دواین هەواڵ

دژی ئێران، گورزێکی تر و گەڕێکی تری جەنگ بەڕێوەیە؛

‌د. نیکۆلا ئەشرف شاڵی

14/01/2026

هەرچی ئامادەکارییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلە بۆ لێدان و وەشاندنی گورزێکی تری سەربازی لە ئێران تەواو بووە، یەك هەفتەیە پردی ئاسمانی سەربازی زۆر چڕ و پڕ جووڵەیە و تەواو چالاکە.

ئەمریکا، وەك بەشێك لەخۆپارێزی چەند بنکەیەکی سەربازی خۆی بەشێوەیەکی بەشی (جزئي) چۆڵ کردووە لەوانەش بنکەکانی لەعێراق لەسەروو هەموویانەوە بنکەی (عەین ئەسەد). وە سەربازەکانی بەشێوەیەکی کاتی ئاڕاستەی بنکەکانی خۆی لە باشور و ڕۆژئاوای کوردستان کردووە.

بەئێستاشەوە:

ئیسرائیل، موکوڕە لەسەر ڕووخاندنی سیستمی سیاسی لەئێراندا و بۆ ئەو مەبەستەش پاش پەیوەندیکردنی کوڕی شا بە ئیسرائیلەوە و ڕێکەوتن لەگەڵیدا، ئیسرائیل وەك جێگرتەی کۆماری ئیسلامی پێشکەشی ئەمریکای کردووە ئەگەر بەشێوەیەکی کاتیش بێت.

ڕاستە ئەمریکا هەڕەشەی توند دەکات:

ئامادەکاری تەواوی کردووە و بەنیازە گورزێکی زۆر کوشندە لەئێران بدات، بەڵام بەئێستاشەوە دوو دڵە لەڕووخاندنی سیستمی سیاسی کۆماری ئیسلامی. بەو پێیەی ئەمریکا ئاڵۆزی تری ناوێت لەناوچەکەدا و پەلەیەتی لەهێوردکردنەوەی دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ بۆ ئەوەی بتوانێت پلان و نەخشە و ڕێڕەوەکانی جێنەجێ بکات، هەروەها لەبەرژەوەندی ئەمریکادایە کۆماری ئیسلامی بمێنێت (بەڵام بەلاوازی و بێدەسەڵاتی) وەك خاڵی ڕاگرتنی باڵانسی هێز لەڕووی هەرێمییەوە.

لەبەرامبەردا، موکوڕ بوونی ئیسرائیل و هەڕەشە بەردەوامەکانی ئێران و سازشە سنوردارەکانی و دەستێوەردانەکانی لەناوچەکە وا دەکات ئەمریکا ئەو مەترسییە بگرێتەبەر و تائاستی ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی بڕوات.

لەم نێوەندەشدا، دەرفەتێکی زێڕین بۆ کورد هاتووەتەپێش بۆ:

- دەستگرتنی مەیدانی بەسەر جوگرافیادا، کە ئەوەش لەڕێگەی هێزی سەربازی کوردییەوە (پێشمەرگە)ەوە دەکرێت. بەڕادەیەکی زۆرباش (پژاك) خۆی بۆ ئەو ئەگەرە ئامادە کردووە.

- دەرفەتێکی زێڕینە بۆ یەکگرتنی نەتەوەیی سەرجەم پارتە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەیەك بەرەدا، بەمەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی قۆناغی نوێ لەئێراندا. بەو پێیەی کۆماری ئیسلامی بکەوێت یان نا ئەوا ئێرانی پاش ئەم ڕاپەڕین و ناڕەزاییانە تەواو جیاوازە و لاوازە لە ئێرانی پێش ڕاپەڕین.

هەرچەندە مەترسییەکان بۆ سەر کورد زۆرن:

لەگەڵ ئەوەی بەهۆی نائامادەسازی پێویستی کورد لەڕۆژهەڵات و پەرتەوازەیی و دووبەرەکی پارتە سیاسییەکانی، هەروەها دوریان لەئەمریکا و ئیسرائیل و پشتیوانی ئیسرائیل لەم قۆناغەدا بۆ کوڕی شا. ئەمە سەرباری تێکچونی باڵانسی هێزی هەرێمی کە ئێمەی کورد وەك ڕاگرتنی خاڵی باڵانس لەدژی هەژمونگەرایی تورکیا پێویستمان بەئێران دەبوو.

بەڵام دوور لەهەر خوێندنەوەیەکی ستراتیژی:

لەدڵەوە ئاواتەخوازم، تەختوتاراجی کۆماری سێدارە بڕوخێت بەسەر یەکدا. لانیکەم مرۆڤ ئەگەر بەشێوەیەکی کاتیش بێت کەوتنی دوژمنەکانی دڵخۆشی دەکات.

ئەمە لەکاتێکدایە:

زۆرباش دەزانم بەکەوتنی ئێران، نەك ستەم و چەوساندنەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کۆتایی نایەت بەڵکو داخڵی گەڕێکی خراپتر دەبێت لەسەر دەستی شای نوێ کە میراتگیری کوشتن و بڕینی باوکی دەبێت دژی کورد بەڵام ئەمجارە بەپشتیوانیەکی تری نوێی نێودەوڵەتییەوە.

لەم ڕوانگەیەوە، جارێکی تر جەخت دەکەمەوە:

- ئەم قۆناغە، قۆناغی زێڕینی کوردە، بەو مەرجەی سەرکردە سیاسیەکانمان ژیر و حەکیمانە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا بکەن.

- ئەمریکا و ئیسرائیل، بڕیاردەی یەکەم و کۆتایی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستن.

- مەترسییەکانی سەر کوردانی ڕۆژهەڵات زۆر گەورەن، بۆیە لەبەردەم ئالنکارییەکی زۆر گەورەدان و تەنها بەکگرتوویی و یەکڕیزی لەیەك بەرەی نەتەوەیدا دەتوانن سەرکەوتووانە قۆناغەکە تێپەڕێنن.

ڕۆژهەڵاتی کوردستان، شرۆڤە و قسەی زۆر زیاتر هەڵدگرێت..

تێبینی:
- تا ئێستا کوڕی شا، هەرچەندە پشتگیری و پێشوازی ناوخۆیشی نەبێت. تەنها جێگرتەی سیستمی سیاسی کۆماری ئیسلامیە و بەڕێکەوتن ئیسرائیلیش پشتیوانی دەکات.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP