هەوڵە بەرفراوان و هەژموونگەراییەکانى ئێران لەماوەى 46 ساڵى رابردوو لە ناوچەکەدا ، نەک هەر سەقامگیرى و متمانەى نەهێنانەیە کایەوە ، بەڵکو ئەوەى لەکردەوە و دەسەڵاتدارانى تاران بینرا ، پیادەکردنى نەخشەیەک بوو بۆ دەستبەسەرداگرتنى ناوچەکە و سەپاندنى هەژموونگەرایی و دروستکردنى هیلاێکیش بەناوى شیعى وەک سیستمى قەڵەمڕۆیی لەناوچەکەدا تاکو مەرام و نەخشەکانى بۆ بەرفراوانکردنى دەسەڵاتى بێنێتەدى .
هەرچەندە لە رابردوو وئێستا ئێران دروستکردنى مووشەکى بالستیک و وێرانکەر و ئینجا پەرەپێدانى بەرهەمێنانى وزەى ئەتۆمى وەک خۆى دەڵێت، بۆ ئاشتى و زانستى و بەرهەمهێنانى وزەى کارەبایە ، بەڵام وەک لە رابردووو ئێستاش بینرا ، بەکارهێنانى ئەو چەکە کۆمەڵکوژانە لەلایەن تارانەوە ئامانجێکى بەرفراوانتر وگشتگیرترى هەیە ، رەنگە ئەگەر بەم شێوەیەک دەستى بگاتە دروستکردنى چەکى ئەتۆمى ، وەک چۆن چەندین ساڵە هەوڵى بۆ دەدات و لەلایەن کۆمەڵگەى نێودەوڵەتیشیەوە ئەو هەوڵانەى ئێران جێگەى گومان وڕەتکراوەن ، ڕێگەپێدان بە تاران وادەکات هەڕەشە ومەترسى بکەوێتە سەر هەموو کۆمەڵگەى نێودەوڵەتی
ئەوەى لە رابردوو و ئێستاى شەڕ وململانێى ئێران وئیسرائیل دەبینرێت ، بابەتێکى تازە نییە ، چەندین ساڵە کارى لەسەرکراوە ، پێدەچێت ئەمجارە شەڕو ڕووبەڕووبوونەوەکان یەکلاکەرەوە ببێت و قەبارەى ئاڵۆزییەکان گەورەتربێت و هەرلایەکیش بێتە ناو هاوکێشەکانەوە لەگەڵ ئاگرى ئەو جەنگە دەسووتێت .
ئەوەى لەماوەى رابردوو ئێران لە ناوچەکە بەرامبەر بە وڵاتانى دراوسێى و عەرەبى و کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى کردوێتى ، هەموو پردەکانى پێش خۆى و پاش خۆى رووخاندوێتى ، بۆیە ئەوەى چاوەروانکراوە رووداو و پێشهاتەکان و ئەنجامى شەڕەکە لە بەرژوەندى ئیسرائیل وهاوپەیمانى تەواو دەبێت .
هەنگاو و پلان و ستراتیژییەکانى ئیسرائیل بۆ ئەو جەنگە ، بڕیارى کۆتاییە بەهەموو توانایەکەوە کار بۆ لاوازکردن و بەرنامەى ستراتیژى و سەربازى و ئابوورى ئێران دەکات ، پێشتریش بەربەستەکانى پێشى بە کوشتنى نەسرولا و لاوازکردنى حزبولا ، لاوازکردنى حوسییەکان و کوشتنى ئیسمائیل هەنییە و لاوازکردنى حەماس و ئینجا لەناوبردنى ڕژێمى ئەسەد ، ئەوەش هەمووئەمانە لاسەنگى هێزى لە گشت ڕوویەکەوە بە قازانج و لە بەرژوەندى ئیسرائیل بەرامبەر ئیران شکاندەوە ، ئەوەى ئێستا ئیسرائیل ئامانجێتى لەناوبردنى تەواو دامەزراوە سەربازى و ئەمنى و وزەى و ئابوورییە و لەهەمانکاتیشدا پشتیوانیکردنە لە سەرهەڵدانى گەلانى ئێران بۆ گۆڕینى سیستمى سیاسى .
رووداووپێشهاتەکانى ناوچەکە وجیهان هیچ کامیان لە بەرژوەندى ئێران نین ، بە تایبەت ئەو جەمسەرى رووسیا چەند ساڵێکە گیرۆدەى شەڕى ئۆکراینا بووە ، هەروەها وڵاتێکى وەک چین لە پێناو بەرژوەندییە ئابوورییەکانى و بەتایبەتى ڕێککەوتن و گڕێبەستێکى گەورەى لەگەڵ ئەمەریکا و ئینجا سەردانى ئەم دواییەى ترەمپ بۆ هەریەک لە وڵاتانى سعودیە و ئیمارات و قەتەر و ڕێککەوتنى گەورە لەبوارى ئابووری و وزەدا و ئینجا سەردانى مەسروور بارزانى ،سەرۆکى حکوومەتى کوردستان و گڕێبەست وڕێککەوتنى ستراتیژى لەگەڵ دوو کۆمپانیایی دیار و گەورەى ئەمەریکا بەهاى زیاتر لە 100 ملیارد دۆلار ، چیتر تاران و بەغداش جێگەى گرنگى و بایەخى ئەمەریکا و زڵهێزانى دیکەى جیهان نابن .
بەڵگەى روونیش بۆ هەموو ئەمانە ئەوەیە ، لەماوەى دەستپێکى هێرشى ئیسرائیل بۆ سەر ئێران ، تێڵ ئاڤیڤ توانیوێتى هەموو ئامانجە سەربازى و هەواڵگرییەکانى بپێکێت ، کوشتى چەندین سەرکردەى سەربازى ناودار و ئینجا پسپۆرى زاناى ئەتۆم و دەزگە هەواڵگرى و ژێر خانى تەنکۆلۆژی سەربازى و شوێنە ئابوورى و پاڵاوتگە و دامەزراوە ستراتیژییەکانى ئەو وڵاتە ئاماژەیەکى روونن ، لە بەرامبەر ئێران تەنها توانیوێتى خەڵکى سڤیڵ بکوژێت و چەند باڵەخانەیەک بە مووشەکانى خاپوور بکات ، تا ئێستا نەیتوانیووە هیچ بەرژوەندییەکى سەربازى و مووشەکى وئەتۆمى ئیسرائیل لەناوببات .
ئەوەى لە رۆژانى داهاتووى شەڕى ئێران و ئیسرائیل چاوەروان دەکرێت ، بەرفراونبوونى شەڕەکەى لایەن ئێرانەوە و هێرشکردنە بۆ سەر ئەمەریکا وهاوپەیمانانى و بەرژوەندییەکانیان لە ناوچەکەدا ، ئەمەش وادەکات، ئێران زیاتر بەرەو لاوازى و گۆشەگیربوون و هەرەسهێنان ببات و چارەنووسى بەرەو ئاقارێکى نادیار و تاریک دەبات .