سەرکەوتن و شکست لە نێوان هەقبوونی دۆز و ڕێسا خوداییەکان لە ژیان و گەردووندا
کاتی خۆی لە سەر ئەم بابەتەم نووسیوە بەڵام بە پێویستی دەزانم دووبارە لە سەری بوەستمەوە، چونکە هەست دەکەم دۆخەکە دەیخوازێت.
ئەم پرسە لەم پرسیارانەوە دەست پێدەکات کە دەڵێن، بۆچی سەرەڕای ئەم هەموو نزاو پاڕانەوەو بوونی نا هەقی و ستەمەدا، کەچی لێرەو لەوێ وادێتە پێش چاو، خودا پشتی بەشخوراو ستەم لێ چووە موسڵمانەکان بەوجۆرەی چاوەڕێ دەکرێت، ناگرێت و سەریان ناخات ، بەڵکو زۆر جار ململانێ و جەنگەکان بە قازانجی ستەمکار
و خوێن ڕێژو داگیرکاروناهەقەکان کۆتاییان پێ دێت؟ مەگەر خودا لەگەڵ هەق و داد پەروەری و بێبەشان و باوەڕداراندا نییە؟ دژی ستەمکارو دوژمنکارو باوەڕ دژان نییە؟ ئەمە بەشێکن لەو پرسیارانەی ڕەنگە بە مێشکی زۆر کەسدا بێن و پێویستییان بە وەڵامدانەوە هەبێت.
ڕوونە لەم بوارەدا، بەحوکمی دیدی یەکتا پەرستی و باوەربوون بە دادپەروەری رەهای پەروەردگار، لەدیدی باوەردارانەوە کێشەکە لە خوداو بەڵێنەکانیدا نییە،
بەڵکو بەو ئەندازەی ئەم پرسیارانە بووبن بە کێشە، لە تێگەیشتن و ناسینی خوداو چاوەڕوانییەکانی ئێمەوەیە لەوە، تەنانەت لەوەش زیاتر لە قووڵ تێنەگەیشتنمانە لە سرووشتی ژیان و دنیا و حیکمەتەکانی پشت بوونیان. چونکە کاتێك بە سوونەن و ڕێساو باوەکانی خودا لە سرووشت و ژیانی دنیادا بەئاگا بین، هەرگیز هەندێکمان لە سۆنگەی بەهەق زانینی دۆزو هێزو بەرەیەکەوە ناڵێین، من دڵنیام خودا سەریان دەخات بەڵام نازانم چۆن؟ لەبەرئەوەی لەوە تێدەگەیشتین کە تەنها هەق بوون و رەوابوونی دۆزو داواو ئامانج بەسنین، بۆ ئەوەی هێزێك لە جەنگ و ململانێیەکدا سەرکەوتوو بێت، بەڵکو دەبێت بە گوێرەی ئەو ڕێسا خواییانەی لە سرووشت و مێژوو کۆمەڵگەدا بۆ سەرکەوتن هەن، شایستەی سەرکەوتن بێت و مەرجی ئەوەی تێدا بێت.
لەبەرئەوەی عەقڵی سونەنی ئیسلامی لەوە تێدەگات، کە خودا راستەوخۆ حوکمی ڕووداوو مرۆڤەکان ناکات، هەروەها دەستێوەردان لە ململانێ و جەنگەکاندا ناکات. چونکە ئەوە لەجەوهەردا دژ بە سیفەتی دادپەروەری خۆیەتی، کە دەخوازێت لەم دنیایەدا دەرفەت لە بەردەم هەموواندا بەموسوڵمان وناموسوڵمانەوە یەکسان بێت، هەمووان خودان توانای عەقڵی و کەرامەتی خودا پێدراوو و ئیرادەی بەکارهێنانیان بن لەپێناو داهێنان و بیناکردنی شارستانییەت و هەژموون و سەرکەوتندا. هەروەها دژ بە حیکمەت لە بوونی ژیانی دنیاو لێپرسراوبوونی مرۆڤ و تاقیکردنەوەو بوونی رەنج و ململانێ و خوێنڕێژی و ئاڵوگۆڕی پێگەو شکۆو دەسەڵاتیشە تیایدا.(وتلك الايام نداولها بين الناس)
سونەن و رێساکانی خوداش لەوانەش ڕێساکانی( سەرکەوتن) و( شکست )، بۆ باوەڕدار و بێباوەڕان . گشتین و بە سەر هەموواندا وەك یەك پیادەو جێبەجێ دەبن. لێرەشەوە، هەر هێزو نەتەوەو مەڵبەندێکی ژیاریی، هێزو میکانیزم و ستراتیژەکانی زۆرتر لەگەڵیاندا گونجاوو تەریب بوو، سەردەکەوێت وپێشدەکەوێت، با موسوڵمان و تەنات باوەرداریش نەبێت.
بە گوتەی پێشەوا نووڕسیش، هەر کاتێك ئەهلی ناهەق میکانیزم و وەسیلە هەق بەکاربهێنن، واتە بەگوێرەی ئەو رێسا گشتی و بێلایەنە خوواییانە، گوونجاوو هاوتا بن لەگەڵ ئەو ئامانجانەی هەوڵی بەدیهێنانیان دەدەن، سەر دەکەون.
ئەهلی هەقیش سەرەرای هەقبوونیان، ئەگەر وەسیلەو ئامرازی ناهەق واتە نەگونجاو لەگەڵ ئامانجەکانیان بەکاربێنن، هێزو توانای پێویستیان نەبێت، شکست دەهێنن ، هەڵبەت مەرج نییە لە هەموو کات و شوێنێکدا هێزێك بەتایبەتیش لە دۆخی بەرهەڵستکاریدا، لەڕووی مادییەوە خاوەنی هەمان چەك و چۆڵ و تفاقی سەربازی ودارایی بێت، بەڵکو دەشێت، بە یەکریزی،باوەڕی پتەو بە کێش ودۆز، هەڵکەوتەی جووگرافی،پاشخانی مێژوویی و بوونی هاوپەیمان و هاوشێوەکانی ئەمانە، قەرەبووی ناهاوسەنگی هێز بکەنەوەو بەسەر دوژمنەکانیاندا زاڵ بن هاوشێوەی ئەفغانییەکان لەکۆن ونوێدا.
ڕێسای سەرکەوتنی یەکسانی خودایش هێندە گشتگیرو بنجداکوتراوە، نەک هەر بۆ ئیسلامییەکان وخاوەن دۆزە ڕەواکانی سەردەم ڕاستە، کە بە حوکمی دنیاو سەردەم و بوونی چەندین توخم و رەگەزو ئامانجی جیاواز لە جەنگ و ململانێکاندا، ناتوانن لافی ئەوە لێبدەن کە هاوشێوەی سەردەمی پێغەمبەر( دخ) نوێنەرایەتی هەقی ڕووت و بەرەی ئیمان وباوەرداران دەکەن، بەڵکو بۆ خودی پێغەمبەریش( دخ) لە هێڵە گشتیەکەی جەنگ و ململانێکانی لەگەڵ دوژمنەکانیدا ڕاست بووە. نموونەی زەقیش لەسەر ئەمە جەنگی ئوحودە،کە سەرەڕای ئەوەی پێغەمبەرێکی خودا سەرکردایەتی جەنگەکەی دەکرد، بە پێچەوانەی ئێستاشەوە، بەرەی کوفر و ئیمان بە تەواوەتی ڕۆشن و جیا بوبۆوە، کەچی لە سۆنگەی پشت گوێخستنی تاکتیکە سەربازییە پێویستییەکان بۆ سەرکەوتن، باوەڕداران و هاوەڵان شکستیان خوارد و جەنگەکەیان دۆڕاند ئەمەش جاڕدانێکی ئاسمانی بوو کە ئیدی چیدی، چاوەڕڕوانی موعجیزە و وەستاندنی یاساکانی حاکم بە سەر سروشت و ژیانەوە مەبن، بۆ ئەوەی لە جەنگ و ململانێکاندا سەرکەوتووبن. بەڵکو دەبێت وەك هەر هێزو کەسێکی تر پێویستیەکانی سەرکەوتن ئامادە بکەن، جا پشت بەخودا ببەستن.
ئەم دیدە ئیسلامییە گەردوونیەش، کە باوەڕدار و بێ باوەڕ و خاوەن ئایین و ژیارە جیاوازەکان لە بەردەم ڕێسا خواییەکانی( سەرکەوتن) شکست، یەکسان دەکات، بەشێك لەتیۆلۆژی و جۆری خوداناسی باوەردار پێکدەهێنێت، ڕەگەکەی وێناکردنی خوداو باوەربوون بە (رب العالمین)، واتە پەروەردگاری جیهانیاندایە، کە هەموو موسوڵمانێکی دیندار بەشەوو ڕۆژ لە نوێژەکانیدا دووپاتی دەکاتەوەو دەیڵێتەوەو ویردی سەر زمانییەتی. لێرەشەوە پەروەرگار لە دیدی ئیسلامەوە، هەر پەروەرگاری موسڵمانان نییە، بەڵکوو هی کۆی مرۆڤایەتی و تێکڕای بەندەکانی و ئادەمیزادەکانە، بە ئایین و فەرهەنگ و بیر و باوەڕە جیاوازو جۆراو جۆرەکانیانەوە.
خودای دلۆڤان لە سوورەی ئیسرادا ئاماژە بەوە دەکات، کە خودا ڕزقی هەمووان بە موسوڵمان و ناموسوڵمان بەحوکمی ئادەمیزاد بوونیان وەک یەک دەدات و لە گەڵ هەمووان، لە پەیوەندی بە ژیانی ئەم دنیاوە ، میهرەبان و بەخشندەیە. کوفری بۆ ئەم دنیایە نەکردۆتە مایەو سەرچاوەی هەژاری مادیی.
هەر بۆیە لە سوورەتی زوخروفدا ئاماژەی بەوە فەرمووە کە ئەگەر لەبەر گومڕابوون و سەرلێ تێکچوونی خەڵکی نەبووایە، لاشیپانی دەرگای خانوو ماڵی خوانەناسەکانم دەکرد بە ئاڵتوون .
ئەگەر مەسەلەکەش بەم جۆرە بێت کە ئاماژەمان پێکرد، ئەوا بە پێچەوانەی یەهوودیەتەوە، لە ئیسلامداو بۆ ئەم دنیایە خودای لایەنگرمان نییە،
چونکە بیرۆکەی گەلی هەڵبژێراوی خودامان نییە.
بەڵام تەنها بەم بەرەنجامگیرییە ناتوانین وەڵامی کۆی پرسیارەکان لەم بوارەدا بدەینەوە، بۆ نموونە دەکرێت یەکێ بپرسێت و بڵێت، ئەگەر تێگەیشتنمان بۆ خودا لەسەر ئاستی ململانێ و جەنگەکاندا بەو جۆرە بێت کە باسکراو لە ڕێی سونەنەکانییەوە ئیرادەی وەدەرخات، ئەدی چی لەو ئایەت و دەقانە بکەین، کە باس لەوە دەکەن خودا لەگەڵ باوەڕداران و چاکەکاراندایەو پشتیان دەگرێت؟ دادپەروەرانی خۆش دەوێت و یارمەتی دۆستەکانی خۆی دەدات و دژ بەخراپەو ستەم و خراپەکارو ستەمکارانە؟ لە ڕاستیدا ئەم دەقانە لە دوو ڕوەوە قابیلی لێکدانەوەو تێگەیشتنن:
یەکەم/ دەقەکان پەیوەستن بە ململانێ و جەنگەکانی سەرەتای ئیسلام و سەردەمی پێغەمبەرەوە(دخ)، کە لە هەندێ روەوە تایبەتمەندی خۆی هەبووە، بەرەنجامەکانیش مێژوو لە لاپەرەکانی خۆیدا تۆماری کردوون، بۆنموونە، ئیرادەیەکی خودایی هەبووە بۆ پارێزگاری کردن لە پێغەمبەرو مانەوەی و روواندنی ئوممەتێکی باوەردار لە دڵی مێژوودا، بۆ ئەوەی ببێتە لە خۆگرو درێژە پێدەری پەیامەکە بەئاست و شێوازی جیاواز.
دووهەم / بەو جۆرە تێیان بگەین، کە خودا لە سەر ئاستی بەها و پێوەرەکان، هەمیشە لە گەڵ هەق و دادپەروەری و رەش و رووت و ستەم لێچووەکاندایە دژبە زوڵم و تاوان و خراپەکارییەو هەموو ڕەوایەتێکی ئاسمانی و پیرۆزی لێ سەندونەتەوە، بەپێچەوانەشەوە، رەوایەتی بەدۆزو تێکۆشانی هەموو ئەوانەش دەدات، دەخوازن دۆخی ڕەش و ڕووتی سەپێنراو بەسەریاندا رەتبکەنەوەو دژ بە ستەم و ناعەدالەتی ڕاپەرن و کۆتایی پێبهێنن .
بەواتایەکی تر، ئەم لەگەڵ بوونە، جەنگ لە پێناو دۆزێکی رەوادا، هاوشێوەی دۆزی کورد و فەلەستینییەکان، دەکات بە جەنگێکی عادیلانەی خودا پەسند.
ئەوەش دڵنیایی، بەرچاوڕوونی ، هێزو دامەزراوەیی بە باوەردارو تێکۆشەری عەدالەتخواز دەبەخشێت. بەحوکمی ئەوەی زۆر گرنگە باوەردارێك هەست بکات بەوەی ئەوەی ئەنجامی دەدات، بە پێوەرەکانی ئیمان و ئاینەکەی، لەسەر رێگە راستەکەیە و خودا لەو سەنگەرە ڕازییە تیایدا خەبات دەکات و ئەگەری شەهیدبوونی لە ئارادایە، چونکە سەنگەری بەدەستهێنانەوەی مافێکی زەوتکراوو بەدیهێنانی دادپەروەری و رزگاربوونی نەتەوەو گرووپێکی مرۆڤایەتیە لە چنگ ژێر دەستەیی و زوڵم و زۆرو نادادپەروەری.
ئەمە خۆی لە خۆیدا، سەرچاوەیەکی گەورەو لەبن نەهاتووی وزەی ڕۆحی و مەعنەوی و هەستکردنە بەلەگەڵبوونی خودای گەورە پێکدەهێنێت.
مانا بە تێکۆشان و ماندووبوون و ئازار و شەهیدبوون و مردن لەو پێناوەدا دەبەخشێت.
ئەمە جگە لەوەی دیدی باوەڕدار بۆ سەرکەوتن و شکست، لە ئاستە مەعنەوییەکەدا، سنوورەکانی ژیانی دنیا تێدەپەڕێنێت و ڕۆژی دوایی و قیامەتیش لەخۆ دەگرێت، باوەریشی وەهایە
چارەنووسی بەشدارانی بەشێك لە ململانێ و جەنگەکان، لەوێ پێچەوانە دەبنەوە، واتە سەرکەوتووەکان لە مەیدانی جەنگ و ململانێیەکی نارەوادا شکست دەخۆن و شکستخواردووەکانی خودان دۆزێکی رەواو جەنگێکی عادیلانە سەردەکەون، بەوەش دادپەروەرییە خواییەکە لە لووتکەی ڕەهایی خۆیدا دێتە دی و بەرجەستە دەبێت.
هەموو ئەوەی وتیشمان، مانای کۆتایی پێهێنان بە نزاو پاڕانەو داوای پشتیوانی و سەرکەوتن لە کاتی تەنگانەو سەختی و جەنگدا نییە، چونکە، توانای بەرگەگرتنی تێکۆشەری باوەرداری کەرامەتخواز زیاتر دەکەن، پەنجەرەی ئومێد بەرووی ئایندەدا بە هەمیشەکراوەیی بەجێدەهێڵێت، یارمەتیمان دەدات هاوسەنگانەتر مامەڵە لەگەڵ بەرەنجامەکاندا بکەین و لە پاڵ دادپەروەری حیکمەتیش بکەینە چاویلکەیەکی تری مەعنەوی و عەقڵی بۆ تێگەیشتن لەوەی روویداوە لە پەیوەندی بەخوداوە.
ئەمە جگە لەوەی نزاکردن بەرلەهەرشتێك مۆخی، عیبادەتە و ڕازو نیازە لەگەڵ پەروەردگاردا.
لەبەر تیشکی ئەوەی خستمانە ڕوو ، کاتێك هێزگەل و مرۆڤانێك لە سەنگەری بەرگریکردن لە دۆزێکی رەوادا شکست دەخۆن، مەرج نیە واتای توورەبوونی خودا لێیان بگەیەنێت.
بەڵکوبەگوێرەی رێسا گەردوونیەکانی خوداوئەزموونی مرۆڤایەتیەوە، بۆ سەرکەوتن، پێویستیەکانی سەرکەوتنیان بەگوێرەی پێویست دەستەبەر نەکردووە، ئەندازەگیریان بۆ دیاریکردنی هاوکێشەی هێز ناتەواو بووە. بۆیە دەبێت بەخۆیاندا بچنەوەو کێشەو لاوازی وکەم وکورتیەکانیان دیاریبکەن و هەوڵی نەهێشتنیان بدەن، گەرپێویستیشی کرد، ئامرازو شێوازی خەباتیان بگۆڕن، هەندێ جاریش داوای لێبوردن لەگەلەکەیان بکەن، لەوسۆنگەوە کەبەهۆی کەم ئەزموونیی،تاکتیك و تەقدیری هەڵەی ئەوانەوە، دووچاری نارەحەتی ورەنج کارەسات بوونەتەوە وباجی گەورەیان داوە. هەروەك ئیخوان لەمیسردا دوای کودەتا سەربازییەکە کردیان و دانیان بەوەدا نا کەئەوان نەلەرووی فیکری ونەئەزموونی سیاسی لێوەشاوەیی وتوانای ئەوئەرکە قورسەیان نەبوو، کە شنیان دایە بەرو بەداخەوە بەکارەسات بۆ خۆیان وئەزموونی دیموکراسی لەوڵاتەدا کۆتایی پێهات.
.بەڵام تێکۆشەرانی باوەرداری ئازادیخواز لەو روەوە، کەهووشیار بوون بەئەرکەکانی سەرشانیان، لەپێناوخاك وگەل ودۆزێکی ڕەوا و سیستمێکی دادپەروەرانە و رزگاری و وسەربەخۆیدا قوربانیان داوەو شەرەفی تێکۆشەریان پێبراوە، سەرەڕای سەختییەکان،
بروایان بەدۆزەکەیان نەدۆراندووە، شکستە سەربازییەکەیان نەگۆراوە بەشکستێکی دەروونی وا هەڵسانەوەی لەدوا نەبێت، هەقی خۆیانە
هەست بەسەرکەوتن بکەن و شانازی بەخۆیانەوە بکەن. بەم جۆرەش دەتوانین هاوسەنگی لەنێوان رەچاوکردنی پێداویستیەماددییەکانی سەرکەوتن ورووە مەعنەوی وئیمانییەکەی باوەرداری تێکۆشەرو نیشتیمانپەروەرو ئازادیخواز بدەین..