پێش ئەوەی هەوڵی وەڵامی پرسیارەکەم بدەمەوە، دەمەوێت ئاماژە بە زانیارییەکی تایبەت بدەم کە هێندە زانراونیە، بە تایبەت لە ناوەندە کوردییەکاندا، ئەویش ڕۆڵی جەنەڕال مایکڵ کۆریلایە. مایکڵ کۆریلا ئێستا بەرپرسی ناوەندی سینتکۆمە، کە ناوەندی گەورەی سەربازی ئەمریکیە، بەرپرسە لە ئێران و ناوچەکە.
بە دیدی ئیسرائیلیەکان ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر ئێران لە سەردەمی ئەودا گەرەنتی پشتیوانی سینتکۆم دابین دەکات. چونکە سینتکۆم بۆ نمونە لە ڕۆژانی رابوردودا گەورەترین بڕی فڕۆکەی تایبەت بە بەنزینکردن لە ئاسمان کە بە KC-135/KC-46 ناسراون هەیە.
کۆرێلا نەک هەر دۆستی ئیسرائیلە، بەڵکو هاوڕایە لەلێدانی ئێڕان، ئەم دیدە چیدی وەک جاران گەرەنتی نیە بۆ ئیسرائیلیەکان، چونکە هێزی دژ بە دیدی ئیسرائیل لە ئەمریکا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بە هێز دەبن. بۆیە ئیسرائیلیەکان دڵنیانەبوون لەوەی کە کێ جێگای دەگرێتەوە، بۆیە دەبوو پەلە بکەن لە کاتێکدا جەنەڕاڵ کۆرێلا ناوەڕاستی مانگی داهاتوو خانەنشین دەبێت.
لە هەمانکاتدا ئەوەی چاوەڕوان دەکرێت هەڵوێست و پەرجەکرداری خەڵکی ئێرانە. چونکە ئەوەی ڕوونە هەرچەندە کاریگەربیت لە کۆنتڕۆڵی ئاسماندا، ناتوانیت ڕژێم بگۆڕیت، چونکە ڕژێم لە سەر زەوییە.
ئێستا هەموو چاوەکان لە سەر ئەوەیە کە چۆن خامنەئیی بکرێت بە کەسی بەرپرس لە دۆخەکە. لەم ڕوەوە ناوەندە جیهانییەکان پشت بە ژیری دەستکرد و تیورەکانی زانستی سیاسەت لە هەوڵی ئەوەدان بزانن ئێرانیەکان چۆن ڕەفتار دەکەن و سیناریوکان چیە.
سیستەمی ئێرانی خاڵێکی بەهێزی هەیە کە ئەگەری هەیە ببێت بە خاڵی لاوازی، ئەویش ڕۆڵ و پێگەی وەلی فەقیهە، کە خامنەئییە. لەم ڕوەوە سود لە داتاکان و تیورەی کاریزما وەردەگیرێت، لە گەڵ شەرعیەتدا، بە پێی داتاکان، ناڕەزایی بەرامبەر ئەو زۆر زیادی کردوە لە پاش دەستپێکردنی هێرشەکان. بۆیە کاتێک ئەو دەبێت بە بەرپرسی کێشەکان، ئەوا دەبێت بە ڕووی سیستەمەکە و ئاسانە بۆ خەڵکی کە ناڕەزایی دەرببڕن بەرامبەری.
بە گشتی بۆ خەڵک ئاسانتر دژایەتی دەموچاوێکی ناسراو بکەن لە سیستەمێکی بێ دەموچاو.
لەم ڕوەوە بە گشتی دوو دید هەیە، یەکەم، خەڵک دەڵێن ڕژێم لاوازە، دەرفەتە، دووەم، خەڵک لە ئەنجامی بێ کاریی و بێ بەنزینی [تەنها ١٥ لیتر دەدەن] و بێ جێگایی [چۆڵکردنی تاران] و بێ نانی، ڕادەپەڕن. هەست دەکەم ئەم دیدانە سنوردارن، چونکە جۆرێک لە میکانیکیەتیان پێوە دیارە. لە کاتێکی وەهادا ئەگەری زۆرە خەڵک چاوەڕێ بکەن هێزە دەرەکیەکە کارەکەیان بۆ بکات، نەک خۆیان، چونکە ئێستا دۆخێکی ترسناکە، بەڵام لە هەمانکاتدا دۆخێکی پڕ ئومێدە، بۆیە خەڵک دەیانەوێت بژین و دونیای نوێ ببینن، نەک لە دوا ڕۆژەکاندا ژیانیان کۆتایی بێت.
وەرچەرخانی گەورە هاتنی ئەمریکایە بە فەرمی بۆ جەنگەکە و دەستەبەرکردنی فڕۆکەی بی دوو بۆ لێدانی بنکەی فەردوو.