دواین هەواڵ

جووتیارە ئازاکانی کەرکووك دەبنە هەوێنی دەرفەتێکی تر ...

‌ئەبوبەكر كاروانی

2 رۆژ پێش ئێستا

پێم وایە وێنەکانی ئەم یەك دوو رۆژەی نێوان سووپای عێراق و جووتیارە ئازاکانی کورد لە کەرکووك و پێداگریان لەسەر گێرانەوەی زەوییە داگیرکراوەکانیان، لە ناخەوە زۆرمانی هەژاندبێت. هەندێ دیمەنیش کەسووکایەتی بۆ هەندێك لەجووتیارەکان تێدا بوو، دەبێت هەریەك لە ئاستی خۆمانەوە بەشی خۆمان هەستمان کردبێت و ئەوجووتیارە یاخوود جووتیارانە لەو ساتەوەختەدا بەرجەستەی رۆحی دەستەجەمعیی نیشتیمانیمانیان کردبێت، چوونکە هەست بەسووکایەتی کردنی ئەخلاقی و نیشتیمانی، پاڵنەرو وروژێنەری هەستی کەرامەت پارێزییە، کەرامەتێك کە دەمێکە خۆمان و بەرامبەرەکانمان بەشداری لە خەواندن و ناچالاک کردنی دەکەین.

ئەمن وادەبینم دەبێت ئەوەی روویدا نەهێڵرێت هەروا بەئاسانی تێپەرێت و وەك دەرفەت سەیر بکرێت ومامەڵەی لەگەڵ بکرێت، ئەگەر کەرکووك هیچ خاوەندارییەکی راستەقینەی لێدەکرێت، دەبێت بەزووترین کات لەسەر ئاستی فراکسیۆنە پەرلەمانییەکان و وەزیرەکانی بەغدا، حکومەت و سەرۆکایەتی هەرێم، پارێزگارو ئەنجوومەن و ئیدارەی شارەکەو پارتە سیاسییەکان، هەوڵ و هەنگاوەکان بەئاقاری پیادە کردنێکی وەک خۆو سەربەرزانەی ئەوەی لە پەرلەمانەوە دەرچووە یەک بخرێن. ناڵێم پەنا ببرێتە بەر کاردانەوەی حساب بۆنەکراو، بە پێچەوانەوە دەخووازم بڵێم دەبێت بەشی خۆی تێگەیشتنمان بۆ بەشێك لەو هەڵچوون و کاردانەوەو رێگریانەی بەرامبەر جووتیارەکانمان دەکرێت هەبێت ونەهێڵین دۆسییەکە بەلارێدا ببرێت وپرسی نوێ بهێنرێتەکایەوە، چوونکە پرسەکە مێژوویی و ئاڵۆزەو بەرژەوەندی جۆراوجۆرو ململانێی سیاسی و حیزبی تێکەڵ بووە. بەڵام نابێت بەهیچ جۆرێك وبەهیچ پاساوێك جووتیارەکان بێ خاوەن بەجێ بهێڵرێن، سازش لەسەر گێڕانەوەی زەوییەکان بکرێت، مل بۆ رەفتارە نادەستوورییەکانی سووپای عێراق کەچ بکرێت، کە پێچەوانەی ئەرکە دەستووری و پیشەیی و نیشتیمانییەکانیەکانییەتی، دەستێوەردان لە دۆسییەکدا دەکات، جگە لەوەی هەر لە بنەرەتەوە بۆی نییە دەستێوەردانی تێدا بکات ، چوونکە ئەگەر کێشەیەکیش هەبێت کاری پۆلیسە دەستێوەردان بکات نەك ئەو، سەلماندیشی نەیتووانی بەرووحییەتی سووپایەکی نیشتیمانی لە ناوچەیەکی هەستیاردا رەفتار بکات.

لەروویەکی ترەوە ئەمەی روویداوە، پەیوەندی بەخاکەوە هەیە، بەشێوەیەکی قانوونی زەووی و زارێکی زۆری داگیرکراوی کورد دەگێرێتەوە بۆ خاوەنەکانی، کە دەبێتە پیادەکردنی هەندێ ئاستی ماددەی پەکخراوووی (١٤٠)ی دەستوور.

جگەلەوەی بەشێ لە ژێرخانی مێژوویی بوون وڕەوایەتی و مانەوەی عەرەبی هاوردە لاواز دەکات،ئاستی متمانە بەخۆبوون و ورەی جووتیارو کورد بەگشتی لەناوچەکەدا بەهێز دەکاتەوە رەوایەتی دەدات بەگووتارێکی مێژوویی دەیان ساڵەی ناسیۆنالیزمی کوردی دەربارەی تاوانی بەعەرەب کردن و داگیرکردن و هەوڵە بەرنامە بۆ دارێژراوەکانی حکومەتە یەک لەدووای یەکەکانی عێراق بەمەبەستی گۆرینی دیمۆگرافیاو ناسنامەی نەتەوەیی پارێزگاکە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP