دواین هەواڵ

بۆچی پێی دەڵێن "تەسلیم کردن"ی نەوتەکە؟

‌به‌هرۆز جه‌عفه‌ر

18 کاتژمێر پێش ئێستا

هەتا بکرایە؛ کوردستان خۆی پیاچوونەوەی ڕیشەیی بە پرۆسە نەوتییەکان بەتایبەتی و سێکتەری وزە بەگشتی کردبایە؛ ئەوە باشتر بوو، کاتێک ئەوە ناکرێت (نایکەن؛ چوونکە پەنجا جار دیدگای ڕۆشنمان بڵاوکردەوەو پرۆژەو لێکوڵینەوەی زانستییمان پێشکەشکردن؛ حەز بەوە ناکەن!)؛ بۆیە پێویستە هەرێمی کوردستان خۆی بانگهێشتی حکومەتی فیدراڵی بکات سەرپەرشتی پرۆسەکە بکات:

یەکەم: ئەمە ناوی "تەسلیمبوون" نییە؛ چوونکە جێگری سەرۆکی سۆمۆ کوردە، جێگری وەزیری نەوت کوردە، سەرۆک کۆمار کوردە، جێگری سەرۆکی پەرلەمان و نیزیکەی (٦٠) پەرلەمانتار کوردن، وەزیرانی دەرەوە، داد، ئاوەدانکردنەوەو ژینگە کوردن، ماڵی خوالێخۆشبوو مام جەلال و کاک مەسعود لە بەغدادن و کورد دەیانپارێزێت (لەو ماڵانەدا دەوڵەتی عێراق خرایەوە سەر پێ). لە دەستوریشدا هەرێمی کوردستان مافەکانی باسکراوەو ددان پیانراوە؛ تەنانەت ماڵی سەرۆک کۆمارەکانی پێشووش "فواد مەعسوم و بەرهەم ساڵەح" لەبەغدایە؛ کۆسرەت ڕەسوڵیش ماڵی لەبەغدا هەیە، سەدان بەڕێوەبەری گشتی و فەرماندەی سەربازیی و جێگری وەزیری ناوخۆ کوردن و لەبەغدادن؛ ئیتر ئەوانەی لە بەغدان"کورد"ێکی خراپن یان باشن، گرینگ نییە؛ گرینگ کوردن و پارتی و یەکێتی خۆیان ناردویانن بۆ بەغدا. کەوایە ئەمە بۆچی وشەیەکی دیکە نادۆزنەوە جگە لە "تەسلیمبوون" و "تەسلیم کردن"!

دووەم: نەک ویلایەتە یەکگرتوەکان و ئێران و بەریتانیا بەڵکو هەموو وڵاتانی جیهان لە چوارچێوەی عێراقدا هەرێمی کوردستان دەبینن.

سێهەم: کە هەرێمی کوردستان خۆی نەوت دەفرۆشی و هەر خۆت دەڵێت "هیچ داهاتێکمان دەست ناکەوێ! و هەمووی کۆمپانیاکان دەیبەن! لە چ لاپەڕەیەکی مێژوودا لە چ جوگرافیایەکدا هەیە سامانی وڵاتی خۆت بەهەرزان بفرۆشی و هەمووی هەر بۆ کۆمپانیا بیانییەکان بڕوات؟! بۆچی ئەم نەوتەی هەرێمی کوردستان بەغدا و سۆمۆ نەیفرۆشن؛ کە نرخەکەی زیاتر لە (٢٠) دۆلار گرانترە بۆ هەر بەرمیلێک؟!

چوارەم: سۆمۆ بیفرۆشێت، پاڵپشتی نێودەوڵەتی بۆ هەرێمی کوردستان زیاتر دەکات [ئەی بێگومان، چوونکە سۆمۆ متمانەی نێودەوڵەتی زیاترە لە دەڵاڵەکانی نەوت لە بەندەرەکان]، هەرێمی کوردستان دەتوانێت لە پاڵ سۆمۆ وە برەو بە دیبلۆماسییەت و هێزی ئابوریی خۆی بدات.

پێنجەم: بەدڵنیاییەوە نرخی نەوت ڕوو لە دابەزین دەکات، چوونکە گرژییە جیۆپۆڵەتییکییەکان لە ناوەند مەودادا کەمتر دەبنەوە؛ ئەگەر سبەی ئەنجامی کۆبونەوەی نێوان ترەمپ و پۆتین باش بێت؛ بەدڵنیاییەوە نرخی وزە لە بازاڕی ئابوریی جیهانیدا دادەبەزێت. لە دۆخێکی وادا هەرێمی کوردستان چی پێدەکرێت؛ (هیچ)؛ هەرێمی کوردستان نرخی بەرمیلێک نەوت (١٠٠ دۆلار) بوو کێشە ناوخۆییەکان هەر هەبوون، نەشیتوانی دامەزراوەی بەهێز لە پشت سێکتەری وزەوە درووست بکات؛ ئەگەر نرخی نەوت ببێتە پەنجا دۆلار و کێشەو تەڵەزگەو کەتنی کۆمپانیا نەوتییەکانیش هەر بەردەوام بن؛ چی پێدەکرێت؟! باشترە بەغدا نەوتی هەرێمی کوردستان بفرۆشێ؛ بەڵام هەرێمی کوردستان خۆی سەرقاڵی هەمەچەشنکردنی ئابوریی و بەهێزکردنی دامەزراوە یاسایی و ئابوریی و سیاسییەکانی بێت.

شەشەم: هەرێمی کوردستان ئەگەر بتوانێت لەگەڵ بەغدا ڕێکبکەوێت کە پرۆسە نەوتییەکانی بۆ بەڕێوەببات؛ لە هاتواهاوار و موزایەدەی هێزە بەناو ئۆپۆزسیۆنەکان و خەڵکە هەلپەرستەکانیش تاڕادەیەکی باش قوتاری دەبێت؛ نابێت بە بارمتەش بەدەست ئەو کۆمپانیا نەوتییانەی کە هێشتا بەرپرسانی هەرێم خۆیان نازانن کێ هێناونی و کێ و چۆن و بۆچی گرێبەستیان لەگەڵ کراوە؟! دەبێت کۆمپانیا فرە-ڕەگەزەکان تێبگەن ئەو سەردەمە گوزەشت کەس نەزانێ نەوتی خاو چی یەو، بەئارەزووی خۆیان مامەڵە لەگەڵ کێڵگەکان بکەن و دەست لەگەڵ ئەم دەڵاڵی کوردیی و ئەویتری بیانی تێکەڵ بکەن؛ چیتر ئەوان واریسی خەڵکی کوردستان نیین؛ قووتی خەڵک گرینگترە.

حەوتەم: هەرێمی کوردستان لە دۆخێکی وادا مووچەی مووچەخۆران و بودجەی تەشغیلیش مسۆگەر دەکات [ئیتر گرفتی ئیداریی و تەکنیکی نامێنێت]. مسۆگەری دەکات؛ چوونکە ئەگەر نەیکات ئەوکاتە ڕوون و ئاشکرا دیارە بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کە ئەوە "ئێران"ە مووچەو بودجەی خەڵکی کوردستان دەبڕێ.

ئیتر ئەمە عەیب و شوورەییەکەی لە کوێدایە کە "سۆمۆ" نەوتی کوردستان بفرۆشێت؟! بێگومان (زۆر بێگومان) لە دوو بۆ سێ ساڵی ئایندە بەغدا (عێراق بەگشتی) دەکەوێتە قەیران و خوێنبەربوونێکی دارایی بێوێنەوە؛ هەر ئاوها نابێت مانگانە (١٥) ملیۆن کەس مووچە لە کەرتی گشتی وەربگرن و، گەندەڵی بێشومار لەناو حکومەتی عێراقدا بەردەوام بێت.. وەلێ لایەنی کەم هێشتا عێراق دەوڵەتە و دەرفەتەکانیشی کەم نین؛ دەکرێت لە هێڵەگشتییەکەشدا کورد لەگەڵ بەغدا دیالۆگێکی نوێ و پارادایمێكی نوێ درووست بکەن و، پێکەوە دەرفەتەکان دوو هێندە بکەن و، گەشەیەکی ئابوریی خێراتر و ڕێڕەوێکی سیاسیی سەقامگیرتر کە دوور بێت لە ململانێی تایەفی و مەزهەبی بەرجەستە بکەن؛ کەم نیین ئەو فیگەرە سیاسییە عێراقییانەی درووست بیردەکەنەوە؛ ئەم گوتارە لەئاستی سیاسیی و کۆمەڵایەتییدا بەهێزتر بکرێت؛ لەناو شەقام و نوخبەی عێراقییدا بانگی ئەوە بدرێت کە کوردو بەغدا پێویستە یەکتر "تەبەنی" بکەن، بۆئەوەی وەرچەرخانی ئابوریی و ژینگەیی بەرجەستەبکەن، بەپێچەوانەوە وەکو ڕآبردوو سەرقاڵ بن بە یەکدییەوە؛ ئەوا وڵاتەکە وێران دەبێ و بەکەڵکی ژیان نایات.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP