مانگى ئایارى ساڵى ٢٠٢٣ بوو لەگەڵ “٢٣٣”کەسى کەسوکارى قوربانیانى ئەنفالدا چووینە شارى سەماوە و قەڵاى “نوگرەسەلمان” لە باشوورى ئێراق. ڕۆیشتنەکەمان بۆ یادکردنەوەى ڕۆژى نیشتمانیى گۆڕە بەکۆمەڵەکانى ئێراق بوو کە ساڵانە ١٦ى ئایارى بۆ تەرخانکراوە. بەدرێژایى ئەو “٦٢٠” کیلۆمەترەى ڕێگا، کە لە گەرمیانەوە هەتا “بیایانەکانى عەرعەر” و “قەڵاى نوگرەسەلمان”ى خایاند، بوو بە شایەتحاڵى دەیان چیرۆکى پڕ تراژیدیا و مەرگەساتى ڕۆژگارى شاڵاوەکانى ئەنفال و بەتایبەتیش ڕۆژانى ناو زیندانى قەڵاى نوگرە سەلمان. هەموو ئەو حەشاماتەى لە کوردستانەوە بەرێکەوتبووین بۆ باشوور، شەوێک لەناو دڵى بیابانى باشوور و لەناو گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا ڕۆژمان کردەوە. من بۆ خۆم بەردەوام وەسفى ئەو شەوە بە “بینینى قیامەت” ئەکەم. ئەوەى لەو ژن و پیاو و گەنجانەى کەسوکارى قوربانیانى ئەنفالم بینى و گوێ لێ بوو، مەگەر هەر خۆیان لە ئازارەکەى و دەرد و ژانەکەى بگەن.
بۆ ڕۆژى دواتر لەگەڵ خۆرهەڵاتندا کە بەرەو “قەڵاى نوگرە سەلمان” بەڕێکەوتین و لەوێ کاتژمێر “١٠”ى بەیانى مەراسیمى یادەکە ئەنجامدرا. من “وەک ڕۆژنامەنووسێک” بە دەرفەتم زانى کونج و کەلەبەرەکانى ناو ئەو قەڵایە کە یەکێک لە گەورەترین زیندانە مەترسیدارەکانى دەسەڵاتى لەناوچووى بەعس بوو، تۆمار بکەم. لەگەڵ بەشێک لەو کەسوکارانەى ئەنفالدا کە ساڵى ١٩٨٨ لەوێ زیندانى بوون، گوێم لە چیرۆکە پڕ ئازارەکانیان بوو و تۆمارم کردن. عهجاج “عجاج احمد حردان التکریتی” ئەو کاراکتەرە ستەمکارە بوو کە بەردەوام بەسەر زارى هەموو ئەو کەسوکارانەى قوربانیانى ئەنفالەوە بوو کە چیرۆکەکانیان بۆ گێڕامەوە. منێک، دواى “٣٥” ساڵ لەئەنجامدانى تاوانى ئەنفال بە بیستنى ستەم و کارە ناپەسەند و دوور لە مرۆییەکانى “عهجاج” تەزوو بە گیانمدا دەهات، ئیتر ئەبێ بۆ خودى ئەو کەسانەى کە تاوانەکانى عهجاجیان بەرامبەر کراوە چى هەست و هەڵوێستێک بێت! فەزیڵە، یەکێک لەو ژنانە بوو کە بەشێک لە چیرۆکەکەى بۆ گێڕامەوە. ئەو، لەگەڵ دایک و برا و خوشک و کەسوکاریدا لە گەرمیانەوە ئەنفال کرابوون و ماوەى چەند مانگێک لە نوگرە سەلمان زیندانى بوو. بە وردى و لەناو هۆڵەکانى زیندانەکەدا وێناى ستەمەکەى بۆ کردم. باسى “عهجاج”ى کرد:- لەناوەراستى زیندانەکەدا شوێنێک دیارى کرابوو کە جێگاى جێبەجێکردنى سزادانەکانى عهجاج بوو. بەتایبەت ئەو کچانەى لەوێ ئەشکەنجە دەدا کە داواى کارى خراپى لەگەڵ دەکردن و ئەوان ڕەتیان دەکردەوە، بۆیە دەیهێنانە ئەو جێگایە و هەرچى جۆرە ئەشکەنجە و سزادانێکى نامرۆییانەى پەى پێدەبرد، بەسەریاندا جێبەجێى دەکرد. فەزیڵە خۆى شایەتى ئەو ڕووداوانەیە.
دەیوت:- ژوورەکەى عهجاج لە قاتى سەرەوەى قەڵاکە بوو، بەردەوام بەناو ڕاڕەو و هۆڵ و ژوورەکانى قەڵاکەدا دەگەڕا و ئازارى زیندانیکراوانى دەدا.. ئەوەى نەدەشیا، ئەو ئەنجامى دەدا. جۆرەها ستەم و ئەشکەنجەى تاقى دەکردەوە و هەوەسبازییەکانى خۆى لەگەڵ کچانى کوردى ئەنفالکراوى زیندانیکراوى ناو قەڵاکەدا بە زۆر و پیشاندانى هێز بەجێ دەهێنا! عهجاج و سەگە ڕەشەکەى نوگرە سەلمان، ئەو دوو ناوە بوون کە بەردەوام لەسەر زارى فەزیڵە و کەسوکارى ترى ئەنفالکراوانى کورد بوون.. عهجاج هەتا دەیتوانى ستەمى لە کوردانى ئەنفالکراو دەکرد، هەر کەسێک لەو زیندانیکراوانەش “گەورە، گەنج، پیر، منداڵ” کاتێک لەژێر ئازاردا، یان لە برسێتى و تینوێتیدا گیانى دەسپارد، عهجاج فەرمانى بە پیاوەکانى دەکرد بیبەنە دەرەوەى قەڵاکە و فڕێى بدەن! ئیتر دواى حەلاج، نۆرەى “سەگە ڕەشەکە” بوو کارەکانى حەلاج تەواو بکات و لاشەى ئەو شەهیدى ئەنفالکراوەى کورد لەت و پەت بکات! فەزیڵە خۆى چیرۆکى برا بچوکەکەى بۆ گێڕامەوە کە لە برسێتیدا و لەناو زیندانەکەدا گیانى سپارد و دواتر دیمەنى “سەگە ڕەشەکە”ى چاو لێبووە کە بەسەر لاشەکەوە بووە! ئەم چیرۆکانە مێژوو تۆمارى کردوون. دواى ٣٧ ساڵ لەو تاوانە و ستەم و جەبەروتانەى حەلاج، ئێستا ئیتر حەلاج دەستگیر کراوە و فەزیڵە و کەسوکارانى ترى قوربانیانى ئەنفال داویانەتە دادگا..