لەگەڵ هەموو سەرادنێکم بۆ هەرێمى کوردستان دیاردەیەکی نوێ بەدیدەکەم و هەست دەکەم بە متمانەوە هەنگاو بەرەو پێشەوە دەنێت سەرکەوتنى زیاتر لە سەر خاکەکەى دەبینم.
پێدەچێت ئەمە بۆ ئەوە بگەڕێتەوە کە من وەک رۆژنامەنووسێکی بواری ئابووری چاودەگێڕم و هەرچییىەکى نوێ بکەوێتە بەرچاوم لای خۆم تۆمارى دەکەم، بۆ ئەوەى عێراقییەکان بیبینن و سوودیى لێوەربگرن، لەبەر ئەوەى لە یەک وڵاتدا گۆڕێنەوەى پێشکەوتن و زانیارییەکان ئاسانترن، ئەمەش وا ناکات بڵێم با سوود لە وڵاتانى دیکە وەرنەگرین، ئەو گۆڕانکارییانەى کە من لە 10 رۆژی رابردوودا تۆمارمکردوون گۆڕانکارییەکی گەورەن کە لە دواى 2003ـەوە هاتووتە پێشەوە، من لەو کاتەوە بەردەوام سەردانى هەرێمى کوردستان دەکەم، لەو بارەیەشەوە هەمیشە لە لاپەڕەى ئابوورى "رۆژنامەى سەباح" ئاماژەم پێکردووە و وەک ئەزموونێکى نوێ تۆمارمکردووە.
ئەم نموونەی پێشکەوتنە گەورەیە خۆی لە بوارى بیناسازیی و گەشەى شوێنى نیشتەجێبوون و خزمەتگوزاریی و رێکخستن و پاکوخاوێنى و بە یاسایی کردنى هەموو بوارەکان و لە دژى هەموو سەرپێچییەک دەوەستنەوە، ئەمەش ئاماژەیەکی تەواوى شارستانیەتە، نموونەیەکی وایە کە هەمووان چاوى لێبکەن، لەپێشى هەموویانەوە بابەتەکانى هاتووچۆ و رێککارە یاساییەکانى.
یەکێک لە کۆڵەکە گرنگەکانى ئەم پێشکەوتنە کە ئەمجارە باسی دەکەم بابەتى "ئاسایش"ـى و ئەمنییە ، جاران کە ئەم بابەتانەمان دەخستەبەردەست بەڕێوەبەرانى پارێزگاکان پاساوى نائارامی و ناسەقامگیریی وڵاتیان دەهێنایەوە، بەڵام ئەوەى راستییە ئەوەیە ئێستا ئارامی و سەقامگیرییەکە هەیە بەڵام ناتوانن ئەو نموونەیەى لە کوردستان هەیە بیهێننە دی.
بەڵام ئاراستەى گوتەکانى ئەمجارەم لە بارەى خۆژێنییەوەیە لەبوارى خۆراکدا و توانیویانە ئاسایشى خۆراک بۆ خۆیان دابین بکەن، ئامانجە گرنگەکەش ئەوەیە کە بتوانن لەبەردەم کێشە جیهانییەکانى خۆراکدا خۆیان رابگرن، بۆ ئەوەى چەکی خۆراک لە دژیان بەکارنەهێنرێت و بتوانن بەرگریی لە هاووڵاتییانى خۆیان بکەن.
لەم بوارەدا دەتوانین ئاماژە بە نزیکترین نموونە بکەین ئەویش جەنگى ئۆکرانیا و روسیایە کاتێک ئۆکراین دانەوێڵەى لە ئەوروپا گرتەوە خەریک بوو کارەساتى گەورە رووبدات، هەربۆیە سەرنجی من چووە سەر ئەو خۆژییەنییەى کە لە کوردستاندا هەیەو چى کاریگەرییەکى هەیە لە سەر سەقامگیریی ئەو هەرێمە.
بۆنموونە لە بوارى سەوزە و میوەو گۆشتى سوور و سپی، لەبەر ئەوەى زۆرینەى خۆیان بەرهەمی دەهێنن جیاوازییەکى زۆر هەیە لە نرخەکانیان لە چاو پارێزگاکانى تر بە ڕێژەى 25% و لەگەڵ بەغدادى پایتەختیش بەڕێژەى 35%، هەربۆیە هێزی کڕین سەرەڕای کێشە داراییەکانیان و دواکەوتنى مووچەکانیان بەردەوامە و بازاڕەکانیان نەکەوتوون لەو بوارەدا، دواکەوتنى مووچە کاریگەریی ستراتیژیی نەکردووەتە سەر کەرتى وەبەرهێنانى کشتوکاڵیی و خۆراکیی .
کاتێک بە دەشتە پان و بەرینەکانى کوردستاندا تێدەپەڕیت دەبینیت جوتیارەکان سەرقاڵی کارو پیشەى خۆیانن، پرۆژە ئاودێرییەکان لەنێو کێڵگەى بەرهەمهێنانى سەوزەکاندا کاردەکەن، هەرێمەکە پڕە لە کانیاو و سەرچاوەى ئاویی جۆراوجۆر، ئەوە جگە لەوەى بەشێکی زۆرى ناوچەکە تەرخانکراوە بۆ لەوەڕاندنی ئاژەڵ و کارگەى عەلەف و بەرهەمهێنانى گژوگیاى ئاژەڵان، لە بەشێکى تردا کارگەکانى بەهەمهێنانى شیرەمەنى و لە قوتوونانى گۆشت و مریشک و هێلکەو ئەو خواردنانەى کە ناوخۆیین و لە پێداویستى خۆیان زیاترە و هەندێک رەوانەى دەرەوەشى دەکەن بەتایبەتى بۆ وڵاتانى دراوسێ.
هەرێمی کوردستان بە بەرهەمهێنانى ناوخۆیی ناوبانگی پەیداکردووە بەتایبەتى لە بەرهەمە ستراتیژییەکانى وەک گەنم و جۆ و گەنمەشامى و بەرهەمە عەلەفییەکانى تایبەت بە ئاژەڵ و لەو بوارەشدا رێگەى بەرهەمهێنانى نوێ و سەردەمییانە بەکاردەهێنن، ئەم دیاردەیەش لە هەندێک لە پارێزگاکانى دیکەى عێراقیش بەدى دەکرێت.
ئەمە هەموو ئەو شتانە نییە کە من دەمەوێت باسیان بکەم، بەڵکو ئەم گۆشەیەى رۆژنامەکە هەر ئەوەندە رێگەدەدات، لەبەر ئەو هۆیانەى سەرەوە کە بە کورتى ئاماژەم پێکرد ناوى ئەم بابەتەم ناوە (کوردستان نموونەیەک بۆ خۆژییەنی) بەو هیوایەى هەمووان لە پارێزگاکانى دیکەى عێراق سوودی لێوەربگرن، بۆئەوەى شانازیی بکەین بە سامانە نیشتمانییەکانمانەوە و ئاسایشى خۆراک دابین بکەین بۆ ئەوەى چاومان لەسەر هاوردەکردنیان نەبێت و بگرە کار بۆ ئەوەش بکەین هەناردەى بکەین.
کورتەیەک دەربارەى نووسەر:
-یاسر ئەدیب کامیل المتولی
-ئەندامى دامەزراندنى کۆڕبەندی ئابووری عێراق.
-خاوەنى بڕوانامەى بەکالۆریۆس لە ئابووریی.
-دبلۆمی باڵا لە بوارى پلاندانانى هەرێمایەتى و گەشەپێدان لە پەیمانگاى نیشتمانى پلاندانان لە وەزارەتى پلاندانانى عێراق 1987
-سەرنووسەرى لاپەڕەى ئابووری لە رۆژنامەى -الصباح- ـى عێراقى لە نێوان 2004 تا 2016
-ئەندامى کاراى رۆژنامەنووسانى عێراق.
-ئێستا سەرنووسەرى گۆڤاری -المصارف العراقیة -یە.