بڕی تەرخانكراو تەنها بۆ موچەی هەرێم لەناو بوجەی عێراق لەهەردو بەشی (قەرەبوی فەرمانبەران و چاودێری كۆمەلایەتی) بریتیە لە 11 ترلیۆن و 576 ملیار دینار.
بەپێی ڕاپۆرتەكانی وەزارەتی دارایی عێراق تاكو كۆتایی مانگی ئەیلول تەنها نزیكەی 7 ترلیۆن 800 ملیار لەو تەرخانكراوانە دراوە بەهەرێم. كەچی دەوترێ بەشی تەرخانكراوی موچەتان تەواو بوە.
ئەوتری هۆكاری ئەم تەواوبونە بۆ ئەوە دەگەڕیتەوە كە بەغدا لەسەر بنەمای خەرجی فیعلی تەمویلی موچەی هەرێم دەكات نەك لەسەر بنەمای تەرخانكراوەكان.
بابزانین ئەگەر كارەكە بەو جۆرە بێت و ستەمی پێوەری خەرجی فیعلی خرابێتەوە كار حسابەكە چۆنە؟
بەپێی ڕاپۆرتەكانی وەزارەتی دارایی عێراق، ناوەندی ڕێژەی خەرجی فیعلی مانگانە لە تەرخانكراوەكانی موچە بەهەردو بەشی(قەرەبوی فەرمانبەران و چاودێری كۆمەڵایەتی) بۆ نۆ مانگی ڕابورد لە هەمو عێراق بریتیە لە 92.3%.
بڕی تەرخانكراو بۆ موچەی هەرێم لە یاسای بودجەدا لەهەردو بەشی (قەرەبوی فەرمانبەران و چاودێری كۆمەلایەتی) بریتیە لە 11 ترلیۆن و 576 ملیار دینار.
%92.3 ی ئەو تەرخانكراوانە دەكاتە 10 ترلیۆن و 684 ملیار دینار، كە ئەگەر بەپێوەری خەرجیی فیعلیش بێت هیشتا دەبێ بۆ ئەمساڵ ئەو بڕە بدرێتە هەرێم بۆ موچە.
كەچی تاكو كۆتایی مانگی ئەیلول نزیكەی 7 ترلیۆن 800 ملیار دراوە بەهەرێم بۆ موچە، دەیشوترێ تەرخانكراوتان لەو بەشە تەواو بوە.
خۆ ئەگەر دەوتری تەنها خەرجیی فیعلی پارێزگانی عێراق دەكرێتە پێوەر بەوەیش ئەنجامەكە زۆر جیاواز نابیت.
خۆ ئەگەر ڕیژەی خەرجیی فیعلی لەسەر ئاستی كۆی بودجەكە دەكرێتە پێوەر، ئەوا حسابەكە بەم جۆرە دەردەچی:
هەر بەپێی ڕاپۆرتەكان ڕێژەی خەرجكردنی فیعلی لەسەر ئاستی كۆی بودجەكە 59.71%ە . لەبەر ئەوەی ڕێژەی خەرجكردنی بەشەكانی وەبەرهێنان و بەگەڕخستن(جگە لەموچە) زۆر زۆر كەمە، بۆیە ڕیژەی خەرجكردنی گشتی دادەبەزێتە ئەو ئاستە.
كۆی تەرخانكراو بۆ هەرێم بەگشتی لە بودجەی عێراق بریتیە لە 20 ترلیۆن و 910 ملیار دینار.
%59.71 ی كۆی ئەو بڕە دەكاتە 12 ترلیۆن و 485 ملیار دینار كە دەبێ بۆ كۆی ساڵەكە بدرێتە هەرێم، تەنانەت ئەگەر بەوجۆرەیش حسابی لەگەڵ بكرێ، كەچی تاكو ئێستا كەمێك لەنیوە زیاتری ئەو پارەیە دراوە بەهەرێم ئەویش تەنها بۆ موچە بوە.
مانگێك زیاتریشە هەوڵ و كۆششە جۆراو جۆرەكان بە داواكاری موناقەلەیشەوە نەیتوانیوە چارەسەری گرفتەكە بكات.
جگە لەوەیش وەزارەتی دارایی عێراق دەڵی تاكو كۆتایی مانگی ئەیلول بۆ بەشەكانی تری بودجە( پێویستی كاڵا و كەلوپەل، پێویستی خزمەتگوزاتری، چاككردنەوە..هتد) نزیكەی 1 ترلیۆن و 59ملیار دینار. لەگەڵ 7 ترلیۆن و 800 ملیار بۆ موچە، بەكۆی گشتی بڕی 8 ترلیۆن و 859 ملیار دینار نێردراوە بۆ هەرێم.
لێرەدا ئەم پرسیارەیش دێتە پێشمان، ئایا ڕاستە هەرێم سەربارەی ئەوەی بۆ موچە وەری گرتوە بڕی زیاتر لە 1 ترلیۆن دیناریشی بۆ بەشەكانی تری بودجە وەرگرتوە؟؟ چونكە بەپێی ڕاپۆرتەكانی وەزارەتی دارایی عێراق ئەوەی لەسەر حساب كراوە.
هەرچەندە بەپێی ئەوەی لەسەرەوە باسكرا باوەڕم وایە هەرێم بەشی موچەی خۆی بەزیادەوەو ماوەو بەپێی بریارەكەی دادگای ئیتیحادیش نابێت هیچ بەربەستێكی بۆ دروست بكرێت. لەگەڵ ئەوەیشدا دەزانم دەق و بڕگە وتەڵەزگەكانی ناو یاساو بڕیارەكان لەبەغدا وا داڕێژراون كە هەركات بیانەوێ نیازی نەرێنیان بخەنەگەڕ ئەوا ئەتوانن بەجۆرێك خوێندنەوەیان بۆ بكەن و بەكاریان بهێنن كە هەرێم قەرزاریش بكەنەوە.