باخچەلی سەرەتا شیعری بۆ ئۆجەلان نووسی پاشان بەزمانی هەڕەشە داوای لێدەكات هەسەدە چەك دابنێت
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆكی مەهەپە لە تازەترین وتاریدا داوای لە عەبدوڵا ئۆجەلان، سەرۆكی زیندانیكراوی پەكەكە كرد، پەیامێك بۆ هەسەدە بنێرێت و داوایان لێبكات چەك دابنێن، چونكە پرسی ئاشتی بە بوونی چەك ناگاتە ئەنجام. ئایە ئۆجەلان، لەسەر داوای باخچەلی داوا لە هەسەدە دەكات چەك دابنێت؟
چەند مانگێك بەر لە ئێستا، محەممەد ئۆجەلان، برای ئۆجەلان سەردانی ئیمیڕاڵی كرد و لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لەبارەی بۆچوونی ئۆجەلان بۆ رۆژئاوای كوردستان گوتی: ”ئۆجەلان لەبارەی رۆژئاوای كوردستانەوە گوتی، نابێت چەك دابنێن و بارودۆخی رۆژئاوای كوردستان جیاوازە لەگەڵ باكووری كوردستان.“
توركیا بەفەرمی هەسەدەی وەكوو گروپێكی تیرۆرست ناساندووە، داواشی لە وڵاتانی ناتۆ و ئەورووپا كردووە هەسەدە بخەنە لیستی تیرۆرەوە، بەڵام هیچ وڵاتێك بەگوێی توركیای نەكردووە و بەپێچەوانەوە دەڵێن هەسەدە هێزێكی شەرعی سووریایە و ئەندامی هاوپەیمانی نێودەوڵەتییە دژی داعش و خەبات و تێكۆشانی لەوڕووەوە زۆر كردووە.
ئۆجەلان، چەندین پەیامی بەفەرمی لە رێگەی شاندی ئیمیڕاڵییەوە ناردووە و پەیامەكەشیان بۆ رای گشتی توركیا و كورد بڵاوكردووەتەوە، بۆ نموونە پەیامی بۆ پەكەكە نارد و داوای لێكردن چەك دابنێن، هەروەها پەیامی بۆ كوردانی ئێزدی و كەمپی مەخموور و ئافرەتان نارد، بەڵام بەهیچ شێوەیەك بەفەرمی پەیامی بۆ رۆژئاوای كوردستان نەناردووە، بۆیە گوتەكەی محەممەدی برای لەلای دەوڵەتی توركیاوە بەهەند وەرنەگیرا، ئەوان دەڵێن ئۆجەلان،لە پەیامەكەیدا لە ٢٦ی٢ی٢٠٢٥، بەڕوونی داوای لە پەكەكە و هەموو گروپەكانی سەر بە پەكەكە كردووە چەك دابنێن، كە هەسەدەش دەگرێتەوە.
بەڵام ئەوەی بووەتە جێی مشتومڕی شڕۆڤەكارانی سیاسی، هەسەدە بەهیچ شێوەیەك ناڵێت ئێمە لەژێر كاریگەریی پەكەكە و ئۆجەلانداین، تەنانەت ئەمریكا و وڵاتانی ئەورووپاش لەوڕوانگەیەوەیە هەسەدەیان پێتیرۆرست نییە و دەڵێن جیایە لە پەكەكە، بۆیە پەیامی ئۆجەلان بەهیچ شێوەیەك بەسەر خۆیاندا جێبەجێ ناكەن، لەبەرامبەردا توركیا دەڵێت، هەسەدە تیرۆرستە و لەگەڵ پەكەكەدا جیاوازی نییە.
وەكوو ئەوەی میدیاكانی توركیا باسی دەكەن، ئۆجەلان داوا لە هەسەدە ناكات چەك دابنێت، ئەمەش دوای ئەو دوو كۆمەڵكووژییە بوو كە حكوومەتی سووریا دژی عەلەوییەكان و دوورزییەكان ئەنجامیدا، كورد بەگومانن لە ئەحمەد شەرعی سەرۆكی راگوزەری سووریا.
محەممەد ئێفا، لێكۆڵەری سیاسی پێیوایە، بارودۆخی سووریا جیاوازە و هەسەدە توانیویەتی شەرعییەتی نێودەوڵەتی هەبێت، چونكە لەژێر دەسەڵاتی هەسەدە مەسیحی و دوورزی و عەلەوی بوونیان هەیە و بەهیچ شێوەیەك پەلامار نەدراون و كۆمەڵكووژ نەكراون، بەڵام رژێمی شەرع، سەلماندی پێكهاتەكانی تری سووریای قبوڵ نییە و رەتیان دەكاتەوە، بۆیە توركیا هەڵە دەكات بیەوێت هەسەدە لەناو ببات.
باخچەلی بەفەرمی داوای لە ئۆجەلان كردووە پەیام بۆ هەسەدە بنێرێت و چەك دابنێن، بەڵام بەرپرسانی دەم پارتی وەڵامیان داوەتەوە، كە بارودۆخی سووریا جیاوازە و ناكرێت ئەو داوایە لە هەسەدە بكرێت، تەنانەت بەشێكیان دەڵێن، بۆ ئەوەی پرسی چارەسەری كورد لەنگەری نەیەتە پێش، نابێت كێشە بۆ رۆژئاوای كوردستان دروست بكرێت.
چاوەكان لەسەر ئیمیڕاڵین، ئاخۆ رێبەری پەكەكە بڕیارە قورسەكە دەدات بۆ چەكدانانی هەسەدە، یان داواكەی باخچەلی پشتگوێ دەخات. ئەگەر ئۆجەلان هیچ پەیامێكی بۆ هەسەدە نەبوو، بەو مانایە دێت نایەوێت چەك دابنێن و بەشێوەی ناڕاستەوخۆ پێیان دەڵێن لە خەبات بەردەوام بن. لە چەند رۆژی داهاتوو بۆچوونی ئۆجەلان روون دەبێتەوە، بەتایبەت شاندی ئیمیڕاڵی بەنیازن جارێكی تر بچنەوە لای ئۆجەلان و رەنگە لەرێگەی ئەوانەوە بۆچوونی ئۆجەلان بۆ رۆژئاوای كوردستان روون ببێتەوە و بەفەرمی بڵاوبكرێتەوە.