دواین هەواڵ

لەبارەی پەلامارەكەی ئۆفیسی سەرۆكی حكوومەتەوە

‌كارزان گلی

8 کاتژمێر پێش ئێستا

داودئۆغڵو لە كتێبی (قوڵایی ستراتیژی) چۆن باسی خانەوادەی  بارزانی دەكات؟


پەنابردن بۆ لێدان لە كوڕانی بارزانی، یاخود هەوڵدان بۆ لەناوبردنی ئەو خانەوادەیە، لە نەخوێندنەوە و نائەزموونی ئەو سیاسیانە دێت كە باس لەوە دەكەن، خانەوادەی بارزانی پێگەیان لاواز بووە و كۆتایی هاتنیان نزیك بووەتەوە.

ئێران بە درۆنی پێشكەوتوو، پەلاماری ئۆفیسی سەرەكی بەڕێز مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیدا، كاردانەوەی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا، دەیان سەركردەی جیهانی ئیدانەیان كرد و پشتگیریی خۆیان بۆ سەرۆكی حكوومەت دەربڕی.

تۆ وەكوو هاووڵاتییەك بیر بكەرەوە، خانەوادەی بارزانی بۆچی بۆ ١٠٠ ساڵ دەچێت هەمیشە بەرەو لوتكە دەڕۆن و لەناونەچوون؟ بۆچی ئەو خانەوادەیە ئاڵای كوردبوون و پرسی كوردیان هەڵگرتووە و خەباتی بۆ دەكەن، هیچ لایەنێكیش نەیانتوانیوە لەناویان ببەن؟ وەڵامەكەی روونە، ئەوان دەزانن چۆن لەناوچەكەدا هاوسەنگی هێز دروست بكەن و چۆن خۆیان لەگەڵ هاوكێشەكاندا بگونجێنن و پاشان بۆ بەرژەوەندی میللەتی خۆیان بەكاری بهێنن.

ئەمە تەنیا بە قسە نییە، لایەنگیریش نییە بۆ بارزانییەكان، نەخێر ئەمە لێكۆڵینەوەی وردی لەسەر كراوە و لەلایەن سیاسی و لێكۆڵەرە گەورەكانەوە دانی پێدانراوە، ئەمەش دوای شیكردنەوە و لێكۆڵینەوەی ورد بەم ئەنجامە گەیشتوون.

بۆ نموونە، ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆك وەزیرانی پێشووی توركیا، كە جیا لەوەی لەبواری سیاسەتدا كەسایەتییەكی گرنگە، لێكۆڵەرێكی گەورەشە، لە كتێبی (قۆڵایی ستراتیژی)، كە پاشان ئاكەپە و خودی ئەردۆغان، ئەو كتێبەیان كردە بنەما بۆ سیاسەتی دەرەوەی خۆیان، باس لە گرنگی خانەوادەی بارزانی دەكات لە ناوچەكە.

داودئۆغڵو، بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ، باس لە چەند رێبەرێك دەكات لە ناوچەكە كە ئاگایان لە هاوسەنگی هێزە، هەمیشە لەكاتی نائاساییدا رێگەیەك بۆ دەرچوون دەدۆزنەوە.

داودئۆغڵو، لە لاپەڕە (٢٨٢)ی كتێبەكەیدا، باس لە مەلیك حوسێن مەلیكی پێشووی ئوردون دەكات، كە ستراتیژییەتی دەرەوەی زۆر زیرەكانە پەیڕەو كردووە، بۆیە لە ناوچەكەدا بەبەهێزی ماوەتەوە و كوڕەكەشی كاتێك هاتە شوێنی باوكی، بەهەمان شێوە رەفتار دەكات، ئەگەرچی كەمێك لاواز دەردەكەوێت.

لەبارەی خانەوادەی بارزانییەوە لە هەمان لاپەڕەدا داودئۆغڵو پێوایە، نەریتی هاوپەیمانیی كورت ماوەی بنەماڵەی بارزانی لەگەڵ عێڕاق و سووریا و توركیا و ئێراندا، بەرهەمی ئەو هاوسەنگییەیە كە دروستیان كردووە.

پێیوایە خانەوادەی بارزانی ئەوەندەی دەتوانن بۆنی ئەوە بكەن، كە رەوتی هەڵخلیسكان و گۆڕینی ناوەندەكانی هێز چۆنە و دەتوانن خۆیان لەسەر پێ بهێڵنەوە، لەبەر ئەم هۆكارەشە درێژە بەچەشنی پەیوەندیی دەدەن كە مەودای بۆنكردن بپارێزن.

مەسروور بارزانی، كاتێك دەبێتە ئامانجی دوژمنانی كورد، شتێك نییە تازە و نامۆ بێت بەلای ئێمەوە، چونكە روونە سەركردەی كردار و سەركردەیەك بیەوێت هەرێمەكەی بپارێزێت و بیكاتە خاوەنی ژێرخانی ئابووریی، بەدڵنیاییەوە دەكرێتە ئامانج. گیڤارا زیاتر لە ٥٠ جار هەوڵی تیرۆركردنی درا، كاسترۆ و ماندێلا و غاندیش بەهەمان شێوە، بەڵام چونكە رێگە راستەكەیان هەڵبژاردبوو و كۆڵیان نەدا، ناویان چووە مێژوو و لەهەموو قۆناغێكدا سیمبولی بەرخودان و دڵسۆزین.

من باس لەوە ناكەم حوكومڕانی رێزدار كاك مەسروور و رێزدار كاك نێچیرڤان بارزانی كەموكوڕی تێدا نییە، نەخێر ئەمە بابەتێكی ترە و رۆژانە باس لەو كەموڕییانە كراوە، مەبەستەكەم ئەوەیە، ئەوانەی بیر لەوە دەكەنەوە ئەو بنەماڵەیە لەناو بچێت یان پێگەیان لاواز بێت، كەمئەزموونن، وەكوو چۆن كاتێك بەڕێز یوسف محەممەد، سەرۆكی پەرلەمانی پێشووی كوردستان، ویستی سەرۆك بارزانی لە پۆستی سەرۆكی هەرێم لابدات و شكستی هێنا، لە كتێبی (بزوتنەوەی رزگاریخوازی كورد ) سەرۆك دەڵێت: ”زانیم ئەو جارێ لە دونیا تێنەگەیشتووە“ ئەم وشەیە زۆر مانا هەڵدەگرێت و دەبێت بزانین، گرنگی ئەو بنەماڵەیە سنوورەكانی كوردستانی تێپەڕاندووە و لەگەڵ گۆڕینی هاوكێشە و گۆڕینی كات و قۆناغەكاندا خۆیان دەگونجێنن و نایەڵن كورد بكەوێت.

با بۆت پوخت بكەمەوە، لە توركیا ئەتاتوركچییەكان بوونیان هەیە و ژمارەیان ملیۆنانە، ئەوان موستەفا كەمال ئەتاتورك بە روحی نەتەوەی تورك دەزانن، بەڵام جەهەپە كە ئەتاتورك دەمەزرێنەرییەتی، هەمیشە پارتی یەكەم نەبووە، دەنگەكانی زیاد بووە و كەم بووەتەوە، بەگوێرەی قۆناغ و سەردەمەكان هەڵبەز و دابەزی كردووە. كە باس دێتە سەر توركیا، جا لێكۆڵەر و سیاسییە گرنگەكانی جیهان بن، 
یەكسەر ناوی ئەتاتورك دەهێنن وەكوو دامەزرێنەری ئەو وڵاتە. ئەمە بۆ خانەوادەی بارزانیش راستە، كاتێك ناوی كورد دێت لە هەر شوێنێك یان تێزێكی سیاسی بڵاودەبێتەوە، باس لەوە دەكرێت بارزانییەكان هەڵگری ئاڵای پرسی كوردن، مەستەفا بارزانیش بە سەركردەی روحی نەتەوەی كورد دادەنێن، بەڵام پارتی دیموكراتی كوردستان، كە لەلایەن خوا لێی خۆش بێت موستەفا بارزانییەوە دامەزراوە، پارتێك نەبووە دەنگەكانی ٧٠٪ بێت و هەموو میللەتی لەگەڵ بێت، بەگوێرەی قۆناغ و سەردەم، دەنگەكانی كەم و زیادی كردووە، واتە بنەماڵەی بارزانی، هەمیشە بەپێوەن و نەكەوتوون و ناكەون، كاتێك پارتیش دەنگی كەم بكات، نابێت ببەسترێتەوە بە لاوازی پێگەی بارزانی لە ناوچەكە، نەخێر خانەوادەی بارزانی رەگێكی قوڵیان هەیە لەڕووی نەتەوەیی و هەڵگرتنی ئاڵای كوردبوون، بۆیە هەزاران درۆن و مووشەك ناتوانێت ئەو ئاڵایەیان لەدەست بهێنێتە خوارەوە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP