دواین هەواڵ

هەڵسەنگاندنی سەردانەکەی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی بۆ کۆڕبەندنی ئاسایشی میونشن

‌زوبێر ڕەسووڵ

2 رۆژ پێش ئێستا

پێشەکی

دیدار و کۆڕبەندە نێودەوڵەتییەکانی وەک کۆنفرانسی میونشن و کۆڕبەندی داڤۆس، ئەنتاڵیا و…، سەکۆیەکی گرنگن بۆ گفتوگۆگردن لەگەڵ کاراکتەرە سەرەکییەکانی وڵاتان و داڕێژەرانی بڕیاری سیاسی لە ناوچەکە و جیهاندا؛ بەتایبەت بۆ قەوارەیەکی وەک هەرێمی کوردستان ئەو دیدارنە زۆرتریش پێویستن، چونکە هەرێمی کوردستان تا ئاستێکی زۆر لە ڕووی سیاسی، ئابووری و مۆڕاڵییەوە پشت بە پاڵپشتیی نێودەوڵەتی دەبەستێت. هەرێمی کوردستان لە ڕووی دیپلۆماسییەوە پێویستیی بە ئامادەبوون لە سیاسەتی نێودەوڵەتی و ناوچەییدا هەیە. ئەم دیدارانەی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن هەموو ئەو ئامانجانەی پێکا کە هەرێمێکی نادەوڵەتیی وەک هەرێمی کوردستان دەتوانێت بیکات؛  بەتایبەت کە ئێمە وەک هەرێمی کوردستان لە ڕووی دەستووری و باڵادەستیی سیاسییشەوە ئەو ڕێگەیەمان پێ نەدراوە کە هاوشێوەی دەوڵەتێک لە ئاستی نێودەوڵەتیدا جووڵە و چالاکیی دیپلۆماسی و ئابووری بكەین.

بەشداریی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە (٦١)ەمین کۆنفرانسی میونشن و ئەنجامدانی زیاتر لە ٣٠ کۆبوونەوە و دیداری جیاواز لە ئاستی وڵاتانی زلهێز و هەرێمی و ناوەندە ئاسایشییەکان، دەتوانێت لە ئێستا و ئاییندەیشدا کاریگەریی بەرچاوی لەسەر پێگەی هەرێمی کوردستان هەبێت، کە دەتوانین لەو چەند ئاستەی خوارەوەدا بیانخەینە ڕوو:

١. لە بواری پەیوەندیی نێودەوڵەتی و دیپلۆماسی

   – پێشخستنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان: بەشداریکردن لە کۆنفرانسە نێودەوڵەتییەکان و کۆڕبەندە جیهانییەکان شان بە شانی دەوڵەت و هێزە گەورە و هەرێمییەکان، دەتوانێت پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی جیهان بەهێزتر بکات و ڕۆڵی هەرێم وەک یەکەیەکی سیاسی و ئابووری لە سیستەمی نێودەوڵەتیدا بپارێزێت. لە ئاستی دیپلۆماسی، پێشوازیی نێودەوڵەتی و مامەڵەی هێزە سیاسییەکانی جیهان هەمیشە گرنگە بۆ ئەوەی لە سیستەمی هەرێمیدا وڵاتان حسابت بۆ بکەن، چونکە مامەڵەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەگەڵ هەرێمی کوردستان ڕەنگدانەوەی زۆری دەبێت لەسەر مامەڵەی هێزەکانی تری ناوچەکەیش لە مامەڵەکردن لەگەڵ هەرێمی کوردستان. سەرۆکی هەرێم هەمیشە گرنگی بەو بوارانە دەدات و ئامانجی ئەوەیە هەرێمی کوردستان پێگە و ڕۆڵی سیاسیی لە ئاستی دەوڵەتاندا بمێنێتەوە.  

   – پشتگیریی نێودەوڵەتی: ئەم کۆبوونەوانە دەرفەتێکن بۆ بەدەستهێنانی پشتگیریی نێودەوڵەتی بۆ مافەکانی کورد و پێویستییەکانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەت لە بواری ئاسایش و گەشەپێدانی ئابووری. بانگهێشتی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ ئەوەی بێتە عێراق بۆ بەشداریكردن لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی کونسوڵخانەی نوێی ئەمریکا لە هەولێر، هەروەها دیدار لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی بریتانیا، فەڕەنسا، تورکیا و سووریا، سەرۆکی بولگاریا، سەرۆکوەزیرانەکانی هۆڵەندا و ئەرمینیا، سکرتێری گشتیی ناتۆ و ژمارەیەک بەرپرسی دیکە، هەمووی دەچێتە ئەو چوارچێوەیەوە. ئینجا لە هەموویشی گرنگتر ئەو پشتگیرییە تەنیا بۆ هەرێمی کوردستان نەبووە بەڵکوو بۆ بەشەکانی تری کوردستانیش بووە، بەتایبەت ئەمساڵ سەرۆکی هەرێم  چاوی لەسەر ڕۆژاوای کوردستان و باکووری کوردستانیش بوو و، بەئاشکرا وتی “کاری لەپێشینەی ئێمە لە سووریا ئەوە بووە چۆن برایانمان لەوێ بپارێزین. لەوەیشدا سەرکەوتوو بووین. تورکیاش لەوەدا یارمەتیدەر بووە.”

بە هەمان شێوەی پرسی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا، ئەمانە لە ڕاستیدا پێشڤەچوونی گرنگن لە ئاستی دیپلۆماسیدا، کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە میونشن پرسی بەشەکانی تری کوردستانیش بخاتە ئەجێندای خۆیەوە. ئەمە نێچیرڤان بارزانی داهێنەری ئەو دیپلۆماسییەتە بووە. بە واتایەکی تر سەرۆک نێچیرڤان بارزانی دەیەوێت هەرێمی کوردستان وەک ناوەندی پرسی کورد لە جیهان و ناوچەکەدا سەیر بکرێت.

٢.  گەشەپێدانی ئابووری:

   – هاندانی وەبەرهێنان: بەشداریکردن لە کۆنفرانسی میونشن دەرفەتێکە بۆ هاندانی وەبەرهێنانی بیانی و داوەتکردنی کۆمپانیا و پیاوانی کار بۆ هەرێمی کوردستان. ئامادەییی هەرێمی کوردستان لەم کۆنفرانسەدا، دەکرێت هاندەر و “مارکێتینگ”ێک بێت بۆ ئەوەی سەرنجی وەبەرهێنانی بیانی بۆ هەرێمی کوردستان ڕابکێشێت؛ نەک هەر ئەوە بەڵکوو بۆ ئەوەی وەبەرهێنانی بیانی تەنیا چاوی لەسەر عێراق نەبێت و هەرێمی کوردستانیش ببینێت وەک قەوارەیەکی سیاسی و ئابووریی گەشەکردوو لە عێراقدا.

   – پەرەپێدانی پیشەسازی و بازرگانی: ئامادەییی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لەم کۆنفرانسەدا، دەتوانێت وەک مارکێتینگ و متمانەیەک بێت بۆ ڕەخساندنی هەلی گەشەپێدانی پیشەسازی و بازرگانی لە هەرێمی کوردستاندا، بەتایبەت لە بواری نەوت و وزە و گەشتوگوزار و کشتوکاڵ. ئەم ئامادەیییە سیاسی و دیپلۆماسییە، بێ گومان کاریگەریی لەسەر ڕوانگە و متمانەی کۆمپانیا پیشەسازی و بازرگانییەکان دەبێت لە هەمبەر هەرێمی کوردستان.

٣. پاڵپشتی لە ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی:

هەرێمی کوردستان، سەڕەرای سنوورداریی پێگە سیاسییەکەی، بەڵام بەشدارێکی سەرەکی بووە لە پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی و هەرێمیدا. ئەم بەشدارییەیش لە ڕێگەی هێزە نێودەوڵەتییە سەرەکییەکانەوە بووە؛  بەڵام ئەو بەشداربوونە بەتەنیا بەس نییە ئەگەر پیشانی جیهان نەدرێت و لە سەکۆ جیهانییەکان هاوبەشیی پێ نەکرێت. نێچیرڤان بارزانی لەو سۆنگەیەوە بە بەشداری لەگەڵ سەرکردەکانی وەک ئەمریکا، بریتانیا، فەڕەنسا، ناتۆ و نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، ویستی بە جیهان بڵێت کە ئێمە وەک کورد بەشێک بووین لە هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی ئاسایشی جیهان. ئەمەیش دەتوانێت لە دوو ئاستدا وەبەرەهێنانی پێوە بکرێت.

   – هاوکارییە ئەمنییەکان: بەشداریکردن لەکۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، دەکرێت دەرفەتێک بێت بۆ بەدەستهێنانی پاڵپشتی و هاوکاری لە بواری سەربازی، بەتایبەتی هاوکارییە ئەمنییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتانی جیهان بەهێزتر بکات؛ کە ئەمەیش دەتوانێت ببێتە هۆی پاراستنی ئاسایش و ئاشتی لە هەرێمی کوردستان لە ناوچەکەدا. بۆیە سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە زۆربەی کۆبوونەوە و دیدارەکانی لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا دووپاتی کردەوە کە پێویستە هاوکاریی هەرێمی کوردستان بکرێت لە دژی سەرهەڵدانەوەی تیرۆر، بەتایبەتیش کە داعش تا ئێستایش مەترسیی سەرەکییە. هەر بەم بۆنەیەیشەوە سەرۆکی هەرێمی کوردستان داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەتایبەتیش ئەمریکا کرد کە هێزەکانیان لە عێراق و سووریا نەکشێننەوە؛ ئەمە لە ڕاستیدا گەورەترین پشتیوانییە بۆ ئاسایشی ناوچەکە و هەرێمی کوردستان.

   – ڕێگەگرتن لە ناکۆکییەکانی ناوچەکە: پەیوەندییە دیپلۆماسی و نێودەوڵەتییەکان دەتوانن ڕۆڵێکی گرنگ ببینن لە ڕێگەگرتن لە ناکۆکییەکان و دەستپێکردنی گفتوگۆی ئاشتی. سەرۆک نێچیرڤان ئەم کۆنفرانسەی بە دەرفەت بینی بۆ پاراستن لە بەرژەوەندییەکانی پرسی کورد لە سووریا و تورکیا، کاتێک بەڕاشکاوی وتی: “ئێمە لە سووریا فاکتەری سەقامگیری دەبین و داوا لە برا کوردەکانمان دەکەین خۆیان بە خاوەنی سووریای نوێ بزانن.” هەروەها لەبارەی باکووری کوردستانیش وتی: ” لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا باسی ئەم پرۆسەیەمان کردووە و، هەست دەکەم تورکیا زۆر بەجددی هەوڵ دەدات ئەم پرۆسەیەی ئاشتی بەڕێوە ببات؛ پێویستە ئەم کێشەیە لە ڕووی سیاسییەوە بەئاشتی چارەسەر بکرێت. هیوادارین پەکەکە پێشوازی لە بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بکات.”
 ئەم پەیامانە هەمووی دەچنە قاڵبی پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە و ڕەخساندنی دەرفەتی ئاشتی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، بەتایبەتیش کێشەی گەلی کورد لە ناوچەکەدا. بەتایبەت بارزانی بەئاشکرا وتی کە “کاری لەپێشینەی ئێمە لە سووریا ئەوە بووە، چۆن برایانمان لەوێ بپارێزین. لەوەیشدا سەرکەوتوو بووین.”

٤.  لە ئاستی کەلتووری و بەها مرۆیییەکان:

   – ناساندنی کەلتووری کوردی: بەشداریکردن لە کۆنفرانسەکان ئەگەرچی بەزۆری پەیامی سیاسی و دیپلۆماسیی هەیە بەڵام لە هەمان کاتدا بۆ نەتەوەیەکی وەک کورد، دەکرێت دەروازەیەکیش بێت بۆ ناساندنی کەلتووری کوردی و مێژووی کوردستان بە جیهان؛ کە ئەمەیش دەتوانێت ببێتە هۆی زیاتر ناسراویی پرسی کورد و مێژووی کوردستان. ئەم بوارە تا ئێستا وەک پێویست گرنگیی پێ نەدراوە، بەڵام دەکرێت لە ئاییندەدا کاری باشتری لەسەر بکرێت.

   – پێشخستنی مافەکانی مرۆڤ: ئەم کۆبوونەوانە دەتوانن دەرفەتێک بن بۆ پێشخستنی مافەکانی مرۆڤ و دیموکراسی لە هەرێمی کوردستان، بەتایبەت لە ڕێگەی کارکردن لەگەڵ ڕێکخراوەکانی بواری مافی مرۆڤ و پاراستنی مافی ئافرەت و منداڵان و، هەروەها ڕێکخراوە ژینگەپارێزەکان و بواری کۆمەڵگەی مەدەنی کە هەرێمی کوردستان پێویستیی زۆری پێیەتی. ئەم پرسانە بەشێکن لە ڕوانگەی تایبەتی نێچیرڤان بارزانی بۆ پرۆسەی حوکمڕانی و دەوڵەتداری لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکەیشدا.

٥.  کاریگەریی لەسەر پەیوەندییە ناوخۆیییەکان:

   – پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا: بەشداریکردن لە کۆنفرانسەکان دەتوانێت پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵیی عێراق باشتر بکات و دەلیڤەی زیاتر بکاتەوە کە بۆ گفتوگۆی نێوانیان هاندەر بێت. ئامادەییی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسی میونشن و ئەنجامدانی ئەو هەموو دیدار و پەیوەندییە دیپلۆماسییە، بێ گومان ئەو ڕووە پیشانی عێراق دەدات کە هەرێمی کوردستان پێگەیەکی بەهێزی دیپلۆماسیی هەیە و وڵاتان مامەڵەی لەگەل دەکەن، بەتایبەت کە سەرۆک نێچیرڤان زۆر بەئەرێنییەوە باسی پەیوەندیی عێراق و هەرێمی کوردستانی کرد و وتی، پەیوەندییەکانی هەردوو لا لە دۆخێکی زۆر باشدایە، نەک دەرگەی ناکۆکی بەسەر پەیوەندییەکانی هەردوو لادا بکاتەوە.

   – پشتگیریی ناوخۆیی: ئەم کۆبوونەوانە دەتوانن پشتگیریی ناوخۆیی بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەهێزتر بکەن، بەتایبەت لە ڕووی سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە. بەشداریی سەرۆکی هەرێم لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، لە ئاستی ناوەخۆییشدا ئەو پەیامە دەدات کە هەرێمی کوردستان و پرسی کورد پێگەیەکی باشی لە پەیوەندییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکاندا هەیە؛ بەتایبەت کە گوتاری سەرۆکی هەرێم لە کۆنفرانسەکەدا گوتارێکی نیشتمانی و کوردانە بوو و، چاوی لەسەر یەکڕیزیی نیشتمانی بوو، دوور لە هەموو جیاکاری و ناکۆکییەكی حزبی لە ناوەخۆدا. نێچیرڤان بارزانی لەو کۆنفڕانسەدا، توانیی نوێنەرایەتیی هەموو هەرێمی کوردستان بکات.

بەکورتی؛ بەشداریی نێچیرڤان بارزانی لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، بەتایبەتیش کۆنفرانسی ئەمساڵ (٢٠٢٥)، دەتوانێت کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر پێگەی هەرێمی کوردستان هەبێت، لە ڕووی سیاسی، ئابووری، ئاشتی، کەلتووری و کۆمەڵایەتییەوە. ئەمە دەتوانێت هەرێمی کوردستان وەک یەکەیەکی گرنگ لە ناوچەکە پیشان بدات؛ بە جۆرێک کە وڵاتان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان ئامادە بن مامەڵە و ڕاوێژی لەگەڵ بکەن. ئەم ئامادەیییە جۆرێکە لە “مارکێتینگ” و “لۆبیکردن” بۆ هەرێمی کوردستان و گەلی کورد لە ناوچەکەدا. ئەمە کەم نییە بۆ قەوارەیەکی نادەوڵەتیی وەک هەرێمی کوردستان لە ناوچەیەکی پڕتەنگژە و ململانێی هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان بتوانێت سەرنجی هێزە سەرەکییەکانی جیهان بۆ خۆی ڕابکێشێت. ئەم هەوڵە دیپلۆماسییانە بۆ ئێستا و ئاییندەی پێگەی هەرێمی کوردستان، زێدە پێویستن.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP