+ مانگی مەی (2023)، شاعیری شۆڕشگێر و هەست ناسك و پێشمەرگەی شاخ پشكۆ نەجمەدین، چوە سەر گۆڕی بارزانی؟ بەڵام چ سوكایەتییەكی پێ كرا لە سۆسیال میدیای كوردییەوە، بەشێكی زۆر لەوانە، خۆ پشكۆیان دەناسی؟ كەچی قسە نەكراوەكە كە دەبوو نەیكەن ئەوان كردیان، تەنها لەسەر ئەوەی چۆتە سەر گۆڕی بارزانی؟ (هەر ئەوكات برادەرێكی تر چووبوو بۆ مەراسیمەكە، بەڵام خۆی نیشانی كامێرا و میدیا نەدابوو...؟!)
+ چەند ساڵ لەوەوپێش فاتیح شێخ الائیسلامی (چاوە) ڕەخنەی توندی لە مام جەلال گرتبوو، پاش دروستبوونی حیزبی كۆمۆنیست، مام جەلالی بینیبوو بە ئاسایی، بەڵام دوایی گلەیی زۆریان لێكرد؟
+ لە ساڵی (2017) عوسمانی حاجی مارف، سكرتێری حیزبی كۆمۆنیست بە دەعوەت هاتبوو بۆ مەڕاسیمێكی ڕادیۆی گەلی كوردستان، بەڵام زۆر گلەیی و ڕەخنەیان لێگرت؟
+ فەریبا محەمەدی، جێگری سكرتێری ئێستای كۆمەڵە؛ چۆتە سەر گۆڕی د. قاسملووی شەهید لە پێرلاشێز لە پاریس، سەدان سوكایەتی پێكرا، بەتایبەتی لەلایەن هاوفكرەكانی خۆیەوە.
+ مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ (2025) نووسەر و لێكۆڵەر، پێشمەرگە و شۆڕشگێڕ (فوئادی مەجید میسری) كە سەرمایەی گەورەی نیشتیمانی و نەتەوەییە، خاوەنی دەیان كتێب و لێكۆڵینەوە و شانۆ و ... تەنها لەسەر سەردانی بۆلای (مەسرور بارزانی) كە دەعوەت كرابوو" سەدان قسەی نەشیا و ناموستەهەقیان پێ وت؟
+ جارێك لەو جارانەی كە سەردانی مامۆستا عەلی باپیرم كرد، چەند كەس وتیان ئەوە چی ئەكەی لەوێ؟...
+ هەژار لەسەر نووسینی شیعر بۆ بارزانی تا ئێستاش چی پێ ناڵێن؟ هێدی هەروەها؟ ڕێبین هەردی كە چوە لای نەوشیروان مستەفا چیان پێ نەوت؟
ئەم كۆمەڵگایە. ئەم میدیایە بۆ وادەكات؟ بۆچی؟
* خۆ ئەم ڕووداوانە، ئەم سەردانانە، هیچ نیەت و مەرامێكی خراپی نەبوە، خۆ لە دژی كەس نەبوە. خۆ هیچیان خیانەت و خاك فرۆشی نەبوە. خۆ كودەتا ڕووی نەداوە. خۆ كەس نان بڕاو نەكراوە. نەكوژراوە؟ كەچی تەڕو وشك هەمووی دەسوتێنن.
* چەند ساڵ لەوەوپێش كاتێ مەزهەری خالقی گەڕایەوە بۆ ئێران و چوە سنە (كە نازانم بۆچی و لەبەرچی ئەو كارەی كردوە؟) بە منیشەوە گلەیمان زۆر لێكرد، چوون دیاربوو، چووبوو بۆ كوێ؟ (هەندێك كەس وتیان خۆ سیاسی نییە با بچێتەوە بۆ ئێران)، نا، بابەتەكە سیاسی نییە، بابەتەكە پەیوەندی بەوەوە هەیە بۆ كوێ چووی؟
* بە هەرحاڵ ئەم قسانەم بە بۆنەی چوونی ماهیر حەسەن-ەوەیە بۆلای ئیدریس نێچیرڤان بارزانی (گەر بۆچوونم جۆرێكە، بەڵام ڕووداوەكەم پێ ئاساییە، بەڵام لەگەڵ زیاد لە سنوور گەورەكردنی نیم و دواجار ماهیر حەسەن نە فوئادە، نە فاتیح-ە، نە پشكۆیە).
* چیرۆكێكی مێژوویی هەیە دەڵێ: "لە 23ی شوباتی 1996" لە پاریس لە "گۆڕستانی مەزنان" فەرشێك ڕاخراو و مەڕاسیمێكی گەورە سازكرا، خەڵكی گوڵیان هەڵدەدا و لەپێشەوەشیان (جاك شیراك) سەرۆكی فەڕەنسا.
سەرۆك سووربوو لەسەرئەوەی (پۆل ریكۆ)ی فەیلەسوف، گوتاری تایبەت بە بەڕێكردنی (ئەندرێ مالرۆ) هێمای بەرهەڵستی فەڕەنسی بخوێنێتەوە... تا مالرۆ لە گۆڕستانی مەزنان لە پاڵ (ڤۆڵتێر، ڕۆسۆ، هۆگۆ) بنێژرێت.
سەیر ئەوە بوو لەسەر سەری شیراك ئەوە نووسرابوو (بۆ پیاوێكی مەزن و وڵاتێكی منەتبار).
لە كاتێكدا مالرۆ، وەسیەتی كردبوو تەنها خانەوادەكەی ئامادەبن لە "ڤێرلۆبۆسۆن بنێژرێت، بەڵام فەڕەنسا پاش (20) ساڵ شتێكی تری بۆ كرد.
دیگۆل وتوویەتی: "مالرۆ لای ڕاستمەوە بوو".
تەمەنی (19) ساڵ بوو چوە (لاوس)، (هۆشی منە) نازناوی (ڤێت مین) پێ دا، كە دژی داگیركەری فەڕەنسی خەباتی دەكرد (دژی وڵاتەكەی خۆی) دەجەنگا بۆ پشتیوانی لە ڤێتنامییەكان؟ كاتێك ساڵی (1945) ڤێتنام سەربەخۆیی وەرگرت، مالرۆی (44) ساڵ لە تەنیشت (هۆشی منە)ەوە وەستابوو، (منە) ڕووی لە جەماوەرەكە كرد و وتی: بەناوی ئێوەوە سڵاو لەو فەڕەنسیە دەكەم بۆ ڕزگاربوون لە داگیركاری وڵاتەكەی خۆی (فەڕەنسا) یارمەتی داین.
دوای ساڵانێك لە تەنیشت ماوتسی تۆنگ وەستا.
مالرۆ زۆر گەنج بوو، چوە پاڵ شۆڕشی ڤێتنام دژی وڵاتەكەی (كەچی كەس لە فەڕەنسا پێیان نەوت خیانەتكار، بەڵكو جاك شیراك وەها وەسفی كرد، دیگۆلیشی كردی بە وەزیری ڕۆشنبیری).
من بۆ ئەم بابەتەی باسمكردوە، گلەیم زۆر نییە و چاوەڕوانی ئەوەشم لەم كۆمەڵگایە زۆر نییە هەق بڵێی و بە ویژدانانە حوكم بدات، بەڵام گلەیم ئەوەیە بۆچی دەسەڵاتی كوردی، بۆچی بەرپرسی كورد، وایان لە خۆیان كردوە؟ چوون بۆلایان و بینینیان ئەو هەموو توڕەبوون و قسەیەی لێ بكەوێتەوە؟
مالرۆ دەڵێ: "بەردەوام قسەكەی گاندیم دووبارە دەكردەوە كە دەیووت: یەزدان لە شوێنێك دەرناكەوێت ڕق و ترسی لێ بێت" (لە حزوری كتێبدا، عەلی حسێن، وەرگێڕانی: سەباح ئیسماعیل، لە بڵاوكراوەكانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم).