لە دواى سەدەیەک لە بە زۆر لکاندنى نەتەوە و نیشتیمانى کوردان بە عێراقەوە و 22 ساڵیش لە ڕووخانى ڕژێمى بەعس لەگەڵ ئەوەى دەستوورێکى هەمیشەی لە ساڵى 2005 نووسراویەوە کە پەیوەندى بە ماف و بەرپرسیاریەێتى و بوون و نوێنەرایەتیکردن جیاوازییەکانى داڕشت ، بەڵام نەک هەر سوود و قازانجى نەبوو بەڵکو ئاگرى ململانێى و ناکۆکییەکان قوڵتر و زیندوو هێشتۆتەوە و جگە لە پێشێڵکارى هەوڵەکان لە چوارچێوەى گەڕاندنەوەى دەسەڵاتێکى ناوەندگەڕایی مەزهەبی بووە .
ئەوەش وایکردووە کەناکۆکییەکان و کێشەکان رۆژ بە رۆژ زیاتر کەلەکە بن و پەیوەندییە نەتەوە وپێکهاتەکانى نێو عێراقى دروستکراو زیاتر بەرەو ئاڵۆزتر بوون برۆن ، ئەوە لە ماوەى 20 ساڵى رابردوو بینراوە و هەستى پێدەکرێت بە هیچ هەنگاوێک و نییەتێکى ڕاستەڕێیکردن و چارەسەرى بەدى ناکرێت و ئەوەش نەک تەنها بە پێکهاتەکانى تر بەڵکو بە گەلى کورد و کوردستان زیاتر ئاستەنگى دروستکردووە و چونکە هەموو رۆژێک دەسەڵاتدارانى عێراق بیانوو و خواستێکى ناڕەوا پیادە دەکەن ، هۆکارەکەش ئەو زێهینیەتە مەزهەبى وتایفى زۆرینەیە کە هەندێک هێزولایەن هان دەدات تا کۆسپ و لەمپەر لە پێش پێشکەوتنەکانى هەرێمى کوردستان دروست بکەن و یانیش ماف و شایستە یاسایی و دەستوورییەکانى وەک کارتێکى فشار بۆ ئازاردان و ناچارکردن خەڵکى کوردستان بۆ ویستە ناڕەواکانیان بەکاربهێنن .
گەلى کورد لە ماوەى 22 ساڵى رابردووى پاش رووخانى ڕژێمى بەعس، سەرەڕاى ئەوەى بونیاتنەرى عێراقى نوێى بوو و قوربانی زۆرى لە پێناودا بەخشسى و هەوڵ و کۆشیشى لە پێناو ئەوە بوو تا کو سیما و جەوهەورى ئەو گۆڕانکارییە لە پێناو نەهێشتنى پەردەى تاریکى ستەمکارى ودیکتاتۆرى و تاکڕەوى بوو لە سەر گەلى کوردو پێکهاتەکانى ترى عێراق و هەروەها ، عێراق بگەێنێتە سەر ڕاستەڕێی ئاشتەوایە و دروستکردنى دەوڵەتێک کە باوەرى تەواوى بە جیاوازییە نەتەوەیی و ئایینى و مەزهەبییەکان هەبێت و لە سەر بنەماى هاوبەشى و سازان و هاوسەنگى کار بکات بۆ یەیەکلاکردنەوەى ململانییەکان ڕێگەى نادیموکراسى و چەک و گەمارۆدان ڕق و کینە وتیرۆر و سیاسەتى برسیکردن نەگیرێتەبەر. لەو پێناوشدا گەلى کوردو سەرکردایەتییەکى هەوڵى زۆریان دا و بینى و بە رۆحێیکى برایانە و لێبوەردەیی و پێکەوەژیان لاپەرەیەکى نوێیان هەڵدایەوە ، ئەوە نە بە واتاى لاوازبوون بوو، بەڵکو لە پێناو ئەوەیە کورد بیسەلمێنێت هەمیشە دەرفەتى ئاشتى و پێکەوەژیان هەمیشە پێشەنگە ، بەڵام ئەوەى جێگەى داخە و بینرا و لەم قۆناغەشەدا شێوازێکى نوێى و مەترسیدار دووبارە خۆى نواندەوە ، کە خراپتر لە هەنگاو و قۆناغەکانى ڕژێمە شکستخواردووەکانى پێشووى عێراق سیاسەتى دژایەتى و تاکڕەوى و فاشیزمى و ئاگر وئاسنى پیادەکردەوە .
مێژوو گەواهیدەر لە رابردووى شۆڕشەکانى گەلى کورد و بەتایبەت شۆڕشى مەزنى ئەیلوول بە رابەرایەتى مستەفا بارزانى ، هەوڵى زۆر لە پێناو چەسپاندنى دیموکراسى و ئاشتى و پێکەوەژیان ژیان درا بەڵام هەر جارەو بە پیلان و تیرۆر و سیناریۆیەک وەڵام دەدرایەوە ، بەهەمان شێوەیە لە عێراقى نوێیشدا , گەلى کورد زۆرترین خەباتى سیاسى و دەستوورى ئەنجامدا و دەستى ئاشتى زۆرى هەبوو ، ئەوەى ئێستاش دەگوزەرێت ، پەیوەستە بە وانە و دووبارەبوونەوەى مێژوو ، لەکاتێکدا عێراق لە نێو کۆمەڵێک قەیران و کێشەى قوڵدایە ، هەرکاتێک دەرفەتێکى بۆ رەخسابێت ئەو بە ئاگر و ئاسن وەڵام و ئازارى گەلى کوردى داوە ، بۆیە ، کاتى ئەوە هاتووە کە گەلى کورد و هێزولایەنەسیاسییەکان ئامادەى ئەوە بن لە گۆرانکارى و پێشهاتە نوێیەکاندا کاتێک دەرفەتێک هاتە پێشەوە ، مافەرەوا پێشێڵکراوەکانیان بەدەست بێنەوە ، چونکە دەسەڵاتدارانى عێراق سەلماندیان هەرگیز واتاى هاوبەشى و پێکەوەژیان و ئاشتى و دیموکراسى نازانن و باوەریان بە مافەرەواکانى گەلى کورد و دەستوور نییە ، بەڵکو خەونى ئەوان دژایەتیکردنى کوردستان و ڕێگریکردن لە گەشەسەندن و پێشکەوتنەکانى ئەم گەل و قەوارەیەو هەرگیزیش نابنە جێگەى متمانەى کوردستان .