ئەمریکا لەنێوان ئێران-ێکی دەنووک و پەڕو باڵ کراو و فەوزای دوای ڕژێم گۆڕین
لەئێستادا ئێران هاوشێوەی یەکێتی سۆڤییەتی جاران و سەردەمی شای خۆی، چەندین پەتای گرتووە؛
#کێشە_ناوخۆییەکان:
١)داڕمانی ئابووری و ناکۆکی ناوخۆیی وخۆپێشاندانی فراوان و
٢)بێزاری بازرگانان و کاسبکاران، لەمۆدێلی کۆمپانیاو بازرگانی پاسداران کە مۆنۆپۆلی زۆربەی بازاڕو بازرگانی و وەربەهێنانی کردووە، بەتەنها ئەو نوخبەیەش لەئێستا تا سەر ئێسقان بەرگری لە مانەوەی ڕژێم دەکەن چونکە ژیان و سەروەتییان بەستراوەتەوە بەو جۆرە گەندەڵه و قۆرخکارییە!
٣)زۆربەی نوخبەی ئێرانی، بەتایبەتیش سەرکردەو سەرۆکەکانی پێشووی ئێران، لەخاتەمییەوە بۆ رۆحانی و ئەحمەدی نەژادو ئەوانی دیکە، سانسۆرییان لەسەرەو ئەمەش نوخەبی دەسەڵاتی دابەشی دوو بەرە کردووە. ئەوەش هۆکارێکە بۆ زیاتر درز تێکەوتن و کەوتنی ڕژێم
٤)لەئێستادا، دوای شۆڕشی ئیسلامی ١٩٧٩، یەکەمجارە ئیرانییەکان بەو شێوەیە کۆکن لەسەر گەڕانەوە بۆ بنچینەی دەوڵەتەکەیان کە بەرژەوەندی ئێران دەبێت لەپێش غەزەو لوبنان و ناوچەکانی دیکەوە بێت!
٥)لەلایەکی دیکەشەوە، رووخانی تمەنی ئێرانی یەکێکی دیکەیە لەهۆکارەکان و قەیرانی بێ ئاویش هێندەی دیکە بارودۆخەکەی ئاڵۆز کردووە!
#هاوکێشە_نێودەوڵەتییەکان
٦)جگە لەوەش، دەوڵەتی چین سوودی لەگەمارۆکانی سەر ئێران وەرگرتووە و بە نرخێکی هەرزان نەوتی ئێران دەکڕێت! ئەمەش کێشەیەکە و چین هەروا بەسانایی ڕێگە نادات ڕژێمی ئێران بڕوخێت! چونکە سەرچاوەی ووزەی هەرزانە!
٧)هەرچەندە چین گرێبەستی ٢٥ ساڵی لەگەڵ ئێران هەیە، بەڵام ئەو ڕێککەوتنە نەپەڕیوەتەوە بۆ ڕێککەوتن و هاوپەیمانییەتێکی سەربازی و هەوروەها دەوڵەتی چین لەڕۆژهەڵاتی ناوەراست و شوێنەکانی دیکەش تا ئێستا سیاسەتی خۆپارێزی و سەرکۆنەکردن پەیڕەو دەکات! بەڵام لەپشت پەردەوە چی پێدەکرێت و چی دەکات ئەوە ناڕوونە!
٨)لەدوای هێرشەکانی سەر ئێران لەلایەن ئەمریکاو ئیسرائیلەوە لە ٢٠٢٥، لەئێستادا زیاتر لەهەر کاتێک کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ئامادەکراوە بۆ بینینی کەوتنی ڕژێمی ئێران، بەڵام بەر لەهەر هەنگاوێک ئیدارەی ترەمپ خەریکی حساباتی چین و رووسیایە لەو گەمەیەدا!
٩)بۆ ترەمپ، کۆنتڕۆڵکردنی سەرچاوەکان ووزە یەکێکە لە ستراتیژییەتە گرنگەکان، دوای نەوتی ڤەنزوێلا، ئەگەر ئەمریکا سەرکەوتووبێت لەکۆنتڕڵکردنی نەوتی ئێرانیش، ئەوا گورزێکی گەورە دەبێت لەستراتیژییەتی چین و رووسیا پێکەوەو سەرجەم هاوکێشەو تاکتیکی یارییەکانیش دەگۆڕێن! بۆیە دەکرێت ئەمریکا ئەمجارە توندتربێت نەک نەرمتر چونکە هاوکێشە جیهانییەکان لەگۆڕانی خێران و تەکنەلۆژیاو پێشکەوتنی ئایندەش پێویستی بەووزە زیاترە!،
لەکۆتایی هەموو شتێک ئامادەیەو هۆکارە ناخۆیی و نێودەوڵەتییەکانیش سەریانهەڵداوە، پاڵنانێکی ئەمریکای دەوێ بەڵام ئەوەش حساباتی دوورو قۆڵی دەوێ! ئەمریکاش لەئێستادا ئێرانێکی لاواز و دەنووک و پەڕو باڵ کراوی لا باشترە لەفەوزای دوای ڕژێم گۆڕین کە ئەزموونێکی خراپی لەعیراق و ئەفغانستان هەیە و مارانگازبووە!
وێنەکە ئەی ئایە.