دواین هەواڵ

هەولێر بکەینە دەوحەیەک بۆ چارەسەری ئاشتیانە

‌فەرەیدوون پەروازە

23 کاتژمێر پێش ئێستا

وڵاتی قەتەر بە رووبەری 11586ک م چوارگۆشە و 2600000 حەشیمەتی خۆجێیی و کۆچبەر، بێجگە لەوەیکە وەک چوارەمیین گەورە ئابووری جیهان دەرکەوتووە، بووە بە سکۆی کۆنسێرتی سیاسی وڵاتان و پێتەختی ئاشتی و رێکەوتنەکان. لەم لاتر شاری هەولێر پێتەختی هەرێمی کوردستان وپاتۆقی ئەمنی وڵاتان لە کاتی سەرهەڵدانی سپای ئەهریمەنی و تۆقێنەری داعشدا، لە راستییدا هەموو پوتانسێلەکانی هەبوون بە پێتەختی ئاشتی، رێکەوتن و دیپلۆماسییەت بە شێوازی مۆدێرن تێدا بەدی دەکرێ. 

گەرچی هەولێر لە باری ماڵییەوە وەک دەوحە دەوڵەمەند نیە و هەروەها بەشێکی زۆر لە دەسەڵاتی سیاسی(زۆنی سەوز ) لە ژێر کونترۆڵ و چەتری هەولێردا نیە بەڵام بەو حاڵەش هەم وەک هەرێم و بە تایبەتی وەکوو هەوڵێر سەلماندوویەتی کە ئەگەر زلهێزانی دراوسێ بهێڵن دەتوانێ سەری لە ناو سەراندا دیار بێت.

دیموکراسی وەکوو چەمک و دیارییەک بۆ رۆژهەڵاتی ناوەراست، تەنیا لە لایەن گەل و نەتەوەیەکەوە دەتوانرێ گەشە و پەرەی پێبدرێت کە خاوەن رابردووی درەوشاوە و رووناک بێت و هیچ خاڵێکی رەش لە ژیانی سیاسییدا نەبێت. بژاردە و کاندیدی نوێنەرایەتی و پەرەپێدەری چەمکگەلی دیموکراسی و ئاشیخوازی لە رۆژهەڵاتی نوێدا تەنیا دەتوانێ گەلی چەوساوەی کورد بێت.

قەتەر و عەرەبستان گەرچی لە چاو وڵاتانی عەرەبی هەنگاوی بۆ مۆدیرنیزاسیۆن، ئاشتەوایی و ئاسایشی ناوچەیی هەڵگرتووە بەڵام بەو هۆیەوە کە هەر دوو وڵات بە جۆرێک پشتیوان و داژداری دوو رەوتی ئیسلامی سیاسی ئیخوان و سەلەفێتن ناتوانن بە شێوازی درێژمەودا، دەمراستی و پاڵپشتی هزری مۆدێرن بن

ئاسایش و سەقامگیری لە هەرێمی کوردستان بێجگە لەوەیکە هەولێر دەکاتە پێتەختی سیاسی، لە بوارەکانی ئابووری، کلتووری، زانستی، وەرزشی و ،،، ساڵانە بە چەندین فیستیواڵ و کۆڕبەند لە ئاستی جیهانی و ناوچەیی تێدا بەرێوە دەچێت.

گەورە بوونەوەی هەولێر بچووک بوونەوەی بەغدا بەدواوەیە هەر بۆیە  رێگای دژوار و پڕ لە کەند  و کۆسپی  سەربەخۆیی بە ناساندن و بەجیهانیکردنی هەولێر، هەموار دەبێت.

کاتێک هەولێر ببێتە پێتەختی سیاسی و کلتووری ناوچەیی بێجگە لە گەشەی کەرتی گەشتیاری، سەرنجی سەرمایەدانەرەکان بۆ هەرێمی کوردستان رادەکێشێ.

بە گەورە کردنی هەولێر هەموو شار و ناوچەکانی کوردستان هەڵدەکشێن و لە ئاکامدا لێک نزیکبوونەوە و درووستبوونی دەسەڵاتێکی تۆکمە و یەکگرتوو مسۆگەر دەبێت.

سەرئەنجامی باس ئەوەیە کە هەولێر ئیستە لە بەردەم ئەزموون و تاقیکارییەکی گرنگ و هەستیار دایە. مامەڵەی سەردەمیانە و پێشکەوتن لە پرۆسەی ئاشتی  تورکیادا بێجگە لەوەی پێگەی سیاسی هەولێر بەهێزتر دەکات قامیشڵو  و دیاربەکریش دەکاتە دەستە خوشکی خۆی و لە ئاکامدا پرۆسەی دیموکراتیزاسیۆن کردنی رۆژهەڵاتی ناوەراست لە کوردستانەوە وەکوو دیاری و وێژمانی کوردی ناوچەکە دەتەنێتەوە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP