ئەگەر لە عێراق کەمینەی سونە مەزهەب هەتا رووخانی سەدام بەرێوەبەری زۆرینەی شێعە مەزهەبیان دەکرد ئەوا لە سوریا کەمینەی عەلەوی بەرێوەبەری زۆرینەی هەشتادوپێنج لە سەدی سونەکانی سوریا دەکەن بە هەر حاڵ دەسەڵاتی سەدام و بنەماڵەی ئەسەد دواین یادگاری و پاشماوەی سیستمی سایکس پیکۆیە کە بە شێوەی ئامانجدار بناخەی دووبەرەکی و تووندئاژۆیان بۆ هەتاهەتایە پێکهێناوە. دوای رووخانی سەدام و لە ئیستەشدا هەرەشەکانی سەر بەشار ئەسەد پەیامێکە بۆ تێکشکانی تەختە سەهۆڵی ریئال پۆلیتیکی ناوچەکە.
بێگوومان لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا دیموکراسی و مۆدیرنیزاسیۆن سەقامگیر نابێت مەگەر دوای قۆناخێکی درێژمەودای شەڕ و پێکدادان. بە کورتی تێپەراندنی قۆناخی نوێ قەت با ئاشتی نابێت. ئەزموونی شەرە ناوخۆییەکانی ئورووپا
(سەردەمی ویستفالیا ) لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا بە شێوەی کاتبەر دووپات دەبێتەوە. هۆکاری سەرەکی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ئیستە و داهاتووی ناوچەکە پێوەندی راستەوخۆی بە سیاسەت و سیستمە سەقەت و ناتەندرووستەکانی رابردووە هەیە کە هەمیشە دارەدەست و دەستنیشانکراوی دەستی دەرەکی بوون و سەربەخۆیی بریاردانیان نەبووە. دەسەڵاتە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەراست بە راست و چەپەوە نە باوریان بە کرانەوەی سیاسیی هەبووە و نە جورئەتی خولقاندنی ئەو ئەزموونەیان هەبووە و هەیە.
بارودۆخی پێکهاتوو لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا خاڵی دەسپێکی سیستمی رۆژهەڵاتی نوێیە کە ئیسرایل بە توندی پاڵپشتی دەکات. بێجگە لە دارشتنەوەی سیستمی رۆژهەڵاتی نوێ جۆرێک دابەشکاری زلهێزەکان بە پێی بەرژەوەندی خۆیان لە ئارادایە. ئەگەر لە سەد ساڵی رابردوودا جیهان بە سەر دوو بلووک یا جەمسەری رۆژهەڵات و رۆژئاوادا دابەش ببوو ئەوا ئیستە دابەشکارییەکە گۆراوە بۆ باکوورییەکان و باشوورییەکان. باکوورییەکان وڵاتانی پێشکەوتووی جیهانن کە چین و روسیاش دەگرێتەر بەر، وڵاتانی باشووریش بریتیین لە وڵاتانی جیهانی سێهەم کە خاوەنی تایبەتمەندییەکانی وەک دەوڵەتی نادیموکراتیک و لەرزۆک، حەشیمەت و خاکی بەرفراوان، سەرچاوەی ماڵی و مرۆیی لە رادەبەدەر و تاد،،،، .
بە کورتی شەری روسیا و رۆژئاوا لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا شەری بەرژەوەندی و بەشی زیاترە، واتە بریار ئەوەیە کە دابەشکارییەکان لە ئیستە بەدواوە بە پێی هەڵکەوتی جوغرافیایی باکوورییەکان و باشوورییەکان بە شێوەی ئەستوونی دەست پێبکا. ئاڵۆزییەکانی ئەو دواییانەی سووریا رێک و راست پێوەندی بەو دوو بیرۆکەوە، واتە "رۆژهەڵاتی ناوەراستی نوێ " و " دابەشکاری باکوورییەکان و باشوورییەکان"وە هەیە. لە دوای سەرهەڵدانی داعش بە راستی شکۆ و هەیمەنەی بەرەی سونە مەزهەب هەم شکا و هەم لە لایەن بیرورای گشتی جیهانییدا ناشیرین کرا. گەرچی سونەکان لە سووریا زۆرینەن بەڵام بە هۆی نایەکریزی و گروپە دژ بە یەکەکانەوە هێزی مانۆردانیان لاواز بووە. سەرهەڵدانی تەحریر و شام و باقی گروپە سوونەکان، لە پێشدا پێوەندی بەو بۆشایی و شکستە گەورانەی بەرەی شێعەوە هەیە لە ناوچەکەدا و هەم بە ئاڵۆزکردنی وڵات بەستەر بۆ پێکهاتنی جۆرێک باڵانس و هاوکێشی لە نێوان "سونە"، "کورد" و "عەلەوی و شێعە"کاندا لە چوارچێوەی سیستمێکی فیدراڵ لە داهاتوودا درووست دەبێت . ئاڵۆزییەکانی سوریا هەر وەک بە ئاقارەکاندا دیارە راستەوخۆ پێوەندی بە پلانی ئیسرایل و چرا سەوزی ئەمریکا و پاشان دەوڵەتی تورکیا وەک جێبەجێکار هەیە. روسیا و ئێران بە توندی دژی بەرەی سونە مەزهەب بۆتەوە چوونکا لە هیچ بوارێکەوە لە بەرژەوەندی ئەواندا نیە. دیارە تورکیا بەو رێکەوتنە نەهێنییە لە گەل ئیسرایلدا دوو مەبەست و ئامانجی لە بەرنامەدایە.
یەکەم: بەرتەسک یا لاوازکردنی دەسەڵاتی خۆسەر۰
دووهەم: زیاتر کردنی هیژموونی لە نێو بەرەی سونەدا و هێنانەدی خەونی ئیمپراتۆری عوسمانیزم
بە خوێندنەوەی قوڵی بارودۆخ و روداوەکان پێویسته دەسەڵاتی خۆسەر هەم چوارچێوەی دەسەڵاتەکەی بپارێزێ و هەم هەتا بۆی دەکرێت خۆی لە شەری گروپە سونییەکان لە ئیستەدا و چوونە نێو بەرەی روسیا دوور بگرێت. پریشکی شەری سوریا کوردەکانی حەلەب و ئەو سنوورە بە زۆری دەگرێتەوە، بێجگە لەوەش مەترسییەکی گەورەتر بە هۆی ئیحتماڵی رێکەوتنی تورکیا و دەوڵەتی ترەمپ و دوور کەوتنەوە لە روسیا، رووبەرووی دەسەڵاتی خۆسەر بە گشتی دەبێتەوە.