دواین هەواڵ

سووریا لەبەردەم ئەگەری شەڕی ناوخۆو دووبارە کردنەوەی ئەزموونی عێراق؟

‌ئەبوبەكر كاروانی

11 کاتژمێر پێش ئێستا

سووریاو عێراق هاوبەشی نێوانیان زۆرە، هەردووکیان دوو وڵاتی، فرەپێکهاتەو زۆرینە عەرەبی، دووقەڵای شکستخواردووی ناسیۆنالیزمی عەرەبی وحوکمکراو بۆماوەیەکی زۆر لەلایەن حیزبی بەعسەوە، دوو قەوارەی ساختەی چوارچێوەی سایکس بیکۆوو هەژار لەرووی بوونیادی بوون بەدەوڵەتەوە، هەروەها دووچار بوو بە جەنگی ناوخۆو تاراددەیەکی بەرچاو چوونە ناوچوارچێوەی ئەوەی لەئەدەبیاتی سیاسیدا بەدەوڵەتی شکستخواردوو ناوبراوە.ئەمەجگە لەلاوازبوونی سەرەوەری و بوونی دەستێوەردانی هەرێمی ونێودەوڵەتی جۆراوجۆرو گۆڕان بەگۆڕەپانێکی خوێناوی بۆ جەنگی بەوەکالەت وپاکتاوکردنی کەین وبەینەکان لەگەڵ یەکتردا.

ئەوەی بەرێژەیی تیایدا جیاوازبوون شێوازی گۆڕینی رژێمی دیکتاتۆری هەردوو وڵات ورووخاندنیان بوو. لەعێراق بەدەستێوەردانی سەربازی دەرەکی ولەسووریا بەهۆی هێزی ناوخۆیی وپشتیوانی ناراستەوخۆی هەرێمی ونێو دەوڵەتی بوو.

ئەم لێکچوونانەو هەندێ دەرهاویشتەی دۆخی عێراق لەوانەش بەدەستووریکردنی واقیعی هەرێمی کوردستان، پشکپشکێنەو جەنگی تایەفی ودرێژەکێشانی دەستێوەردانی دەرەکی لەگەڵ هەندێ بەرەنجامگیری لە شکست وپاشەکشەی شۆڕش ونیمچە شۆڕشەکانی بەهاری عەرەبی، وایان لەکاربەدەستانی نوێی دیمەشق وراستر ئەوعەقڵە هەرێمایەتیەی لەپشتیانەوە نەخشەداڕێژەرو ئاراستەکەرەکرد،هەوڵدەن بەجۆرێك پرۆسەی گۆڕانکاری ودەرهاویشتەکانی رژێم بەڕێوەبەرن، دۆخی سووریا لەدەرهاویشتە نەخوازراوەکانی رووخانی ڕژێم لەعێراق ئەزموونی پاشکشەی شۆڕشەکانی ناوچەکە بپارێزن.

بۆئەم مەبەستە هەوڵیاندا هێزەکان خۆلەتۆڵەکردنەوە بپارێزن، دیسپلینێکی بەرز لەخۆیان نیشاندەن، دام ودەزگاکانی دەوڵەت هەرەس نەهێنن، واتە هاوشێوەی عێراق ڕووخان ڕژێم یەکسان نەبێت بە ڕووخان و داتەینی دەوڵەت. دیاردەی میلیشیاگەری سنوورداربکەن ولەچوارچێوەیەکی هاوبەشدا بەناوی سووپای نیشتیمانییەوە کۆیانبکەنەوە، بەروواڵەت گفتوگۆیەکی نیشتیمانیی ڕێکبخەن. دووسێ هەنگاویتری زەقی تریش کەتیایدا کورد وهەندێ پێکهاتە تیایدا بەئامانج گیرابوون،هەروەها بۆئەوەی رێبگرن دەسەڵاتدارە تازەکان هاوشێوەی میسرو تونس وهەندێ شوێنیتر ببنە قوربانی قۆناغی ڕاگوزەری ودەسەڵات لەدەست بدەن و قۆناێکی ڕاگوزەری نوێ دوای ئەوان دەستپێبکات، بەوێنەی عێراقیش پشکپشکێنە دەسەڵات دابەش وپەکنەخات وپاساو بۆ دەستێوەردانی دەرەکی زۆرتر نەکات، لاوازی سەرەتاو ناهاوسەنگی هێزو چەکی کوردی وبوونی هێزی دەرەکیش کارێك نەکەن هەرێمی دووەمی کوردیی لەسووریا بەناچاریی بەدەستووریی بکەن، پەنایان بردە بەر درێژکردنەوەی کاتی قۆناغی ڕاگوزەری ودوورخستنەوەی لەململانێ وهەڵبژاردن، پەسندکردنی راگەیاندنێکی دەستووری لەجیاتی دەستوور، بۆئەوەی کورد وهەندێ هێزیتر رۆڵیان لەنووسینەوەیدا گەورە نەبێت، دەرهاویشتەکانی نەبێتە دووبارە خۆرێکخستنەوەی پاشماوەکانی رژێمی پێشوو، لەگەڵ ئەوەی دۆخ وسیستمی نوێ، بەناوی ناسنامەیەکی نیشتیمان یەکگرتوو مامەڵەکردن بەگوێرەی سەرەتای هاوڵاتێتی یەکسان، پێکهاتەکانیان پشت گوێ خست!

بەڵام ئایە هەموو ئەمانە دەبنەهۆی ئەوەی دۆخی سوریا هەمان چارەنووسی عێراقی دووای گۆڕان وچارەنووسی هەندێ لەشۆڕشەکانی ناوچەکەی نەێت بەبروای ئێمە نەخێر.

ئەویش لەسۆنگەی چەندین هۆکاری جۆراوجۆرەوە لەوانەش:

. ناسنامەی ئایدۆلۆژی وسیاسی نوخبە دەسەڵاتدارە نوێکە کەکەبشێ لەهۆکارەکانی تریش دەرهاویشتەی ئەم هۆکارەن

. قووڵی ئاستی تاوان و خوێنڕێژی کاولکارییەکانی رژێمی پێشوو دەرهاویشتە دەروونی، سیاسی، ئابووری، وکۆمەڵایەت وتایەفییەکانی

.داڕووخاوی باری ئابووری وخراپی گوزەرانی خەڵك بەجۆرێك نزیکەی لەسەدا ٩٠/ سوورییەکان لەژێر هێڵی هەژارییەوە دەژین وئەوەش دۆخێکی لەبارە بۆ تەشەنەکردنی تووندرەوی، درووستبوونی باندی مافیاو تاوانکاری، کرینی خەڵك بۆ تێکدانی سەقامگیری وکارکردن بەئاراستەی تەقاندنەوەی ناکۆکییەکان وچوونە نێو بازنەی شەری نێوخۆ.

. دەستێوەردانی دەرەکی وبوونی ئامانجی دژ بەیەك وهەندێجاریش هاوپەیمانی بەکردەوەو مەیدانی دوژمنەکان. بۆنموونە تورکەکان سوریایەکیان دەوێت بەگوێرەی سکێچی خۆیان، سعودییەو ئیممارات گەریش گەرلەهەندێ خاڵیشدا لەگەڵ تورکیا یەکبگرنەوە لەچەندینی تردا ناکۆکن، لە ڕووی ئامانجە ستراتیژە دوورمەوداکانیشەوە لێکدی جیاوازن.

. درێژەکێشانی کۆڵی قوورسی سزاکانی سەرڕژێمی پێشوو بەستنەوەی هەڵگرتن و سووککردنی بەچەندین مەرجەوە کەهەموویان ئاسان نین، ئەوەش کارێکی کردووە دەستی دەسەڵاتدارە نوێکان وهاوپەیمانان ببەسترێت بۆ دووبارە ئاوەدانکردنەوە، باشترکردنی دۆخی خراپی ئابووری وبژێوی خەڵك وخزمەتە سەرەتاییەکان.

. هاوکاتبوونی گۆڕانکاری لەسووریا لەگەڵ جەنگ و واقیع دووای حەوتی ئۆکتۆبەر، ئەوەش وایکردووە ئیسرائیل لەئاستێکی بەربڵاودا تێکەڵ بەدۆسێی سووریابکات وکێشەی قووڵو گەورە بۆ ڕژێمی نوێ وهاوپەیمانەکانیشی درووست دەکەن.

. دووژمنایەتیکردنی بەرەی بەرەنگاری ناوچەکە بەڕێبەرایەتی کۆماری ئیسلامی ئێران، بۆ دەسەڵاتدارە نوێکان و هەوڵدان بۆ تۆڵەلێکردنەوەو شکستپێهێنانیان کەلەوروەوە خاوەنی ئەزموونێکی زۆرن.

.قانگدراوی دۆخەکە بەهەستی تایەفەگەریی، بێمتمانەیی بەشێ لە پێکهاتەکان وترسانیان لەچارەنووس وئایندەیان، کۆمەڵکوژیی بەشێ عەلەوییەکان و راگەیاندنە دەستوورییەکەو مامەڵەنەکردن لەگەڵ نووێنەری سیاسیی پێکهاتەکان وهەوڵدان بۆ تێپەڕاندنیشیان بێمتمانەیی وترسەکەی قووڵتر کردۆتەوە. وێناکردنی عەلەوییەکانیش وەك لێپرسراو لەتاوانەکانی رژێمی پێشوو لای خەڵکێکی زۆری زۆرینەی تایەفی ودرووزەکان وەك مەقاشی ئیسرائیل وکوردیش وەك جیاخوازو هێزێکی لەمەڵاسدابوو بۆپارچەپارچەکردنی سووریا، وێنای ناسنمایەکی نیشتیمانیی سووری هێندەیتر زەحمەتتر دەکات.

لێرەوە سووریا هیچ پارێزبەندییەکی ماددی ومەعنەوی بەێزو ڕاستەقینەی نییە بۆ خۆبەدوورگرتن لە جەنگی ناوخۆو تەقینەوەی خوێناوی ناکۆکییەکان، باسکردن لەهێنانە دەرەوەی تەرمی حافزئەسەدوو سووکایەتیپێکردنی لەلایەن کەسانی نەناسراو، سووکایەتی یەکێ لەدرووزەکان بەپێغەمبەر(دخ) و هووتافی جیهاد کێشان وپرکردنی سۆشیال میدیا لە رق ویەکتر شکاندنی تایەفی ومەزهەبی ونەتەوەیی وسیاسی لەلایەن سوورییەکان خۆیان و سەدان پەیجی دام ودەزگای هەواڵگرییە دەرەکییەکان کەکار لەسەرتێکدانی دۆخەکەو تەقاندنەوەی گەرێکی تری جەنگیناوخۆ لەووڵاتەدا دەکەن، هاوشێوەی تەقاندنەوەیمەزاری شیعەکان لەسامەراو هەنگاوە تەواوکەرەکانییەتی کەلە٢٠٠٦ دا بڵێسەی جەنگی ناوخۆی عێراقیان تاوودا. ئەگەر ئەوەش روویدا ئەوکاتە پرسیار دەکەوێتە سەرئایندەی سووریا وەك قەوارەیەکی یەکگرتوو، ئەوانەی ئێستاش دژی فیدراڵییەتن، دەبێت مەمنوون بن بەمانەوەی قەوارەکە بەشێوەی فیدراڵی. گەرچی ئەوەش چارەسەری ئەوبرینە قووڵەناکات کەلەدۆخێکی وێناکراوی لەوجۆرە دەکەوێتەوە. بەوەش ناتوانێت

هاوشێوەی عێراقی ئێستا بێت.

چوونکە لانی کەم عێراقییەکان لەسەر دەستورو سیستمێك بەنیوە ناچڵیش بێت رێککەوتبوون، ئەمریکاو خۆرئاواو کۆماری ئیسلامی ئێرانیش بەدیوێکدا پشتی ڕژێمی نوێیان دەگرت وکوردیش بەشێك نەبوو لەشەرەکەو رۆڵی پارسەنگ وناوبژیوانی دەگێڕا.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP