دواین هەواڵ

پاراستنی كوردستان لە پرشكی شەڕ بەرپرسیارییەكی نیشتمانییە

‌د.کاوە مەحمود

20 کاتژمێر پێش ئێستا

دەستپێكی شەڕ لە نێوان ئیسرائیل ‌و ئێراندا مەترسییەكی دیكەی نوێیە لە ڵاپەڕەی كێشە ‌و قەیرانە ئاڵۆزە كەڵەكەبووەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، كە دەوڵەتانی ناوچەكە ‌و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەیان ساڵە لە چارەسەركردنیدا شكستیانهێناوە.

لە دوای حەوتی ئۆكتۆبەری 2024 ‌و ڕووداوەكانی غەززە، ناكۆكی ‌و ململانێ، ناوچەكە گۆڕانكاری چلۆنایەتی نوێی بەخۆوە بینی ‌و سەرجەم ئەو بابەتانەی ناونرا بە یاساكانی پێكدادان، كە پێشتر لە ململانێكاندا كاری پێدەكرا گۆڕانكاری بەسەرداهات ‌و پەیتا پەیتا گۆڕانكارییەكان بە كۆتاییهاتنی دەسەڵات ‌و هەژموونی حەماس‌ و حزب الله ‌و ڕوخاندنی ڕژێمی ئەسەد لە سوریا‌ و پەرشوبڵاوكردنەوەی هیلالی شیعی كۆتاییهات.

دەستپێكی شەڕ لەنێوان ئیسرائیل ‌و ئێراندا بەشێكی دیكەی تەواوكەری زنجیرەی ئەو ڕووداوانەیە، كە لە دوای حەوتی ئۆكتۆبەرەوە دەستیپێكردووە ‌و لە ڕێگای هێز‌ و توندوتیژییەوە كار بۆ ئاڵوگۆڕكردن لە نەخشەی سیاسی‌ و گۆڕانكاری لە تەرازووی هێزەكان ‌و هەژموونی جەمسەرەكان لە ناوچەكەدا دەكرێت.

پەنابردنە بەر ڕێگای شەڕ‌ و توندوتیژی، ڕاكردنە لە دەستنیشانكردنی كڕۆكی ڕاستەقینەی كێشە‌ و گرفتەكان ‌و هەنگاوە بۆ چارەسەركردنی قەیران بە قەیرانێكی دیكە، كە هەردەم لە بەرژەوەندی گەلان ‌و بابەتی بەیەكەوەژیان ‌و پاراستنی ئاسایشی گشتی ناوچەكە ‌و ئەنجامدانی گەشەپێداندا نەبووە. هاوكات لەگەڵ شەڕدا گوتاری شۆڤینیستی ‌و ڕق‌ و نەهێشتنی بەرامبەر بەرپابووە‌ و هاوكاتیش ئازادییەكان ‌و دیموكراسی‌ و مافی مرۆڤ ‌و مافی گەلان قوربانی سەرەكی شەڕ بوونە.

ئەزموونی كەڵەكەبووی تێكۆشانی گەلان لە پێناوی پاراستنی سەربەخۆیی بڕیاری سیاسی‌ و نەهێشتنی مەترسی لەسەر نیشتمان ‌و پاراستنی سەروەری هەر وڵاتێك ‌و بەرپەرچدانەوەی نەخشە‌ و پلان ‌و دەستێوەردانی دەرەكی و بە فراوانكردنی ئازادییەكانی خەڵك ‌و ڕێزگرتنی دیموكراسی ‌و مافی مرۆڤ  لە ناوخۆی ئەو وڵاتە دەبێت.

لە نێوان شەڕ‌ و ئاشتیدا بۆ یەكلاكردنەوەی كێشەكان بژاردەی حزبمان هەردەم ئاشتی ‌و پاراستنی بەرژەوەندییەكانی خەڵكی زەحمەتكێشە‌ و لەم ڕوانگەیەشەوە گرنگە هەرێمی كوردستان هەردەم جەخت لەسەر بژاردەی ئاشتی بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی ناوچەكە بكات ‌و هەوڵەكانی بۆ پاراستنی كوردستان ‌و تەواوی عێڕاق بێت لە پرشكی شەڕێك ئەگەری جیاواز ‌و كراوەیی لێدەبێتەوە.

ئەم ئاراستەیە پێویستی بە هەڵوێستی یەكگرتووی حكومەتی هەرێمی كوردستانە، نەك هەر حزبێك لە چوارچێوەی بەرژەوەندییەكی دیاریكراوی بەرتەسكدا هەڵوێستی جیاواز وەرگرێت ‌و ڕاگەیاندن ‌و گوتاری جیاواز بۆ ڕازیكردنی ئەم ‌و ئەو بدات‌ بێ ئەوەی هەست بكات خۆی لە گێژاوی ململانێیەكدا ببینێتەوە، كە لە كۆتاییدا بە زیان بۆ دۆزی ڕەوای گەلی كوردستان بگەڕێتەوە.

لە كاتێكدا ئەگەرەكانی شەڕ بە نیسبەت لایەنەكانەوە بەكراوەیی نێوان ئیحتواكردن (مهار) یان هەڵەوەشاندنەوەیە، گرنگە هەرێمی كوردستان واقیعبینانە بەدواچوونی بەردەوام‌ و وردی ڕووداوەكان بكات ‌و جەخت لەسەر گوتاری ئاشتی بكاتەوە ‌و كار بكات پرشكی شەڕ كوردستان نەگرێتەوە.

كاركردن بۆ ئەنجامدانی ئەم ئەركە پێویستی بە پەلەكردن لە دامەزراندنی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم ‌و كاراكردنی پەرلەمان ‌و بوونی یەك سیاسەتی دەرەكی كوردستانی هەیە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP