان پێناسە کراوە. لە کاتێکدا ئەم بەردەوامییە ئاستێکی بەرزی دینامیزمی کۆمەڵایەتی و قوربانیدان و سەرمایەی ڕەمزی بەرخۆدان بەرجەستەدەكاتەوە، بەڵام تووشی لاوازییەکی بنەڕەتیی پێکهاتەیی بووە: نەبوونی پرسیاری ڕەخنەیی لەخۆدا.
لە ئەدەبیاتی زانستە سیاسییەکاندا، ئەو کۆمەڵگایانەی کە ناتوانن "ڕەخنەی ناوخۆیی" بەرهەم بهێنن، بەزۆری لە سووڕێکی بەرهەمهێنانەوەی هەڵەی ستراتیژی دا قەتیس دەبن.
2- پچڕانی پەیوەندی نێوان سەرکەوتنی مەیدانی و دەستکەوتی سیاسی
بوونێكی بەردەوام و دەكرێ بڵێن هەمیشە پاتبوووەوە، لە مێژووی سیاسی کورددا شکستهێنانە لە وەرگێڕانی سەرکەوتنە مەیدانییەکانەوە بۆ دەستکەوتی سیاسی و جیهانی دیپلۆماسی.ئەمەش قوك چەمکێ كە “کەلێنی نێوان دەسەڵاتی ڕەق و دەسەڵاتی دامەزراوەیی” بەرجەستەدەكاتەوە ڕوون بکرێتەوە.
لە کاتێکدا کردەی سەربازی یان بەرخۆدانی کۆمەڵایەتی جۆرێک لە دەسەڵاتی سەخت دروست دەکات، نەبوونی دامەزراوەی سیاسیی کاریگەر، ستراتیژییەکی دیپلۆماسی یەکگرتوو،خوێندنەوەی ورد بۆ هاوسەنگی هێز، ڕئژەب و خێرا دەبێتە هۆی ناكارار و لاوازبوونی ئەم دەسەڵات و دەسكەوتە،یان پێچەوانەكەوتنەوەی.
3. جوانیناسیی شکان و زاوزێکردنی عەقڵیەتی قوربانی
دیاردەیەکی سەرنجڕاکێش لەم ئەزموونەدا، پێکهاتنی جوانیناسییەکی سەیری شکانە؛ دۆخێک کە تێیدا شکان وەک ئۆبژەیەکی شیکاری ناخرێتە بەرباس و دوان، بەڵكو وەک شتێکی پیرۆز و گێڕانەوەی قارەمانانە ناشێنەی بۆ سازدەكرێت ودەبێتە هێمای كۆڵنەدان.
لە ڕوانگەی کۆمەڵناسی سیاسییەوە ئەم پرۆسەیە بەرەو چەسپاندنی “عەقڵیەتی قوربانی” دەمان بات؛ عەقڵیەتێک کە پشت بە وەچەخستنەوەی ئازارەکان و بە پاڵەوانکردنی شکانەکان دەبەستێت، نەک ویستی بەرپرسیارێتی و شرۆڤەو ڕامان. و خەسارناسی.
4- کێشەی سەرکردایەتی و نەبوونی میکانیزمی لێپرسینەوە
یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی قەیرانەکە نەبوونی میکانیزمی دامەزراوەییە بۆ لێپرسینەوە لە سەرکردایەتی سیاسیی. ئەو سەرکردانەی کە بڕیاری خراپیان داوە، پرۆژەو تێڕامانی هەڵەیان هەیەو بووە، یان بوونەتە پاشكۆیەكی پڕتێچوو بۆ شۆڕش و نەتەوە ئەویش تێچووی گرنگ و ئیستراتیژیك. ئەمانە نەک هەر لە کارەکانیان و سەركردایەتی دوورخراونەتەوە، بەڵکو لە زۆر حاڵەتدا بوونەتە هێمای ئەفسانەیی.
لە تیۆرییەکانی فەرمانڕەوایدا ئەم دۆخە نیشانەی نەبوونی “سووڕێکی فێربوونی سیاسییە”؛ کە شکان نابێتە هۆی چاکسازی، بەڵکو دووبارەبوونەوەی هەمان ڕەوەندەو شەرعیەت بە هزر و نەخشە دۆڕاوە كان دەدات.
5. خولی زاوزێی شكان و هەرس
تێکەڵکردنی سێ هۆکار:
1) نەبوونی ڕەخنەی ناو هەناوی یا ناوخۆیی،
2) داستانی قارەمانان سازین لە ڕمان و شكانەكان،
3) بەردەوامبوون. و تاماوی یا وەچەیی سەرکردایەتی ئەویش بێ لێپرسینەوە لێپێچانەوە،
بووەتە هۆی دروستبوونی بازنەیەك كە دەتوانین ناوی بنێین. خولانەوەی شكان. و هەرەس. شكان و كارەساتی مێژوویی.
لەم بازنەدا هەر شکانێ، دەبێتە خاڵی دەست پێكی شكانێكی نوێ. تەنیا وەك شكانێكی شیاوی شرۆڤە سەیری ناكرێت. لێرەوە بەستێنی شكانی داهاتوو دەخولقێ.
6. ئەنجامێکی تیۆری
لە ڕوانگەیەکی شیکارییەوە پرسیاری “ئایا میللەتێک کە پرسیار لە خۆی نەکات دەتوانێت سەربکەوێت؟” شتێکی ئەخلاقی و سۆزداری نییە، بەڵکو پێکهاتەییە.
ئەزموونی مێژوویی نیشان دەدات کە پرسیاری ڕەخنەیی مەرجێکی پێویستە بۆ گواستنەوە لە بەرخۆدانەوە بۆ سیاسەت، و لە قوربانیدانەوە بۆ دەستکەوتێکی بەردەوام. بەبێ ئەم بیرکردنەوە، تەنانەت بەرزترین ئاستی قوربانیدان دەتوانێت خزمەت بە دووبارە بەرهێنانەوەی شکان بێت.
جەلیل ئازادیخواز