دواین هەواڵ

نەوتی هەرێم و ئۆپۆزسیۆنی ئێران!

‌دڵشاد ئەنوەر

14 کاتژمێر پێش ئێستا

ئەمڕۆ ئاژانسەکان بڵاویانکردەوە، ئەمەریکا فشاری خستووەتە سەر حکومەتی عێراق بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێم.

هاوکات هەواڵی هەڕەشەکانی ئێرانیش لە عێراق و هەرێمی کوردستان سەبارەت بە حزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات بڵاوکرایەوە، کە دەکرێت بڵێین؛ ئەم دوو دۆسیە تاڕادەیەک گرێدراوی یەکترین.

لەناو ئیدارەی ئەمەریکا تاوتوێی چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران گەرمە، ئیسرائیل و لۆبییەکانی پشتگیری لێدان لە ئێران دەکەن، بەڵام ڕایەکی تر هەیە لەگەڵ ئابڵوقەدانی توندی ئێراندایە تا ئەوکاتەی هەموو مەرجەکان قەبوڵ دەکات.

ئەو ڕایەی لەگەڵ ئابڵوقەدانی ئێراندایە نایەوێت بەتەنها دانوستان لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی بکات هاوشێوەی سەردەمی ئۆباما، بەڵکو گروپەچەکدارەکانی نزیک لە ئێران و دۆسیەی ئەتۆم و زۆر پرسی تری پێکەوە گرێداوەو دەیەوێ وەکو یەک پاکێج مامەڵەی لەگەڵ بکات، بەپێچەوانەوە ئابڵوقەکانی سەری توندتر دەکرێتەوە.

لەحاڵەتی توندکردنەوەی ئابڵوقەکانی سەر ئێران راستەوخۆ عێراق گرفتارو دەردەدار دەبێت، نابێت غازو کارەباو ئاڵۆگۆڕی بازرگانی بەردەوامی پێبدات لەگەڵ ئێران، لەمەشدا ئێران زیانی قەبەی ئابوری دەکات و بەرامبەر عێراق دەستەوەستان نابێت.

دەبێت عێراق سەرجەم پەیوەندییە بازرگانی، سیاسی، ئابوری و ئەمنییەکان لەگەڵ ئێران بپچڕێنێت، لێرەدا عێراق گرفتی گەورەی بۆ دروست دەبێت و هەوڵدەدەم لە وتارێکی تردا ئاماژەی پێبکەم.

ئەسڵی مەقسەد، ئەمەریکا دەیەوێ نەوتی هەرێم بەفەرمی هەناردە بکرێتەوە ئەمەش وەکو ئامادەکاری بۆ توندکردنەوەی ئابڵوقەکانی سەر ئێران.

هەڕەشەی ئێرانیش لە حزبە کوردییەکانی رۆژهەڵات لەوەوە سەرچاوە دەگرێت، لەقاڵبدانی ئەو حزبانە بەشێکە لە ڕێککەوتنی ئەمنی نێوان عێراق و ئێران.

ئێران ترسی لە زیندوو بوونەوەو جوڵەی ئەو حزبانە هەیە لەکاتی توندکردنەوەی ئابڵوقەکانی سەری و ناچارکردنی عێراق لەلایەن ئەمەریکاوە بۆ پەکخستنی رێککەوتنامەی ئەمنی نێوانیانیان.

وەلحاڵ، چوار ساڵی قورس بۆ ئێران بەڕێگەوەیە، یان دانوستان و ڕازیبوون بەهەموو مەرجەکان،کەئەمە بۆ ئێران زۆر زەحمەتە، یان لێدان وئابڵوقەی توند.

گەورەترین گرفتی ئێران ئەوەیە کۆمارییەکان کۆنگرس و سیناتیشیان بەدەستەوەیە، ڕەنگە ئێران گرەو لەسەر کات بکات تا دوو ساڵی تر بۆ ئەوەی دیموکراتەکان کۆنگرس بگرنەوە دەست، بەڵام رکابەرەکانیشی دەیانەوێ سود لەکات ببینن.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP